بەرهەمی گوێز کە ئێستا یەکێکە لە سەرچاوەکانی داهاتی دانیشتوانی تەوێڵە و بەشێک لە گوندەکانی هەورامان، لەژێر هەڕەشە و مەترسی لەناوچوندایە و بەکتریایەک بووەتە بەڵا بەسەر دارەکانەوە.
نەخۆشییەکی قڕکەرە، بە #لاڕەشە# ناسراوە، قڕکەرە و ئێستا لە تەوێڵە و بەشێک لە گوندەکانی هەورامان بڵاوبووەتەوە، تەنگی بە دار گوێزەکان هەڵچنیوە، کشتوکاڵی سنوورەکەش ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی چارەسەرە، بەڵام تا دێت نەخۆشییەکە زیاتر تەشەنە دەکات.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، نەخۆشیەکە بە ڕێژەی 20٪ بەناو دارگوێزەکاندا بڵاوبووەتەوە و لە پەلوپۆوە وشکی کردوون.
بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیەش، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی #هەڵەبجە# هەڵمەتێکی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە دەستپێکردووە و جۆری نەخۆشییەکەی دیاریکردووە.
نەخۆشییەکە بەشی خوارەی قەدی دارگوێزەکە لەژێر توێکڵەوە بە تەواوی ڕەش دەکاتەوە و بە ماوەیەک بەرهەمی دارەکە ناهێڵێت، دواتریش بە تەواوی وشکی دەکات.
هەرچەندە تا ئێستا هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە نەزانراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە چەند ساڵێکە لەڕێگەی بەکارهێنانی دەرمانەوە بەردەوامە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.
نەخۆشیەکە لەڕێگەیی سپۆرەکانی و ئاو هەواو لە باخێکەوە بۆ باخێکی دیکەش دەگوازرێتەوە، کە ئەوەش وایکردووە کۆنترڵکردنی تاڕادەیەک سنووردار بێت.
ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی زۆر لە باخەکانی هەورامان جیا لەوەی بۆ بەرهەمەکانیان سوودیان لێ وەردەگیرێت، بەمەبەستی گەشتیاریش سوودیان لێ وەردەگیرێت.
محەمەد حاجی ڕەشید باخەوانێکە لە ناوچەی سۆسەکانی هەورامان و دەڵێت، ساڵ بەساڵ نەخۆشیەکە تەشەنە دەکات و هیچ چارەسەرێکیش تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، داواش دەکات وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا.
لای خۆیەوە، ئەندازیار شەریف محمود، لێپرسراوی بەشی پاراستنی ڕووەک لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، نەخۆشیەکە بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
وتیشی، ساڵی 2018 بە تەواوی هەستیان بەبونی نەخۆشیەکە کردووە، هەر لەوکاتەشەوە تا ئێستا لیژنەکانیان دەستبەکارن بۆ دەستنیشانکردنی جۆری نەخۆشیەکە و دوای وەرگرتنی نمونەو پشکنینی لە تاقیگەی کشتوکاڵی هەڵەبجە، دەرکەوتووە کە دوو جۆر نەخۆشییە بە ڕۆکی دار گوێزەکانی گرتووە کە هەردووکیان کەڕووی بەکتریایین.
بەوتەی ئەو لێپرسراوەی کشتوکاڵ، نەخۆشیە بەکتریاکە پێیدەوترێت فایتۆسۆریا سپیش یان لاڕەشە.
دووپاتیشیکردەوە کە بەشێک لە باخەوانەکان پاپەند نەبوون بە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێنماییەکانی ئەوانەوە، بەڵام هەرچی بێت توانیویانە بەشێک لە نەخۆشیەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بەپێی ئامارەکانی کشتوکاڵی هەڵەبجە، نزیکەی 100 هەزار دار گوێز لە سنووری هەڵەبجە و هەوراماندا هەیە، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ئێستا باخەکانی هەورامان لەڕێی گەشتیارییەوە زیاتر سود بە خاوەنەکانیان دەگەیەنن نەک بەرهەمەکانیان.[1]
#06-05-2020#