کورتە چیرۆک
پیاوێک هێشتا نەمردووە
(نیهاد جامی)..
ڕاهاتن بە تریفەی مانگەشه و خولیایەکی چەندین ساڵەی منە، تۆ کاتێک لە تاریکستانێکدا بژیت ئەوسا نرخی سروشت تێدەگەیت. بۆنی ڕێحانەکان دەبنە خۆشترین عەتری دنیا، بەڵام کاتێک ماڵت لە گەڕەکێکی میللی بێت و سپێدان کە بە چاوی خەواڵوەوە دەتنێرن بۆ نان کڕین ئه و بۆنە هیچ ئاسەوارێک لە لات بەجێ ناهێلێت، بەڵکو شیرینەمەنییەکی مناڵان کە لە شێوەی ئۆتۆمۆبیل دروستکراوە نرخی زۆر لە ڕێحانەکان بەلاتەوە گرنگترە، خێرا پەلەتە نانەکە بەریتەوە ماڵەوە و زوو نان بخۆیت تاوەکو زوو پارەت پێبدرێت و بچیت ئه و شیرینییە بکڕیت، کە ڕەنگێکی پەمەیی و شێوەی لە ماشێنێکی فۆکس واگن دەچێت کە له و تەمەنەی مناڵی پێی دەڵێن قالۆنچە. تاوێک لێی ورد دەبیەوە زمان بە لێوارەکانیدا دێنیت، ئاو دەخەیتە جامی پێشەوەی بەشێکی دەتوێتەوە و دەڵێی لۆریەک خۆی پیاکێشاوە، ئیدی تا کاتی نانی نیوەڕۆ پێیەوە خەریک دەبیت، تا ئه و دەمەی دادە دەڵێت (دەی بڕۆ دەستت بشۆ و ئه و شەکرەش فڕێدە نان دەخۆین.) کاتێک دڵت نایەت فڕێی بدەیت لە تەنیشت قاپی برنجەکەوە دایدەنێیت تا دەستێک کە دەستی دایکە دەیخاتە ناو تەپڵەکی جگەرەی باوک جا پیاوم دەوێت غیرەت بکات داوای بکاتەوە.
ئێستا شەوانە تریفەی مانگ تامەزرۆی ساتی کڕینی ئه و شیرینییەی هەیە. کاتێک ڕووناکی مانگ دێتە ئه و ژوورە تاریکە تاوێک لە پەنجەکانم دەڕوانم دەبینم سیس بوون، مووی سەر پەنجەکانم سپی بوون بەوە دەزانم ساڵانێکی زۆرم لەم ژوورە تاریکە بردۆتەسەر هەر لە پەنجەرەی نیگای مانگەوە دەبێت خواردنەکە وەربگرم کە کیسێکی ڕەشیشی تیایە بۆ پیسایی کردن و پاشماوەی خۆراک.. نازانم بۆچی هەستدەکەم کە ڕووناکی مانگ دێتە ژوورەوە دەتوانم قسە بکەم، کەسێکیش لە شوێنێکیتر هەیە گوێی لە قسەکانم بێت.. ئێرە چەندە تاریکە هێندەش ئارام بەخشە، چۆن دەکرێت ساڵانێک تێپەڕێت و ڕیش و قژت تێکەڵ ببن و چاوەڕێ بیت شوێنەکان پێت نامۆ بن، ڕۆژێک بوو یان دەمه و عەسرێک چەند چەکدارێک لە دەرەوەی شار دەستگیریان کردم وەک گەوهەرێک بۆ گەورەکانیان لێیان دەڕوانیم بە ئەشکەنجەیەکی سەیرەوە سەر ماشێنەکەیان خستم. هەستم دەکرد سواری ماشێنە شەکرەکەی مناڵییان کردووم، لە ژوورێک بە بنمیچی پانکە هەلیان واسیم بە سۆندەی باخچەیەک کە پڕ بوو لە بۆنی ڕێحانە لە قاچەکانمیان ئەدا هێشتا دلۆپە ئاو لە سۆندەکە دەردەچوو. دەمزانی بە دەستی ژنێکەوە بووە، چونکە بۆنی ژن لە هەر شوێنێک بێت ناکرێت پیاوی عاشق نەیناسێتەوە، وام مەزەند دەکرد هەموو ژیانم تا ئه و ڕۆژەی دەمرم به و شێوەیە ئەشکەنجە بدرێم، بەڵام تەنیا لە کاتی گۆڕینی زیندانەکان ئەشکەنجەم دەبینی.. له و ساڵ و مانگەی هێنرام بۆ ئه و تاریکستانە ئیدی ئەشکەنجەم نەبینی، ڕەنگە بۆنی پیسایی و تاریکی شوێنەکە کەس قێزی نەیەت بێت ئه و پیاوەی پارچەیەکە لە پیسی بخاتە ژێر قامچی و دان بە شتەکانیدا بنێت، بەڵام دان بەچیدا بنێم، هەموو شەوێک لە شاشەی تەلەفزیۆن دەردەکەوتم و قسەم دەکرد.. کەس نەبوو من نەناسێت هەر وتارێک پڕ بوایە لە ڕق و شەڕ دەدرا بە من بیخوێنمەوە، کەچی کاتێک من ئەکتەر بووم کەس منی نەدەناسی کەس بۆی گرنگ نەبوو ئێمە دەمانویست شانۆی نوێ پێشکەش بکەین شتی نوێ ببەخشین.. ئه و دەمەی دەمویست کۆمەڵگایەک هۆشیار بکەمەوە کە گلۆپی ناو هۆڵ دادەگیرسا سێ دەقیقە چەپڵە باران دەکرام دوای ئەوە هەموو شتێک کۆتایی دەهات.. بۆ کەس گرنگ نەبوو من کێم؟ مەترسیش نەبووم بۆ کەس ئێمە خۆمان پێمان وابوو مەترسین بۆ سەر دنیاو دوژمن.. مەگەر بچووباین جنێومان بە زاڵمەکان بداایە. بەڵام له و ڕۆژەی قاچم خستە ناو تەلەفزیۆن و بوومە بێژەر بەتەنیا لایەنگرانی حزب نەبوون دەمیانناسی، بەڵکو لایەنگرە دوژمنەکانیشمان وەک وا ناومان دەبردن ئەوانیش منیان دەناسی.. کەس نەیدەزانی پێشتر من ئەکتەرێکی گرنگ بووم، بەڵام هەموو دەیانزانی بێژەرێکی حزبیم دۆستی لایەک و دوژمنی ئەوانیتر بووم، ئەوەتا چەندین ساڵ و ڕەنگە بەپێی دەستبردنم بۆ قژ و ڕیشم تێبگەم زۆر لە مێژە لێرەم.. تەنانەت ناوی خۆشم بیر نایەتەوە.. تاریکی ئاسمان بەره و کۆتایی دەڕۆیشت و کازیوە هەڵدەهات و له و ساتەشدا چێژی لە بینینی تیشکی خۆر دەبینی دوای ئەوە وەک ئاڵوودەبوونی هەمیشەیی دەخەوت تا ئه و کاتەی تیشکی مانگ دەهاتەوە ژوورەوە، خەریک بوو چاوەکانی لە بەرامبەر تیشکی خۆرەکە نەدەکرایەوە لەبەر خۆیەوە کەوتبووە بڵمە بڵم و پەنجەی شایەتمان و پەنجەی ناوەڕاستی بە سمێڵیدا دەهێنا وەک ئەوەی شتێک یا خورشتێک لەژێر سمێڵی بێت کە لەڕاستیدا مێروولەیەک لەوێ بوو خەریکی زاوزێ کردن بوو خۆشی چەند ڕۆژێکە هەستی بەوە کردووە بۆیە پێکەنینێک دەکەوێتە سەر ڕوخساری و دەڵێت (دەی ئیدی تەنیا نابم هەر نەبێت بۆ چەند ڕۆژێک باوەشێک مێروولە دەبنە میوانم.) تاوێک لە خۆی ڕادەمێنێت، بیرمە لە ساڵانی یەکەم ڕۆژێک ڕۆژنامەیەکیان خستە بەردەمم کە چۆن چیرۆکی کوشتنم لەلایەن تاقمێکی چەکدارەوە باسکراوە، پێشتریش هەواڵی مەرگی خۆم لە کەناڵێکی تەلەفزیۆن بینی ئه و کاتە لەگەڵ چەند کەسێکیتر لە زیندانێکی پێکەوەیی بووین.. بۆیە من لەلای خەڵکی مردوویەکم کەچی ئەوەتا هێشتا دەجووڵێم سوودم بۆ مێروولەیەکی مێ هەیە دەتوانێت بمکاتە ماڵی خۆی، ئەمە مانای وایە هێشتا زیندووم و نەمردووم.. وەک ئەوەی شتێکی بیرکەوتبێتەوە، ئائا زیندووم و نەمردووم نەک هەر ئەوەش خەریکە شتیتریشم دەکەوێتەوە بیر نانا خەیاڵم هێشتا چالاکە بیرمە جاران چ ئه و ڕۆژانەی ئەکتەر بووم چ کاتی بێژەری خەڵکی بەناوێک بانگیان دەکردم منیش وەک هەر کەسێکیتر ناوێکم هەبوو بیرمە ناوم
کەریم عوسمان بوو.[1]
Tämä tuote on kirjoitettu (کوردیی ناوەڕاست) kieli, klikkaa kuvaketta
avata kohteen alkukielellä!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Tämä tuote on katsottu 1,545 kertaa
Kirjoita oma kommenttisi tuote!