تۆڕی میدیایی ڕووداو لە 9یەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ 9 ساڵ بە سەر دەستپێکردنی پەخشی تۆڕی میدیایی ڕووداودا تێدەپەڕێت. ڕووداو وەک هەمیشە پیشەییبوون لە کارکردن وەک ڕێڕەوی کاری خۆی و، پاراستنی متمانە و باوەڕی خەڵک بە کار و بەرهەمی بە ئامانجی خۆی دادەنێت و لێی لانادات.
گواستنەوەی زانیارییەکان بە دروستی و هەمەلایەنە، شێوەی کارکردنی ڕووداوە بۆ هەموو ڕووداوەکانی کوردستان و ناوچەکە و جیهان. ئەمە لە 9 ساڵی ڕابردووی کارکردنی ڕووداودا لە ڕووداوەکانی ناوخۆی کوردستانەوە تاوەکو شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا ڕەنگیداوەتەوە. بەداخەوە لە ساڵی ڕابردووشدا بەربەست و قەدەخەکارییەکان زۆربوون لەبەردەم کاری میدیایی ڕووداو دا، بەڵام بە ژیری و لێزانی هاوکارانی، هەموو ئەو بەربەستانەش نەیانتوانیوە خزمەتگوزاری گەیاندنی زانیارییەکان و شرۆڤەکردنیان لە ڕووداودا بوەستێنن.
تۆڕی میدیایی ڕووداو، بەردەوامە لە زیادکردنی کاری هاوبەش لەگەڵ ناوەند و ئاژانسە گەورە جیهانی و ناوچەییەکان. لە ساڵی ڕابردووش دا سێ ڕێککەوتنی هاوکاری و کاری هاوبەشی لەگەڵ سێ ئاژانس و ناوەندی گرنگی میدیایی واژۆکردوون لە ئەوروپا و ئاسیا، هەروەها هاوبەشییەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی وەک گووگڵ و مێتا فراوانکردووە. لە ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە بەرهەمەکانی ڕووداو لەلایەن چەندین ئاژانس و دەیان دەزگا و تەلەڤزیۆنی جیهانی بڵاوکراونەتەوە.
رووداو لە ساڵی تازەی کارکردنیدا بایەخێکی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەدات و، پێشکێشکارێک و تیمێکی تایبەت بە شێوەی مەیدانی بەردەوام کاری لەسەر دەکەن. هەروەها دوای نەمانی داخستن و ڕێکارەکانی پەتای کۆڤید 19، بایەخێکی زیاتر بە کاری مەیدانی دەدات.
لە ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ و دیجیتاڵمیدیای ڕووداودا، دەستخۆشی لە هەموو هاوکارانی ڕووداو دەکەین و، شەهید شیفا گەردی و پەیامنێری ڕفێندراومان لەلایەن داعشەوە فەرهاد حەمۆ بە بیر دەهێنینەوە. [1]
تۆڕی میدیایی ڕووداو
29-05-2022
Tämä tuote on kirjoitettu (کوردیی ناوەڕاست) kieli, klikkaa kuvaketta
avata kohteen alkukielellä!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Tämä tuote on katsottu 1,126 kertaa
Kirjoita oma kommenttisi tuote!