خانووی ڕۆحەکان
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
وە من خۆم بووم لەوێ بەجێمابووم. لە ناو ژوورەکانی ئەو خانووەدا. خانووەکەی ساڵانی ساڵ لەوە پێش. لە ناو تارمایی تاریکی و ڕووناکیدا. لە ناو گەمەی تیشک و سێبەردا.
لێم ڕووانی، وتم لێرەی؟ وتم لێرە بەردەوام ماوی؟ سەرێکی ڕاوەشاند و بە چاوە نادیارەکانی نێوان بوومەڵێڵێکی ناوەخت، وتی ئەرێ. یاخود وتی نا. نازانم.... گرینگ نیە. بە خۆم وت گرینگ ئەوەیە لێرەیە، جا چ خۆی بزانێ یان نەزانێ.
ئەوسا بە ناو ژوورەکاندا جووڵام. وتم لە گەڵم دێی؟ وەڵامی نەدامەوە، بەڵام لە هەر ژوورێک ئەو لەوێ بوو، لە سووچێکدا بە هەمان نیگا و هەمان چاوەڕوانییەوە. لە دیوارەکانم دەڕوانی. لە سەقفەکان. لە سەر تاقەکان. وتم لە بیرتە؟ وتی لەبیرمە. چی؟ ڕاستی من پرسیاری چیم دەکرد. بەڵام گرینگ ئەوە بوو لە بیرمان بوو. دیوارە گڵینەکان، دارەڕاکان و تاقە قڵشیوەکانی داپۆشراو بە پەڕۆ گوڵینەکان و شمەکە وردەکانی سەری. بۆنەکان هاتن. هەڵم مژین. شتێک لە دەروونمدا قڵشی برد و تەقی. هەستم کرد خەریکە شی دەبمەوە. وەک گڵۆڵە بەنێکی ڕێسراو بە دەست و ڕانی دایەگەورە. وتم لە بیرتە؟ ئەمجارە وەڵامی نەدامەوە. لەبەر خۆمەوە وتم حەتمەن لە بیریەتی.
لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوەم ڕووانی. درەختی ئێوارە سێبەری دەخست. لق و گەڵاکان خۆیان لە پەنجەرە و لە دیوارەکە هەڵدەسوو. وەک بڵێی دەستی نەوازشێکی پڕ لە بەزەیی دەیەوێ خانوویەکی پەرپووت و کۆن و لەبیرکراو، بلاوێنێتەوە. تەوێڵم بە شووشەکەوە ناو و لێم ڕووانین. پشیلەیەک لە سووچێکی حەوشەکەدا ئارام تێپەڕی و لەسەر بانیژێکە ون بوو. پەڕێک لە گووڵێک هەڵوەری.
بانیژێکە و کۆترەکان نەرم نەرم کەوتنە فڕین. کۆترێک بەو ئێوارە درەنگانە لەسەر لقەکە نیشتەوە و ئەویش وەک من تەوێڵی بە شووشەکەوە نا. وتم دەمناسیتەوە؟ ئەوی سووچێکە وتی ئەو تەنیا من دەناسێتەوە. ئەوسا زانیم ساڵانی ساڵ تێپەڕیون. ئارام چۆکم دادا و وتم ئەوەندە بێ ڕەحم مەبە. وتی گوناهی من نیە، خۆی لە خۆیا وایە! ڕاستی دەکرد. پێکەنینم بە گەمژەیی خۆم دێت. هەڵدەستمەوە و دیسان لە لقەکە دەڕوانمەوە. کۆترەکە لەوێ نەماوە. پێی دەڵێم بەڵێن نەبوو بەم کاتە درەنگە کۆترەکان هەڵفڕێنین. دەڵێ ئەمجارە خۆیان هەڵدەفڕن. چاو لە ئاسمان دەبڕم. هیچ نابینم. لەو بەر، بانیژەکە نەماوە و دڵنیا لەوەی کە کۆترەکان شوێنێکیان بۆ نیشتنەوە نیە، بەزەییم بە سەرگەردانی و ئاوارەییاندا دێتەوە. ئاسمان چەند بێ بەزەییە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم ئەوانیش!
لە ژوورەکانەوە دەنگ دێت. دەچم درگاکان بکەمەوە. بەڵام دەستم پێیانەوە شەتڵ دەبێ. بیانکەمەوە یان نا. نا، نایانکەمەوە. خۆم دەڵێ دەنگەکان دەبێ وەک خۆیان لەوێ بمێننەوە. گوێ بە درگاکانەوە دەنێم. لەگەڵ ئەوەی ناتوانم وشەکان لە یەکتر جیابکەمەوە، بەڵام دەزانم باسی چی دەکەن. زەمەن پاڵم پێوە دەنێ و دەڵێ بکشێوە بەسە. مێشێک ڕەنگە هی ئەو ساڵانە لە سەر شانم دەنیشێ. لە کۆڵانەوە دەنگی تێپەڕینی جووتێک گەنجی ئاشق دێتە گوێم. دڵنیام قژیان درێژ و ڕیشیان زۆر و دەرەلینگی شەرواڵەکانیان پان و پۆڕە. لە دوور دوورەوە کەڵەشێرێک دەخوێنێ. دراوسێی پشتی دیواری گڵینی حەوشەکە، ئافتاوەکەی هەڵدەگرێ و دەچێ بۆ ئاودەست. ئاسمان هەتا دێت تاریکتر دەبێ. بە خۆم دەڵێم دەزانی ئەو کاتانەیش وەها بووە! خۆم بە سەرسووڕمانەوە لێم دەڕوانێ.
پێی دەڵێم لەبیرتە لێرە دەنووستین، لێرە کایەمان دەکرد و لەوێ چیرۆکەکانمان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە؟ خۆم هیچ ناڵێ. دەزانم لە بیریەتی. دەڵێم لە بیرم چووبوونەوە. زەردەخەنەیەکی تاڵ لێوەکانی دەنگێوێ. چۆلەکەیەک خۆی بە بن گوێسبانەکەدا دەکا. درەنگ وەختە. ئەوەندە بەپەلەیە هەناسەی سوارە. ئێوارە بۆ هەموو کەس وەک یەک نیە. بن میچەکە بۆنی ڕیقنە و بۆنی پەڕو پۆ و وردەچیلکە دەدا. ڕووی تێدەکەم و دەڵێم کاتی خۆی ئەمەیشم دەست نەکەوت. دەڵێم ئێوارەیان لە سەر پلیکانەی قەراخ شەقامەکان دادەنیشتم و تەنیا لە جیهانم دەڕوانی. دەلێم زۆر جار تەنیا ڕووانین دەتوانێ یارمەتیدەر بێت. خۆم سەرێک بە ئاستەم ڕادەوەشێنێ. نازانم بۆ سەلماندنی قسەکەی منە، یان تەنیا بۆ نیشاندانی ڕێزە، ئەوەیکە گوێ و ئاگای لە منە.
لە دوورەوە دەنگی هەورەتریشقەیەکی ناوەخت دێت. ڕەنگە بارانێکی ناوەختیش داکا. هاوینەباران. ڕاستی بۆ من بە هاوین گەڕاومەتەوە؟ نەکا لەگەڵ باران هاتبێتم؟ لەگەڵ با و لەگەڵ هەورەکان؟ چاوەکانی ئەو پێم دەڵێن نا وا نیە. دەڵێن من هەر وا بۆ خۆم لێرەم. دەڵێن لەبەر ئەوەی قەت نەڕۆیشتبووم! پێکەنینێکی شێتانە دامدەگرێ. خانووەکە دەنگ دەداتەوە. دەڵێم ئەی ئەو هەموو چیرۆکە، ئەو هەموو بەسەرهات و تێپەڕینە، ... ئەو هەموو تەنیاییە؟ بەڵام لە پرسیارەکانم پەشیمان دەبمەوە. نەکا ژیان، چیرۆکێک بێت خۆمان دەینووسینەوە بە بێ ئەوەی بۆ یەک تاقە چرکەیەش چییە جەستەمان لە پشت مێزەکە جووڵابێ!
حەزدەکەم دەرگاکە بکەمەوە و بچە حەوشەکە. خۆم بە چاوە تاریکەکانی پێم دەڵێ نا. دەڵێ لە دووای ساڵانی ساڵ تەنیا ئیزنم هەیە لێرە لە ناو خانووی ڕۆحەکاندا بێم و بچم. هەر ئەوەندە. لە پشت پەنجەرەکەوە تامەزرۆیانە لە حەوشەکە دەڕوانم. لە خۆڵی کاکڵەمووشان، لەبەردی حەوت بەرد، لەو جادانەی وا ماشینە پلاستیکیەکان پیایا تێدەپەڕین. پێی دەڵێم پێم وایە منیش لەگەڵ یەکێک لەو ماشینانە ڕۆیشتم، وانیە؟ بە بێ ئەوەی سواری بم، لێمخوڕی و ونبووم. بۆ یەکەم جار بزەیەکی دێتێ و دەڵێ هەر ئەم خەیاڵاتانە بوو بێرەی گەیاندی، ... بۆ یەک جاریش بووە وازبێنە! چاو دەقونجێنم و بەسەر گردێکی تەپ و تۆزاویدا سەردەکەوم. لەو سەرە کەسێکی تر چاوەڕوانە سواری بکەم. سەفەر بە بێ هاوڕێ هیچ خۆش نیە.
ژوورەکان بە خێراییەکی سەیرترەوە تاریکتر دەبن. خانووەکە دەبێ بە ڕەش. خۆم وندەبێ. چاوی بۆ دەگێڕم. ئەگەرچی نایبینم، بەڵام دڵنیام هەر وا لە سووچەکاندایە. ئەو هەمیشە لە سووچەکاندایە. وەک من. ئەوسا ژوورەکان پڕدەبن لە سێبەرەکان. ئەو سێبەرانەی من نابینن و وەک ساڵی ساڵان دێن و دەچن. ئەمجارە بە ناو مندا. یان من بە ناو ئەواندا. ژیان دەژیێتەوە. مێژوو هەموو شتێک داگیردەکا. نەکا من لە دەرەوەی مێژوو بم؟ یاخود ئەوا ئەوانن؟ نازانم. گرینگ نیە. سەیری سەعاتی سەر دیوارەکە دەکەم کە لەبەر دەم ڕووناکایی بەئاستەمی دەرەوە، سەفحەکەی دەدرەوشێتەوە و من دەزانم کاتژمێر چەندە. ئیستا نا ئیستا دووا ڕۆحی خانووەکە دێتەوە. لە دەرگا دەدا و دێتەسەرەوە. بە دڵقێک بە دەستیەوە. ڕوو وەردەگێڕم و لە دەرگاکە دەڕوانم. ئەویش بە ناو مندا گوزەردەکا و تێدەپەڕێ. بۆنی گیزە گیزی سەماوەر گوێچکەکانم پڕدەکەن. مژێک لە نیگاکانم دەئاڵێ.
ئەوسا هەموویان لە ژوورەکە کۆدەبنەوە. ژەمی ئێوارەیە. ڕۆحەکان بە دەوری سفرەکەدا دێن و دەچن. دادەمەزرێن. چاوەڕوانم یەکیان بانگم بکا. بڵێ ڕاستی ئەوە لە کوێیە. بەڵام دەنگ نیە. وەک بڵێی من هەر نەبووبم. هەر نیشم. داخۆ مەگەر بەڵێن وەها نەبوو؟
خۆم، لە سووچێکی نادیارەوە دەردەکەوێ و بن باخەڵم دەگرێ و دەڵێ ئیتر دەبێ بڕۆی! لێی دەڕوانم. ڕاست دەکا. وەک هەمیشە، من دەبێ بڕۆم. بەچاو لێی دەپاڕێمەوە بۆ دووانیگایەک. سەرێک بادەدا. سەردادەخەم و لە پلیکانەکان دەچمە خوارەوە.
هەر بەو شێوەیەی کە نازانم چۆن هاتبوومەوە، دەڕۆمەوە. کۆڵان هەڵمدەلووشێ. لە دوورەوە دەنگی گرمەی هەور دێت.[1]