رەشەبا
#فەڕۆخ نیعمەتپوور#
دیسان ڕەشەباکە هەڵیکردەوە. بە هەرچی هێزیەتی بە شەقامەکاندا دادەگەڕێ، خۆی بە کۆڵانەکاندا دەکا و وەها لە جەستەی ڕێبوارانیش دەئاڵێ کە دەڵێی کەسێکی نادیار بە زۆر بەرەو ئەو شوێنەی خۆی دەیەوێ ڕاپێچیان دەکا. خۆراگرتن چیتر مانای نەماوە. منیش دیسان جانتاکەم کە بۆ ڕۆژێکی وەها ئامادە کردەبوو دەدەمەوە بە کۆڵمدا، پێڵاوەکانم هەڵدەکیشم و دەمەوێ بڕۆم کە دیسان دایکم خۆی بە قاچەکانمدا دەداتەوە و دەڵێ تکایە... تکایە نا!
من کە لە نێوان ڕەشەبا و نزاکانی دایکم مابوومەوە، گوتم ئەی چی بکەم؟... ها! ڕەشەبا بە تووش سەرئێشەمەوە دەکا و ناهێڵێ هەناسەبکێشم، ...ژیان ئیتر لێرە مەحاڵە، ... دەبێ بڕۆم!
بەڵام دایکم واز ناهێنێ. ئەوسا منیش ئارام جانتاکەم دادەنێمەوە و بەرەو ژوورەکەی پشتەوە دەگەڕێمەوە، ... ژوورە هەمیشەییەکە. لەوێ پەنجەرەکە و دیوارەکان چاوەڕوانم بوون. من لە خۆڕاگریی ناو ژوورەکان بێزارم.
دیسان دایکم بردییەوە.
من هەموو ئەو ڕۆژانە لە ژوورەکە لە کاتێکدا کتێبم دەخوێندەوە و لە دیوارەکان ڕادەمام، گوێم بۆ لوورەی ڕەشەباکە هەڵدەخست. دایکشیم لە هۆڵەکە دڵنیا لەوەی من لە ماڵەوەم و ڕەشەبا نەیڕفاندووم، دانیشتبوو و وەک هەمیشە لەسەر بەرماڵەکەی دۆعای دەکرد کە خوایە گیان بەڵکو ئەمجارە دوواجاری ڕەشەبا بێت! دایکم ئاگای لە سەرئێشەکانی من نیە.
بەڵام مەگەر خوا گوێی لە نزاکانی دایکم دەگرت و ئەم فش و هووڕەی با تەواودەبوو. مامۆستاکەمان لە قوتابخانە دەیگوت لەبەر ئەوەی شارەکەمان ڕێک لە سەر سنووری گەرمێن و کوێستانە ئەوا قەت لە ڕەشەبا ڕزگارمان نابێ و هەتا هەین دەبێ لەگەڵیا بژین. من دەستم هەڵبڕی و گوتم ئەی گەر کەسێک نەتوانێ لەگەڵیا بژی چی؟ ئەویش لە کاتێکدا سەیری لاپەڕەی کتێبی جۆگرافیاکەی دەکرد گوتی لێرە وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە نابینمەوە، ڕەنگە وا باشترە لە مامۆستای مێژوو بپرسم.
بەڵام مامۆستای مێژوو ئەوەندە ناوچاو تاڵ و ئەوەندە مڕومۆچ بوو کە کەس نەیدەوێرا پرسیاری لێبکا. ئەو تەنیا حەزی دەکرد قوتابییەکانی گوێی لێبگرن و ڕستە بە ڕستەی قسەکانی هەڵبگرنەوە. دەیگوت لەبەر ئەوەی مێژوو بەسەرهاتی ئەو ڕووداوانەیە وا ڕوویانداوە و چیتر هیچیان لەگەڵ ناکرێ، بۆیە واباشترە قوتابی تەنیا گوێ بگرێ و هیچی تر. دەیگوت مێژوو یەعنی لەبەرکردن. ئێمەیش گوێمان دەگرت و لەبەرمان دەکرد. بەڵام مەگەر ڕەشەباکە دەیهێشت؟ بۆیە ڕۆژێکیان جورئەتم بەخۆمدا و گوتم مامۆستا ئەم پرسیارەی من دەیکەم ڕاستە لە بنەرەتدا پێوەندیی بە جوگرافیاوە هەیە و نەک بە مێژووەوە، بەڵام گەر کەسێک ڕەشەبا تەحەمول نەکا چی بکا باشە؟ مامۆستا کەمێک لێم ڕاما، ئەوسا لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی کرد و درێژەی بە دەرسەکەی دایەوە. بۆ سبەی مودیر بانگمی کرد بۆ ژوورەکەی و بە تاوانی قسەی بێ سەرەبەرە و بە دوور لە هەر چەشنە پێوەندییەک بە دەرسەکەمەوە بیست شووڵی چاکی لە دەستەکانم سرەواند. من کە لەپی دەستەکانم دەکزانەوە و هەڵماسیبوون، زانیم کە بەڕاستی ڕەشەبا هیچ پێوەندێکی بە دەرسی مێژووەوە نیە.
رۆژێکیان مامۆستای مێژوو وانەی شەڕی دووڕگەی فارسی لە سەرەتاکانی دەیەی نەوەدی زایین لە سەدەی ڕابردوودا دەگوتەوە. گوتی کە لە دووای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، دەوڵەتی بەعس هێرشی کردە سەر کووەیت لەبەر ئەوەی عیراق سەدو سی میلیارد دۆلار بە کووەیت بە هۆی شەڕ لە گەڵ ئێران قەرزداربوو، جا چونکە سەددام شەڕی خۆی لەگەڵ ئێران بە قازانجی وڵاتانی عەرەبی دەبینی داوای دەکرد ئەم قەرزەی پێ ببەخشن و کووەیتیش قبوڵی نەکرد. بۆیە سەدام بە لەشکرێکی زۆرەوە هێرشی کردە سەر ئەم وڵاتە و داگیری کرد. دوواتریش ئامریکا کە چاوەڕوانی وەها هەلێک بۆ ئازادکردنی جڵەوی هێزی زەبەلاح و بێ وێنەی خۆی بوو، دەرفەتەکی قۆستەوەو هێرشی کردە سەر هێزەکانی سوپای عێراق بەمەبەستی دەرکردنیان لە کووەیت و ئەم چالاکییە سەربازییەیان ناو نا 'تۆفانی سەحرا'. هەر ئەمەی گوت من دەستبەجێ پەڕیمە ناو قسەکانی و بە دڵخۆشییەکی سەیرەوە گوتم ئەی ئەوە نیە باسی تۆفانە، کەواتە ڕەشەبا پێوەندی بە مێژووەوە هەیە. مامۆستاکە دیسان لێی ڕووانیمەوە و لە پاش ئەوەی لە پەنجەرەکەوە سەیرێکی دەرەوەی کردەوە، دیسان درێژەی بە قسەکانی دایەوە. بۆ سبەی دیسان مودیر بانگی کردمەوە بۆ ژوورەکەی خۆی و ئەمجارە لە جیاتی بیست قەمچی، چلی لێدام. بەڵام ئەم جارەیان من بە پێچەوانەی جارەکەی پێشوو لە سەداسەد دڵنیا بووم کە ڕەشەبا تەواو بە مێژووەوە ڕەبتی هەیە.
لە دەرەوە هەر دەنگی ڕەشەبا تەواو نابێ. مێژوویش کە تێپەڕیوەو هیچی لەدەست نایەت. جاری وایە هەست دەکەم لەگەڵیا لوورەی گورگیش تێکەڵە. جوان گوێ هەڵدەخەم. ئا، دڵنیام ئەوانیشن. بۆ سبەی کە دەرسی ژینگە ناسیمان هەیە بە مامۆستاکەمان دەڵێم بۆ دەنگی ڕەشەبا و گورگ لە یەک دەچن. مامۆستا دەڵێ ڕەنگە لەبەر ئەوەی گورەکان لە کاتی ڕەشەبادا لە دایک دەبن و یەکەمین دەنگ کە دەیبسیتن دەنگی لوورەی ڕەشەبایە. من کە ئیستا بیانووم بۆ سەفەر زۆرترە دیسان جانتاکەم بە کۆڵمدا دەدەمەوە و ئەمجارەیان بە دایکم دەڵێم تۆیش لەگەڵم وەرە. دایکم کە لای وایە دونیا تەنیا بریتییە لە شارەکەی ئەو، چاوەکانی پڕ لە فرمێسک دەبنەوە و دەڵێ بەڵام من حەزدەکەم لێرە بمرم. دەڵێم قسە لە سەر ژیانە نەک مردن، کە مردین ئیتر لە هەر کوێ بێت چ فەرق دەکا. دایکم وەک مامۆستای مێژوو تەنیا بێدەنگ دەبێ و لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوە دەکا. بەخۆشییەوە بەو جیاوازییەوە لە ماڵی ئێمە مودیرێکی تری لێ نیە تا لەم کاتانەدا بە تاوانی قسەی بێ سەرەوبەرە بیست یان چل شوڵی مزرم تێسرەوێنێ.
سەرئەنجام ڕۆژێک دایکم ڕازی دەکەم و لەگەڵم دەکەوێ. جانتایەک بۆ ئەویش دەکڕم و پێکەوە لە بەیانییەکی پاییزییدا بەڕێدەکەوین. لە دووای یەک ڕۆژ ڕێگاکردن ئەوەندە دووردەکەوینەوە کە چیتر گوێمان لە دەنگی ڕەشەبا نامێنێ. دەڵێم دایە ئاوا خۆشتر نیە؟... ئاگات لێیە ئیستا گوێمان لە شتی تریشە. دایکم پڕ بە جانتاکەدا دەکا، ڕوخساری خۆی تیا نوقم دەکا و هۆڕە هۆڕ دەستدەکا بە گریان. من کە دەزانم هەستی غەریبی گرتوویەتی و بیری نیشتمان دەکاتەوە، دەڵێم دایە نیشتمان جاری وایە دەبێ بە مێژوو و مێژوویش هی ڕابردووەو بۆیە تەنیا دەبێ لەبەری بکەین و بەس. دایکم کە لە قسەکانم تێناگا لەبەر من دەست لە گریان هەڵدەگرێ و دیسان شوێنم دەکەوێتەوە.
ئەوەندە دەڕۆین دەگەینە سنووری کووەیت. من کە بە چاڵەکانی ئەنفال و جێی بۆمبەکان و بە پاشماوەی تەرمی سەربازە عێراقییەکان دەیناسمەوە و دەزانم ڕێگام هەڵە کردووە، بۆ دڵخۆش کردنی دایکم دەڵێم ئەوەندەمان نەماوە بگەینە مەککە و مەدینە، مەگەر تەواوی تەمەنت حەزت نەدەکرد بچیت و زیارەتیان بکەیت! ئیستایش ئەو دەرفەتە ڕەخساوە. دایکم بزەیەک دەیگرێت، دادەنەوێ و چەند بەرد دەخاتە گیرفانییەوە و بەڕێ دەکەوینەوە.
لە مەککە ماڵی خودا ڕەش ڕەش دەبریسکێتەوە. دایکم لە خۆشیانا ڕادەکا زوو بیگاتێ، بەڵام چەند پاسەوانی مل پانی گۆپاڵ بەدەست دەیگێڕنەوە و داوای پووڵ و داوای پسولەی لێدەکەن. دایکم لادەکاتەوە و بە سەرسوڕمانەوە لە من دەروانێ. من کە عەرەبی نازانم دەستی دەگرم و دەگەڕێینەوە. دایکم دەڵێ حەیفی ئەو بەردانەی ئەو هەموو ڕێگایە خستمە گیرفانمەوە بەتەمای ڕەجمی شەیتان. من پێدەکەنم و دەڵێم ئەمجارە بەرەو باکوور دەڕۆین. دایکم کە نازانێ باکوور چییە دەڵێ بۆ کوێ!؟ دەڵێم بەرەو کوێستان، ئێرە گەرمێنە و دەچین بۆ کوێستان. دووای چەند ڕۆژ دەگەینە شارێکی خۆش. شارێکی چراخانی بەو شەقامانەوە پڕی خانمی مۆدە. دایکم بە سەری پێنج پەنجەی دەستی ڕاستی ڕوومەتی دەگرێ و دەڵێ ئەیەڕۆ منت هێناوە بۆ وڵاتی کافرستانی!؟ دەڵێم دایە داخۆ لە ڕەشەبا باشتر نیە؟...
سەرئەنجام لە دووای بێنە و بەرەیەکی زۆر خانوویەک دەگرین و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکەین. چەند مانگێک گوزەرا. ڕۆژێک کە بۆ کڕینی میوە و سەوزە چووبوومە دەرەوە، لە ڕاستە شەقامەکدا لووتم بە لووتی مامۆستای مێژوودا تەقییەوە. مامۆستا بە پێچەوانەی نیشتمان زۆر ڕووی خۆش بوو و لە دووای ئەوەی دەستی لەگەڵ لێدامەوە گوتی ئەوە لێرە چیدەکەی. منیش هەر ئەو پرسیارەم لەو کردەوە. ئەوجا زانیم کە ئەویش وەک من وازی لە نیشتمان هێناوە و ماوەیەکی باشە لێرە دەژی. من کە بە هۆکارێکی سەیر شەرمم شکابوو پێم گوت ئیستا دەزانم بۆ وەڵامت نەدەدامەوە. پێکەنی و گوتی گەر ڕێگاکان لە قاو بدەین ئەوا ڕێی خۆشمان لێدەگرن. گوتم ئیستا چ کارێک دەکەی، بەردەوام مامۆستای مێژووی؟ پێکەنی و وتی هەروا بەردەوام گەمژەی! مامۆستای چی و مێژووی چی، تاکسییەکم هەیە و بەخۆشییەوە بە جوانی ژیانمی پێ دەگوزەرێنم.
شەو سەیری لەپی دەستەکانم دەکەم. لەمێژە نە ژانیان ماوە و نە شوێنی تووڵەکەیان چیتر پێوەماوە. لە درزی دەرگاکەوە لە دایکم دەڕوانم کە نوقمی خەوە.
خۆشحاڵم لە ڕەشەبا ڕزگارم بووە، ئەگەرچی دایکم جاری وایە دەیهێنێتەوە بەر باس و بیری لێدەکاتەوە. بزەیەکم دێتێ و بەمەیش خۆشحاڵم!
پێم وایە ڕەشەبا تەنیا بە مێژووکردنی دەفەوتێ و بەس. [1]