بەڵێنی نامە
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
بەڵێنە نامەی بۆ بێت. ئەو هەموو ڕۆژێ دەچێتە دەرەوە و سندووقی نامەکە بەسەر دەکاتەوە. نەک تەنیا سەرەکەی هەڵدەداتەوە و سەیری دەکا، بەڵکو بۆ دڵنیایی زیاتر دەستێکیش بە ناویا دەگێڕێ. بەڵام بێسوودە. ئەو نامەیەی وا بەڵێن بوو بێت، نەهاتووە، .... نایەت. بۆیە خەمبارانە بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە و دیسان چاوەڕوان لە دار و دیوار ڕادەمێنێ.
کەس نازانێ کێ بەڵێنی نامەی پێداوە و قەرارە لە کوێوە بۆی بێت. دەڵێن باشە ئەوە چ نامەیەکە وا ناگات؟ نامە گەر نامە بێت ڕۆژێک هەر دەگات، کەواتە لە ڕاستیدا نامەیەک لە ئارادا نیە و ئەوە وەهمە هەڵیگرتووە و بەس. بەڵام ئەو دڵنیایە کە بەڵێنی نامەکە بەڵێنێکی ڕاستەقینەیە و درۆ نیە. تەنانەت دەزانێ نامەکە لەمێژە نووسراوە و خراوەتە پاکەتەوە و بگرە ڕەوانەی پۆستخانەیش کراوە، بەڵام لەوە بەدووا چی لێهاتووە، نە ئەو دەزانێ و نە کەسی تر.
بۆ خۆی دەڵێ ڕەنگە کابرای پۆستچی بە ئەنقەست یاخود بە ڕێکەوت لێی کەوتبێ، یاخود لە بنی کیسەکاندا ماوەتەوە و کەس گوێی نەداوەتێ، یان ڕەنگە بە هەڵە خراوەتە سندووقی کەسی ترەوە، ئەو کەسەیش لە ڕووی نابەرپرسیارەتییەوە خوێندوویەتەوە و پاشان فڕێیداوەتە تەنەکەی زبڵەکەوە. یان ڕەنگە نا، بەردەوام بەڕێوەیە. ڕەنگە نووسەرەکەی ڕێک لەبەردەمی پۆستخانەکەدا پەشیمان بووەتەوە و نەیناردووە. ئەو نامەیەی وا ڕۆژێک سەرئەنجام دەیباتەوە بۆ پۆستخانە و بە نووسینی ئادرەسەکەی ئەم بەڕێی دەکاتەوە.
ساڵەکان تێدەپەڕن. نامەکە هەر نایەت. ئیستا ئیتر خەڵکی دڵنیان نامەکە تەنیا خەیاڵەکە و بەس. لە ڕاستیدا نە کەسێک هەیە بیر لەم بکاتەوە وەها کە نامەی بۆ بنێرێ و نە شوێنێکیش لەسەر ئەم گۆ خاکییە هەیە ئەو کەسەی لەخۆی گرتبێ. خۆ نامەیەش گەر خەیاڵ بێت ئەوا قەت ناگا. سەری لێڕادەوەشێنن و دووردەکەونەوە.
بەڵام ئەو بە ناو ژوورە تەنیاکاندا دەگەڕێ و سەرەڕای تێپەڕینی بێ بەزییانەی ساڵەکان چاوەڕوانی نامەکەیە. مەگەر نەک ئەوەی هەموو کەس لەم دونیایەدا لانیکەم کەسێکی هەیە بیری لێدەکاتەوە و بە بێ گوێدانە زەمەن و دووریی مەوداکان، خەیاڵ و گوتەکانی دەکا بە نامە و سەرئەنجام ڕۆژێک بۆی دەنێرێ، ... مەگەر نەک ئەوەی پۆستخانە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەم مەبەستە دانراوە، ... مەگەر کۆترە نامەبەرەکان پەیامنێرەکانی وەها دۆخێک نەبوون؟
ئەو هەموو ڕۆژێک لەبەر خۆیەوە بە خۆی دەڵێ نامەکە دێت، ... نامەکە دێت! سەیری ئاسمان و هەورە دوورەدەستەکان دەکا و دەڵێ لەگەڵ هەورەکانیش بێت هەر دێت. ئەوسا هەوڵدەدات هەوری نامەبەر لەوانی تر جودابکاتەوە. وە چەند زەحمەتە. ئەوەندەی پێناچێ بە خۆی دەڵێ نا نابێ لەگەڵ هەورەکان بێت، نەکا لەگەڵ باراندا بخووسێ و ببارێتە سەر شوێنێکی نادیار لە ناو بیابانەکانی مەودا.
شەوی وایە لە خەویدا دەبینێ نامەکە هاتووە. نامەیەکی پاکەت سپی کە تەنیا ئادرەسەکەی ئەمی لەسەر نووسراوە. بە خۆشحاڵییەکی فراوانەوە دەیکاتەوە. چەند تامەزرۆی خوێندنەوەی وشە و ڕستەکانە. بەڵام هەرچی دەگەڕێ هیچ نابینێتەوە، پاکەتەکە بەتاڵە. بەتاڵ بەتاڵ. بە زریکەی خۆی بەو نیوەشەوە خەبەری دەبێتەوە. لە دووای ئەوەی قومێک لە ئاوەکەی سەر مێزە گچکەکەی تەنیشتی دەخواتەوە، بزەیەک دەیگرێ و لەبەر خۆیەوە بە خۆی دەڵێ هەر دەگات، پەلەم چییە!
لە دەرەوە زەمەن وەک هەمیشە خێرا دەگوزەرێ. ژوورەکان و دیمەنی بەر پەنجەرەکە، کە هەمانن، ناهێڵن ئەو زۆر ئاگای لەم تێپەڕینە بێت. ئەو بە هۆی خەیاڵەوە زۆر ئاگایشی لە جەستەی خۆی نیە کە چلۆن ساڵەکان لەگەڵ خۆیان دەیبەن. هەموو شتێک لێرە لەم ژوورانە و لەم دیمەنە و لە ناو ئەم خەیاڵەدا چەند ڕاوەستاو و نەگۆڕ دەنوێنێ. نامەکەیش کە قەرارە بێت هەر لە هەمان چەشن. نامەکەیش چەند دووپاتکردنەوەی ساڵانی ساڵ لەوە پێشە. هیچ شتێک بەڵێن نیە بگۆڕدرێ. ئا، لانیکەم هەتا نامەکە نەیەت. نامەکە، چرکەکان و ئەبەدیەت چەند ئاسان پێکەوە گرێدەدات.
دراوسێکان دەڵێن مەگەر بەڵێنە مرۆڤ چەندە بژیت. یەکیان لە وەڵامدا دەڵێ ڕەنگە ئەمە پرسیاری هەندێ کەسی تر نەبێت. دەڵێ ڕەنگە لای هەندێ کەس ژیان تەنیا بریتییە لە چاوەڕوانی بۆ شتێک، شتێک کە ڕەنگە وەک هاتنی نامەکە قەت نەگات، بەڵام خودی چاوەڕوانییەکە خۆی لە خۆیدا هەموو شتێکە، یاخود دەبێ بە هەموو شتێک. ئەوسا وەک دوواڕستە بەوانی تر دەڵێ داخۆ ئەوەندە بەس نیە بۆ بیانوویەک بۆ ژیانکردن؟
دراوسێکان شەو خەودەبینن کەسێک دەبێ بە نامە و چونکە بووە بە نامە دەبێ لەبیری سەفەردا بێت، سەفەر بۆ ڕۆیشتن بۆ شوێنێک و لەوێیشەوە ڕەنگە بۆ شوێنەکانی تریش. وەک هەموو نامەکان.
نەکا ئەم خۆی خودی نامەکە بێت و لە تێگەیشتنێکی هەڵەدا ساڵانی ساڵە لەم خانووەدا بەتەمای هاتنی نامەیەک، واتە خۆیەتی! پێکەنینی دێت. خودێک چاوەڕوانی خود. نامەیەک لە خۆوە بۆ خۆ. ئەی سندووقەکەی دەرەوە چی؟
ئەی ڕابردوو و ساڵەکان و هەورەکان چی؟
سبەی کە لە خەو هەڵدەستێ، هەستێکی بە تەواوی جیاوازی هەیە. لەبەر خۆیەوە بە خۆی دەڵێ نا، ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە دەگا، ئا، ... بە دڵنیاییەوە، ... ئەمشەو خەوم بینیوە!
لە دەرەوە سندووقەکە، ساڵەکان و هەورەکان لەیەک ئاڵاون، دەبن بە گەردەلوول و شێتانە پێچ و لوول دەخۆن و لەناو کۆڵاندا هەرچی تەپ و تۆزە با ئاسمانیدا دەکەن. پۆستچییەکە لەو سەری کۆڵانەوە پەیدادەبێ. ئەو ئەمڕۆ بەپێچەوانەی ڕۆژانی پێشوو تەنیا یەک نامەی پێیە. بەڵام مەگەر گەردەلوول و تەپ و تۆز دێڵن؟ مەگەر دەکرێ نامەیەک بگەیەنی وا سندووقەکەی بووە بە هاوڕێی ساڵەکان و هەورەکان؟
پۆستچییەکە دەگەڕێتەوە. لە ژوورەوە لە ناو خانووەکە زەمەن ئەوەندە ڕاوەستاوە کە هێشتا بەشی سەردەمێکی تری دوورودرێژی چاوەڕوانی دەکاتەوە.
تەنیا ئەوەندە بەسە خەیاڵ لەسەر نامەیەک بێت و بەس. [1]