رۆژێکی پاییزی
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
لە چایخانەکە دانیشتووین. ڕۆژێکی پاییزییە و هێشتا هەتاو تینی بە بەرەوە ماوە. من و ئەو لە سەر دوو کورسی لە سەر شۆستەکە دانیشتووین، بە پاڵتۆ پاییزییەکانمانەوە کە ساڵانی ساڵ تەمەنیانە. ئەو جگەرە بەبادەکا و منیش بە چاییەکەمەوە خەریکم. ڕێبوارەکان وەک هەمیشە خەریکی تێپەڕینن. ناکرێ لە چاخانە دانیشی و سەرنجی ڕێبواران نەدەی. هەموویان دەبینی و ناشیانبینی. شەقام بۆنی خۆشی ژیان دەدا، ... بۆنی بەردەوامی و هەناسەی ژیان. من چەندە حەزم لێیەتی و پێی سەرسامم.
کتوپڕ ڕیقنەی باڵندەیەک ڕەنگە چۆلەکە، ڕیشۆڵە، کۆتر یاخود واشەیەک لە ناخافڵ دەکەوێتە سەر مێزەکەی بەردەممان. هەر دووکمان دادەچڵەکێین. ئەو جگەرەکەی ڕیقناوی دەبێ و منیش پیاڵە چاییەکەم. پاش کەمێک واق وڕمان و تێڕامان لەیەکتری و لە سپیایی پەرێشانی سەر مێزەکە، هەردووکمان دەست دەکەین بە پێکەنین. شێتانە. ڕیبواران لێمان دەڕوانن. سەیرێکی ئاسمان دەکەین. ئاسمانی پاییزی. هەست دەکەم هەورەکانیش لە ڕیقنە دەکەن. ئەو ڕیقنانەی تێدەپەڕن. دەڵێم:
دیسان پاییز هاتەوە.
دیسان پاییز هاتەوە.
حەزم بە کزەی سەرماکەی، ئێوارەیانی بەپەلەی و شەوانی خەمگینیەتی. حەزم بە دانیشتنی شەوانیەتی. ماڵەوەیش دەبێ بە شتێکی تر. زیاتر هەست بە دیوارەکان دەکەی، ... بە بوونی دەرەوە تەنیا وەک شتێکی دەرەکی، شتێکی زۆر غەریب. حەزم بە دانیشتنی دایک و باوکمە لە شەوانی پاییزیدا لە ژوورە هەمیشەییەکەدا. من لام وایە دونیا تەواو دەبێ بە شتێکی تر.
پێت وایە چەند پاییزی تر دەژین؟
ڕەنگە هەر ئەمە و ڕەنگە دەیانی تر.
بەڵام من لام وایە من هەر ئەم پاییزە دەژیم! وەک ئەم ڕیقنەیە لە کۆمی ژیان بەردەبمەوە و دەکەومە سەر مێزی دوو ئاشقی پاییزیی تر. جگەرەی یەکیان و چاییەکەی ئەوی تریان ڕیقناوی دەکەم.
ئەوانیش وەک ئێمە پێدەکەنن.
ئەوانیش وەک ئێمە پێدەکەنن.
دیسان پاییز هاتەوە.
دیسان پاییز هاتەوە.
سەرهەڵدەبڕم. لەوبەر جادەکەوە بەسەرسووڕماوی دەبینم هاوڕێکەم خەریکە تێدەپەڕێ. دەڵێم:
ئەوە خۆ تۆی تێدەپەڕی، ... تۆ نیت؟
سەر وەردەگێڕێ و سەیری شۆستەکەی ئەوبەر دەکا. دەڵێ:
خۆ ڕاست دەکەی، ئەوە منم!
وادیارە هەڵە نەبووی هەر ئەم پاییزە دەژیت.
خۆ پێم گوتی. دەمزانی.
چۆنت دەزانی؟
زانیم.
دەڵێم:
پارێکەیش هەر وات گوت.
بەترپێراریش هەر وام گوت!
یەعنی ئەوەندە خێرا تێپەڕی؟
خێرا تێپەڕی.
من بێدەنگ دەبم. بۆنی باران دێت. دەڵێم:
من ئەویشم لەوێ لەو بەر بینی.
کێ؟
ئێوە پێکەوە لەوێوە تێپەڕین.
فریا ناکەوم قسەکەم تەواوکەم کە دەبینم هەموو ئەوانەی وا ساڵانی ساڵ لەوە پێش تێپەڕین لەوێ لەوبەر جادەکە خەریکن تێدەپەڕنەوە. دەڵێم:
سەیرە هەمووتان کۆبوونەتەوە!
سەیرە؟
سەیرە!
چەند پاییزی تر دەبێ بژیت بۆ ئەوەی لات سەیرنەبێ؟
بێدەنگ دەبم. شەرمێک دامدەگرێ. خێرا دەزانم جارێکە ژیان بە بەرمەوە ماوە. دەڵێم:
خۆشحاڵم سەرەڕای ئەوەی خەریکی لەوێ لەوبەر جادەکەوە تێدەپەڕی، بەڵام لای من دانیشتووی.
قسەکانمان هێشتا تەواو نەبووە.
ڕاستە تەواونەبووە، ... پێم وایە قەتیش تەواونابێ.
نا قەت تەواو نابێ.
کەواتە تۆ هەمیشە پاییزان لێرەی، ... دەێیتەوە؟
دێمەوە.
چایچییەکە دێت و چاییەکی تر دەخاتە بەردەمی لەسەر مێزەکە. سوپاسی دەکا. بۆنی چاییەکە لەو ئێوارە پاییزییەدا دەگاتە لووتم. دیسان بیری شەوانی پاییز دەکەومەوە. شەوانی پاییزی ساڵان. دەلێم:
هەموو شتێک چەند خێرا تێپەڕی.
هەڵدەستێ و دەست بۆ ئەو بەر جادەکە ڕادەوەشێنێ. هاواردەکا:
مەڕۆ، ... ڕاوەستە، ... ئیستا منیش دێم.
من لە چاییەکە دەڕوانم. دەڵێم:
لانیکەم ئەم دووا چاییەپاییزییە بخۆرەوە جا بڕۆ.
لادەکاتەوە و لێی دەڕوانێ. دەڵێ:
بۆ پاییزێکی تر.
منیش دەڵێم:
بۆ پاییزێکی تر.
ئەوسا لە شەقامەکە دەپەڕێتەوە. لەوبەر، ئەو بە تووش خۆی دەبێتەوە. ئاگام لێیە لەگەڵ یەکتر دەست لێدەدەنەوە و پاش کەمێک قسە پێکەوە وەڕێدەکەونەوە. شان بە شانی یەکتر. وەک هەموو پاییزەکانی تر. لە ناو قەرەباڵغییەکەی ئەو بەرەوە دەستی ماڵئاواییم بۆ ڕادەوەشێنێتەوە.
وەک هەموو پاییزەکانی تر.
هەوا خەریکە تاریک هەڵدەگەڕێ. من چاییەکەی خۆم و ئەویش حسێب دەکەم و بۆ دوواجار سەیری کوورسی و مێزەکەی سەر شۆستەکە دەکەم و، بەرەو ماڵەوە دەبمەوە. کۆڵانەکان وەک هەمیشە درەنگان چاوەڕووانمن.
من چەند حەزم لە شەوانی پاییزە. شەوانی دوورودرێژی، ... شەوانی دیوارەکان و غەریبیی دونیای پشت پەنجەرەکانی. لە حەوشەوە بۆنی دایک و باوکم دەکەم. بۆنی خۆشی بوون و مانەوە. درەختە ڕووتەڵەکان بن باڵم دەگرن و تا ژوورەوە بەڕێم دەکەن. سوپاس کە ئەوان هێشتا هەن. دایک و باوکم دەڵێم، ... دایک و باوکە پاییزییەکانم. [1]