بۆنی کۆترەکان
#فەرۆخ نێعمەتپوور#
سێ کوڕی هەیە. یەکەمیان شەقاوەیە، دووهەمیان شۆڕشگێڕە و سێهەمیان شاگرد چایچی.
هەموو ڕۆژێ کاتی نانخواردنی شەوان، لەناو سێ کوڕەکەیدا دەبێ بە شەڕ. شەقاوەکە دەبێ لە سەرەوەی سفرەکە دابنیشێ، شۆڕشگێڕەکە پێی وایە ئەمە زوڵمە و نابێ، شاگرد چایچییەکەیش مەزڵوومانە دادەنیشێ و هیچ ناڵێ.
کە شەقاوە و شۆڕشگێڕەکە لێک ڕاست دەبنەوە، چایچییەکەیش غیرەت دەیگرێ و لە پشت سەری شۆڕشگێڕەکەوە ڕادەوەستێ و خۆی مۆڕدەکاتەوە. شەقاوەکە کە چاوی بەمە دەکەوێ خوای نامێنێ و، برا شۆرشگێڕەکەی لەبیردەچێتەوە و هەوڵ دەدا خۆی بگەیەنێتە ئەو. بەڵام مەگەر دەتوانێ؟
هەمیشە بە هەڵکەوت قاچێکی دەچێتە سەر گۆشەیەکی سفرە لووسەکە و ئیتر بە سەروملەوە دەڕوا. دایکیان دەکێشێ بە سەری خۆیدا و باوکیان دەچێتە حەوشێ و جگەرەیەک دادەگیرسێنێ. مێروولەکانیش شایی لۆغانیانە، لە قوژبنەکانەوە بە شوێن وردە چێشت دا دەردەکەونەوە. ڕەش و زەرد. گەورە و بچووک.
شەقاوەکە یەکجار ڕقی لە چایچییەکەیە. نەک لەبەر ئەوەی کاسبە، یاخود ساڵی یەک دەست کەواو پانتۆڵی بەسە، نا، لەبەر ئەوەی بۆنی چایی دەدا، ئەویش چایی کۆن و کوڵاو و هەرزان. بۆ ئەوەی ئازاری بدا ناوی ناوە بەچکە چا. بەچکە چاش هیچ ناڵێ و تا دەتوانی خۆی لێ دەبوێرێ. بەڵام تاکەی دەتوانێ؟
نە خانووەکە ئەوەندە گەورەیە و نە حەوشەکە. بەتایبەت کە حەوشەکە دارگوێزێکی زەلامیشی تیایە بەو لق و چڵانەوە لەوانەیە بچن بە ناو چاودا. ژێر دارگوێزەکەیش، ئەوێیش، پڕی مێروولەیە.
شۆڕشگێڕەکە کە لە ئەساسدا لەبیری گۆڕینی وڵاتدایە، هەنووکە بەناچار خەیاڵی چووەتە سەر برا شەقاوەکەی. چارەیەک نەبینێتەوە، ژیان ئاوا ناڕواتە پێش. ڕۆژێک مێروولە دەست بەسەر هەموو شتێکدا دەگرێ و هەم دایکی سەری دەتۆقێ و هەم باوکی بە دووکەڵ دەخنکێ.
ئێوارەیەک لەدووای هەڵخلیسکانێکی تری برا شەقاوەکەی، دەچێتە حەوشێ لای باوکی و دەڵێ بۆ سیان، بۆ دووان نا؟ باوکی لە پشت مژە دووکەڵێکەوە لێی دەڕوانێ و دەڵێ ئەو سەردەمانە پرسیار هەر نەبوو، هەموو شتێ تەنیا ڕووداو و چارەنووس بوو. دەپرسێ بۆ ئەمیان بوو بە شەقاوە؟ قونچکەکە دەگەزێ و دەڵێ نازانم، ڕەنگە لەبەر ئەوەی لە هەمووتان گەورەترە. یان ڕەنگە تاوانی ساڵی لافاوەکەیە!
هەوای قورسی ژێر دارگوێزەکە لە خۆیانی دەگرێ. باوکی دەڵێ لەژێریا جگەرەیش تامی نامێنێ، دەبێ بیبڕمەوە.
شەقاوەکە کۆتربازیشە. کەس نازانێ لەم وڵاتە بۆ تەنیا شەقاوەکان حەزیان لە کۆترە و بۆ کۆتر بۆ ئەوان بەجێ ماوە. ئەویش ئەم باڵندە جوان و سیحراوییە کە کاتێک دەگمێنێ، ڕۆح دێنێتە سەما. جارێکیان پرسیم. وتیان بۆ خەڵەتاندنی منداڵ و بۆ هەوەسبازییە. ئەها، کەواتە کۆتر ئەوەندە جوانە کە دەتوانێ منداڵ ئاگای لە جەستەی خۆی نەمێنێ. ئەم کۆتربازانە چەندە فێڵەبازن! باشە چۆن چۆنی ئەم ڕازەیان دۆزیوەتەوە؟ بەڵام نا، من باوەڕم بەم چیرۆکە نیە. لای من ئەوان حەزیان لە کۆترە لەبەر ئەوەی ڕووی دزێوی خۆیانی پێ لەبیربکەن. خۆیان بەهەڵە وەک کۆتر دێتە بەرچاو. خۆفریودانێکی خۆش.
برا چایچییەکە ڕقی لە کۆترەکانە. دەڵێ بۆنی شەقاوەکەیان گرتووە. دەڵێ کە دەفڕن لەگەڵ خۆیان بۆنە ناخۆشەکە بەسەر هەموو شاردا بڵاو دەکەنەوە. کۆترەکانیش کە دەفڕن، زۆر قووڵ دەفڕن. من هەست دەکەم هەوڵدەدەن تا بتوانن لە خاوەنەکەیان دوور بکەونەوە، ئەگەرچی لەو سەرانە ڕەنگە زۆر بە ئاسانی بەتووش واشە و باڵندە گۆشت خۆرەکانی تریشەوە بن. بەڵام مەگەر شەقاوەکە وازدێنێ. دادەنیشێ تا دەگەڕێنەوە. هەمیشەیش دەگەڕێنەوە. کۆترەکان تازە دەستەمۆن، ئەگەرچی سروشت تەنیا چەند سەد مەترێک لەو دیوی خانووەکەیانەوەیە. ڕۆژێک بە باوکیان دەڵێم چاوت لێیە کۆترەکان لەسەر دارگوێزەکە هەڵدەنیشن! بۆیە دارەکە مەبڕەوە! کەس نازانێ خەیاڵی باوک لە کوێیە.
شۆڕشگێڕەکە بیردەکاتەوە چلۆن پلانێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە، وەها کە زوو لەم بەزمە ڕزگاری بێت و بتوانێ بگەڕێتەوە سەر پلانە سەرەکییەکەی، پلانی مەزنی ڕزگاریی وڵات و گەل. ڕۆژێک سەرئەنجام بەو ئاکامە دەگا کە تەنیا ڕێگا کوشتنی کۆترەکانە. گەر کۆترەکان نەمێنن ئەوا شەقاوەکەیش سەری خۆی هەڵدەگرێ و دەڕوا. بۆ ئەو دووردوورانە، بۆ ناو کونی ئاسمان. بەڵام ئەو کە مرۆڤێکی بەبەزەییە حەزی بە هەڵکەندنی سەریان نیە. بۆیە دەچێ ژار دەکڕێ. وەها کە تێکەڵ بە ئاوەکەیانی بکا و ئیتر تەواو. بەڵام ڕێک لەو کاتەدا دەیەوێ ژارەکە بکاتە ناو ئاوەکەیانەوە، پەشیمان دەبێتەوە. پرسیار: ئاخر مەگەر ئەم گیانلەبەرە بەستەزمانانە چ تاوانێکیان کردووە کە دەبێ ببنە قۆچی قوربانی کێشەکە؟
نا، ئەم کارە ناکا. جگە لەمە لای برا شۆڕشگێڕەکە ئەمە کردەیەکەی مەکیاڤیلانەیە. نا، مرۆڤ نابێ بۆ گەیشتن بە ئامانج لەهەموو شتێ کەڵک وەربگرێ. بەڵام ئەی چاری تر؟
لەگەڵ باوکی قسە دەکا. پێی دەڵێ داخۆ ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە برای گەورە لەبیری ژیانێکی سەربەخۆدا بێ بۆ خۆی و بڕوات؟ باوکی بە سەرسوڕمانەوە لێی دەڕوانێ. ڕۆڵە خۆ جارێ ژنی نەهێناوە. نا ژنی نەهێناوە.
بیردەکاتەوە ڕەنگە ئەمیش جارێکە وازبێنێ باشترە. چ دەبێ کە لەسەرووی سفرەکە دابنیشێ؟ چاوی دەرێ. با ئەوەندە دابنیشێ تا دڵی دەردێ! با لەوێ بێت تا ژن دێنێ و دەگوازێتەوە، هەرچەند زۆر ناعادلانەیش بێت. بۆیە وازی لێ دێنێ.
بەڵام برا شەقاوەکە کە فێری ئەم بەزمە بووە، وازناهێنێ. هەموو ئێوارەیەک بە تەوسەوە دادەنیشێ، هەوڵدەدا تووڕەیان بکا. لاتاو دەهاوێ. برا شۆڕشگێڕەکەیش چەندە زوو تووڕەدەبێ. دەچێ بە ئاسمانا. دیسان مۆڕەکەی برا چایچییەکە، هەوڵی شەقاوەکە، هەڵخلیسکانی لەسەر سفرەکە و دەرکەوتنەوەی مێروولە زەرد و ڕەش و گەورە و بچووکەکان، ... دیسان چەپۆک و جگەرەی ناو حەوشەی ژێر دارگوێز.
خەیاڵ: ڕەنگە ڕۆژێک تۆفان بەزەیی بەسەریانا بێت و لەگەڵ خۆی بیبا، یان ڕنگە لافاوێک هەستێت و ڕاپێچی دا و ئیتر تەواو! تەنانەت ڕەنگە دەستێک لە نادیارەوە، کە ئەویش کەس نازانێ چۆن وەها لە نادیاردا ڕقی هەستاوە و وەها بڕیارێکی داوە کە بێت و بوونەوەرێکی لەم چەشنە بۆ هەمیشە بڕفێنێ.
رۆژێک دایکیان سفرەکە بیست و پێنج دەرەجە دەگێڕێ و لە جیاتی ئەوەی لا کورتەکەی، کە تەنیا شوێنی دانیشتنی یەک کەس بوو، لە تەنیشت پەنجەرەکە لەسەرەوەی ماڵەکەدا ڕابخا، لا درێژەکەی دەخاتە ئەوێوە. شەقاوەکە سەری لێ تێکدەچێ. کەمێک ڕاوەستێ و دەست لەژێر چەناگە ڕادەمێنێ. سەرئەنجام دەچێتەوە لای شوێنە کورتەکەوە!
شۆڕشگێڕەکە و چایچییەکە ئیستاکە خۆشحاڵن. شۆڕشگێڕەکە بیردەکاتەوە چەند گێل و نەزانانە شتێکی ئاوەها وردی لەخۆوە گەورە کردبووەوە. چایچییەکەیش کە ماندووی چایی دانانە، لە دەروونەوە گاڵتەی بە شەڕی ئێواران دا دێتەوە.
ئیتر شۆڕشگێڕەکە دەگەڕێتەوە سەر ژیان و پلانی جارانی. بیردەکاتەوە ئەو بۆ چارەسەری شتی ئاوەها بچوک نەخوڵقاوە! شوێنی ئەو، ئاسمانی کراوە و بێ سنوورە. چاییچییەکەیش چیدی لە سەر کار بۆنی شەقاوەکە لە هەوای شاردا ناکاو، شەقاوەکەیش هەر خەریکی فڕاندنی کۆترەکانیەتی.
کەس هێشتا نازانێ برا شەقاوەکەی ماوەیەکە بە پێچەوانەی جاران بۆنی کۆترەکانی گرتووە.[1]