کە تەمەن ڕۆیشت
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
کە تەمەن ڕۆیشت، باوکم لە حەوشە خەریکی ئاودانی گوڵەکان بوو. من کە لە سەفەرێکی دوور دەگەڕامەوە، دووا جادەی ناو ئێوارەم بڕی، گەیشتمە کۆڵانە هەمیشەییەکە و بە ئارامی دەرگا ئاسنینە گەورەکەی جارانم کردەوە. هەموو شتێ بۆنی تێپەڕینی دەدا، بۆنێکی خۆش و ناخۆش کە لەگەڵ گوڵەکانی حەوشە و تۆزی دەم پڕژەی ئاو تێکەڵ ببوو. خۆش لەبەر ساتی گەڕانەوە و ناخۆش لەبەر ساتە نەگەڕاوەکان.
باوکم لای نەکردەوە. من کە هێشتا تامی ڕێگاکانم دەدا و سێبەری دۆڵەکان لە قژە درێژەکانم ئاڵابوون و مشتێ تیشکی زەردەپەڕ لە نیگاکانم دا مابوونەوە، لە دیمەنەکەی بەردەمم وردبوومەوە. هەموو شتێ چەند سادە و ساکار دەینواند. ویستم پێی بڵێم نەمدەزانی لەدووا چرکەکانیشدا دەکرێ مرۆڤ گوڵەکان ئاوبدات، بەلام نەمگوت. هەموو شتێ تەنیا ئاماژە بوو بە بێدەنگی و بە ڕامان.
پەپولەیەکی سەرگەردان بە باڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی نیگای قۆستمەوە. بە دەوری درەختە سێوەکەی بەردەمم، بە لەنجەولار، بەرز و نەوی سوڕێکی خوارد و لە ڕوخسارم نزیک کەوتەوە. بۆنی گوڵەکانی باوکمی دەەدا. ئیستا بوو زانیم دایکم لەمێژە بزربووە. ئەو پێش ئەوەی تەمەن بڕوات، ڕۆیشتبوو.
جانتاکەم لە کٶل کردەوە و نام بە دیواری تەنیشت دەروازەکەوە و بە ئارامی لەسەری دانیشتم. شتێک پێی دەگوتم هێشتا من بە تەواوی هی ئێرە نیم و دەبێ لەسەرەخۆ هەنگاو هەڵبێنم. پێی دەگوتم کە ڕاستە لە پاش ساڵانی ساڵ گەیشتوومەتەوە و هەرچەند بە پەلەیش هەنگاوم هەڵهێناوە، بەڵام دەبێ ئارام بم، دەبێ تاقی بکەمەوە، ئەوەیکە ساڵەکان تازە کەوتوونەتە نێوان و، نە من ئەوەی جارانم و نە ئێرە و نە ئەو نەختە تەمەنەی بەبەرە ماوە. بیرم کردەوە گەر دایکم مابا ڕەنگە هەموو شتێ جۆرێکی تر دەبوو، ... ڕەنگە!
باوکم هەر خەریکی ئاودانی گوڵەکانی بوو. ئەو تازە بەوان خووی گرتبوو. ئەو نە بڕوای بە من مابوو و نە بە دایکم. جوڵەیەکم کرد. ویستم بڵێم گوناهی خۆم نەبوو، بۆ دایکیشم نازانم، بەڵام وەک خۆم سەبارەت بە خۆم گوناهی خۆم نەبوو، ئەوەیکە ئیتر وەهایە، ڕێگاکان گەر ئێمە نەبن ئیتر ڕێگا نین و بۆیە بەناچار دەبێ شوێنیان بکەوین، بگرە هەر پیش ئەوەی لە دایک بین ئەم چارەنووسە بە بەرمان بڕاوە. ویستم ئەمانە بڵێم، بەڵام نەمگوت. هەموو شتێ چەند بێ مانا لە دەروونم دا دەنگی دەدایەوە. یان ڕەنگە ئێوارەیەکە و مشتە زەردەپەڕەکە هەموو ماناکانیان بۆخۆیان قۆستبووەوە. منیان وەک بنێشتێکی تام مژراو فڕێدابوو.
دەستم برد، پووشێکی زەردی وشکم لە بنەگیایەکی سەوزی تەنیشم کردەوە و دەستم کرد بە خاوێنکردنەوەی بەینی دیانەکانم. پووشە بۆشەکە بە ئاسانی جێی خۆی لە نێوان دیانە شاشەکانم دا دەکردەوە و وردەپاشماوەکانی نانە ڕەقێکیان بە پاڵەپەستۆ فڕێ دەدا دەرەوە. زمانم دەیگرتنەوە و قووتی دەدانەوە. چەندە حەزم دەکرد بارانێک ببارێ بۆ ئەوەی دەرفەتێک دەست بدا بەڵکو باوکم بتوانێ لابکاتەوە و سەیرێکم بکا. بارانێک بە قەدەر باخچەی گوڵەکان. سەیری ئاسمانم کرد. تەنیا یەک پەڵەهەوری خۆڵە مێشیی کەنار سپی، سەرگەردان بەرەو ڕۆژهەڵات.
دیسان لێم ڕووانییەوە. وتم دەزانم درەنگ کەوتم، بەڵام خەتای خۆم نەبوو. بۆت باس دەکەم. سەرەتا لەسەر ڕێگا چۆلەکەیەک بەری پێگرتم، بەچکەکەی کەوتبووە خوارەوە. کە هەڵمگرتەوە ئەوجا دەستم نەدەگەیشتە هێلانەکەی. هێلانەکەی بەسەر درەختێکی قەد ناسکەوە بوو، قورسایی جەستەی منی ڕانەدەگرت، بە ناچار مامەوە تا درەختەکە گەورەتر بوو و قەدی ئەستوورتر. هەر ئەمە نەبوو، لەسەر ڕێگا بەتووش دایکێکەوە بووم، بە شوێن خەیالە بەجێماوەکانی کوڕەکەیدا دەگەڕا، دەگەڕا و کۆیدەکردنەوە، منیش یارمەتیم دا، ساڵانی ساڵی خایاند، نازانم بۆ هەر کۆتایی نەدەهات، جارێکیان لێم پرسی مەگەر کوڕەکەت خەریکی چی بوو، ... بۆ مەگەر وەڵامی دامەوە! جارێکیان ئەمجارە بەتووش کچێکەوە بووم، بڕیاری دابوو لە شەونم هەزاران ملوانکە دروست بکا، بەهار بوو، منیش لەگەڵی کەوتمە کۆکردنەوەی شەونم، ئەوسا ملوانکەکانمان بۆ خانوویەکی گەورەی سارد لە دۆڵێکی قووڵ گواستەوە، خانوویەک بە هەزار ژوورەوە، جارێکی تر بەتووش پیرەپیاوێکەوە بووم، گوتی لە ڕازی زەمەن گەیشتووە و بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم ڕازە بدرکێنێ لە ڕستەکەیدا تەنیا یەک وشەی کەمە، بەڵام وشەیەکی گرینگ و، بۆیە داوای کرد گەر بتوانم بەڵکو یارمەتی بدەم و بۆی بدۆزمەوە، دەزانی ساڵانی ساڵ ئەو لێڕەوارەی ئەو تیای دەژیا گەڕاین، بن دار بە بن دار، ژێر هەموو گەڵاکان و نووکی هەموو چڵەکان، نەماندۆزییەوە کە نەماندۆزییەوە!
باوکم هەر خەریکی ئاودانی باخچەکەیەتی. دەزانم دەزانێ منم. شێوازی ئاودانەکەی ئەمەم پێدەڵێ. ئەوەیکە ناجوڵێ، ئەوەیکە ساڵانی ساڵە ئەم گوڵانە ئەویان ڕاگرتووە. لەدەروونەوە خۆشحاڵم شتێکی هەبووە خۆی پێوە سەرقاڵ بکا. نیگام دەچێتە سەر گوڵەکان. لەهەموو چەشنێکن. باخچەیەکی هەزار ڕەنگ. لەژێر پڕژەئاوەکاندا سەما دەکەن، ملیان خواردەکەنەوە و دەڵێی بەدەم یەکترەوە پێدەکەنن.
بەدەستی چەپدا ژوورە سێبەراوییەکانن. ئەوانیش وەک باوکم پەلەیان نیە. هەموو شتێک چەند لە چاوەڕوانییەکی پشوودرێژدا خۆدەردەخەن. دەلێی زەمەن وەستاوە. هەموو شتێک چەند بەپێچەوانەی من و خەیاڵ و ڕێگاکانمە. پێکەنینم دێ. منیش سەرئەنجام هاتمەوە ئێرە. ماڵەوە، لەوە 'هەیە' ترە بیری لێدەکەینەوە. دەستێک بە ڕیشی ماش و برینجیی درێژمدا دێنم، چەند ڕستەی ون دەوەرن و دەبن بە زەڕنەقوتە و بەباڵەکوتە لەناو دارسێوەکانی تەنیشتم دا ون دەبن.
کتوپڕ هەست بە دوو نیگای سرک لە پشت پەنجەرەکانەوە دەکەم. وەک هەورەبرووسکە ددەدرەوشێنەوە و ون دەبن، ... دەدەرەوشێنەوە و ون دەبن. نازانم بۆ، بەڵام زۆر خێرا دەزانم نیگاکانی ئەون، هی دایکم. ئەو، ئەوانی لەگەل خۆی نەبردبوو. بەتەمای ئەمڕۆژە. ئەو دەیزانی، ... ئەو دەیزانی. نیگاکان پێدەکەنن و پێم دەلێن ئەوەندە دامەنیشە و بیرمەکەوە، دەڵێ گوڵەکانی باوکم چاوەڕوانمن، هەستە و نۆرەی تۆیە ئاویان بدەی.
دەجوڵێم. ئارام بەرەو باوکم دەرۆم. ئەو هەر ناجوڵێ. لەگەڵ هەر هەنگاو، لەو ئێوارە درەنگ وەختەدا، دەنگی ئاو و پڕژەی وەبەرکەوتنیان لەگەڵ پەڕەی گوڵەکان جوانتر دێنە گوێ. جوانتر هەست بە بۆنی خۆڵ دەکەم.
کە دەگەم، بە ئەسپایی دەڵێم باوکە نۆرەمە، بەڵام وەڵامێک نابیستم. باوکم لاناکاتەوە. هەر کە دەست دەبەم سۆندەکە بگرم، هەست دەکەم دەستم دەخزێتە ناو دەستییەوە. لەوێوە هەموو جەستەم بەکاوەخۆ خۆی دەخزێنێتە جەستەیەکی ترەوە. تاوێکی تر باوکم بزر دەبێ. ئاوپڕژێنەکە هەر بەردەوامە.
نازانم چەند ساڵ دەگوزەرێ. گوێم لێیە یەکێک لەدوواوە دەروازەی حەوشەکە دەکاتەوە و دێتە ژوورەوە. دەزانم کێیە. بەلاچاو ئاگام لێیە پاش کەمێک جانتاکەی دەنێ بە دیوارەکەوە و لەسەری دادەنیشێ و ورد ورد دەڕوانێتە من و گوڵەکان و باخی سێوەکە و ژوورەکان. ئاگام لێیە بۆنی ڕێگاکان دەدا.[1]