ویلایەتی #دیاربەکر# (#ئامەد#) ناوی ویلایەتێکی کوردییە لە باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و یەکێکە لەو حەوت ویلایەتە کوردییەی له چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانییەکاندا بوون و پێنجە مین ویلایەتی کوردستانه له ڕووی ڕووبەرەوە و ئەم ویلایەتە ناوەندی شەش ویلایەتەکەی باکووری کوردستان بووە، بێجگە لە ویلایەتی (مووسڵ) که زۆرینەی خاکی هەرێمی باشووری کوردستان و ناوچە داگیرکراوەکان، واتا ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستان پێک دەهێنێت. ویلایەتی دیاربەکر (ئامەد) لە باکوورەوە به هەر دوو ویلایەتی (#بتلیس#) و ویلایەتی (#مەعمورەتولعەزیز#) و لە ڕۆژئاواوە دووباره به ویلایەتی (مەعمورەتولعەزیز) لەگەڵ ویلایەتی (#حەڵەب#) و له باشوورەوە بە ویلایەتی (مووسڵ) و #موتەسەڕیفیی# (#دێرەلزور#) و له ڕۆژهەڵاتەوە دووباره بە ویلایەتی (بتلیس) لەگەڵ ویلایەتی (وان) دەوره دراوه، که لە ساڵی (1864ز) دامەزراوە، واتا شوێنی ئیالەتی دیاربەکری گرتووه که ئەم ئیالەتە لە نێوان ساڵانی (1515-1526ز)دا لە نزیکەی دوانزدە سنجەق پێک هاتبوو و لە نێوان ساڵانی (1526-1560ز)دا بووە نزیکەی شانزدە سنجەق، بەڵام له نێوان ساڵانی (1560-1867ز)دا بووە پانزدە سنجەق، واتا یەک سنجەق کەمی کردووە و ئەم ویلایەته تاوەکوو ساڵی (1922ز) بە ویلایەت مایەوە که له و ساڵەدا کرایه چەند پارێزگایەکی له یەکتری جیا و ئەوانیش پارێزگای ئامەد (دیاربەکر) و پارێزگای مێردین (ماردین) و پارێزگای خارپێت (ئەلازیگ-ئەلازیغ)ن، که ئێستا تەواوی خاکی ویلایەتەکە سەر بە کۆماری تورکیان.
ویلایەتی دیاربەکر (ئامەد) لە ساڵی (1895ز)دا دانیشتوانە مەسیحییەکانی ڕووبەڕووی کۆمەڵکۆژی بوونەوە لەلایەن هێزەکانی سوپای دەوڵەتی عوسمانییەکان و جاشە کوردەکانی سەر بە هێزەکانی سوارەی حەمیدییە، واتا کۆمەڵکۆژییەکە هەر دوو نەتەوەی ئەرمەن و کلد و ئاشووری گرتووە کە تێیدا نزیکەی 25 هەزار کەس لە مەسیحییەکان کwژران و ئەو کۆمەڵکۆژییە لە سەردەمی حەمیدییە و لە نێوان ساڵانی (1894-1896ز)دا بوو کە تێیدا مەسیحییەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکۆژی بوونەوە.
ڕووبەری ویلایەتی دیاربەکر (ئامەد) نزیکەی 46 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی تورکی ڕووبەری ئەم ویلایەتە بە نزیکەی 46 هەزار و 800 کیلۆمەتری چوارگۆشە دادە نێن. ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی چوار سەد و 72 هەزار کەسە و زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتوانەکەی لە نەتەوەی کوردن کە بە دوو شێوەزاری زمانی کوردی قسە دەکەن؛ ئەوانیش هەر دوو شێوەزاری کرمانجی و شێوەزاری #زازایی# (#زازاکی#)ن و باقیەکەی تر له نەتەوەکانی تورک و ئەرمەن و کلد و ئاشوور و یەهوودی (جوو) پێک هاتووه و لە ساڵی (1914ز)دا ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکە نزیکەیی سەش سەد و 20 هەزار کەس بووە و بەم جۆرە دابەش بووە به سەر سنجەقەکاندا: سنجەقی دیاربەکر (ئامەد) دوو سەد و 56 هەزار کەس و سنجەقی ماردین دوو سەد و 14 هەزار و 646 کەس و سنجەقی #ئەرغەنی مەعدەنی# 149 هەزار و 354 کەس. لە ڕووی ئاینییەوە بە؛ جۆرەیە: چوار سەد و 70 هەزار کەسیان موسڵمانانن و 120 هەزار کەسیان مەسیحی و 20 هەزار کەسیان ئێزدی و 10 هەزار کەسیان یەهوودی (جوو)ن.
ویلایەتی دیاربەکر له ڕووی کارگێری (ئیدارە)یەوە دابەش کراوە بەسەر سێ سنجەقدا که ئەوانیش سنجەقی دیاربەکر (ئامەد) و سنجەقی مێردین (ماردین) و سنجەقی ئەرغەنی مەعدەنییه بەم شێوەیە:
یەکەم- سنجەقی دیاربەکر (ئامەد)، که ناوەندی ویلایەتی دیاربەکر (ئامەد) ە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی دوو سەد و 56 هەزار کەس و له ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوە بەسەر حەوت شارۆچکە (قەزا) و 26 شارەدێ (ناحیە) و هەزار و سێ سەد و 35 گونددا:
1- شارۆچکە (قەزا)ی ناوەندی دیاربەکر (ئامەد)، دانیشتوانەکەی 91 هەزار و 151 کەسه و پێک هاتووە له پێنج شارەدێ (ناحیە) و 318 گوند.
2- شارۆچکە (قەزا)ی #لیجه#، دانیشتوانەکەی 28 هەزار و 722 کەسە و پێک هاتووە لە سێ شارەدێ (ناحیە) و 230 گوند.
3- شارۆچکە (قەزا)ی #سیلوان# (#میافارقین#)، دانیشتوانەکەی 21 هەزار و 743 کەسە و پێک هاتووە لە سێ شارەدێ (ناحیە) و 222 گوند.
4- شارۆچکە (قەزا)ی #دێرەک#، دانیشتوانەکەی 22 هەزار و 668 کەسە و پێک هاتووە له چوار شارەدێ (ناحیە) و 78 گوند.
5- شارۆچکە (قەزا)ی #سیوەرک#، دانیشتوانەکەی 41 هەزار و 716 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ (ناحیە) و 484 گوند.
6- شارۆچکە (قەزا)ی #بەشیری#، دانیشتوانەکەی 22 هەزار و 318 کەسە و پێک هاتووە لە سێ شارەدێ (ناحیە) و 102 گوند.
7- شارۆچکە (قەزا)ی #وێران#، دانیشتوانەکەی 27 هەزار و 682 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ (ناحیە) و 331 گوند.
دووەم- سنجەقی مێردین (ماردین)، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 214 هەزار و 646 کەسه و له ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوه به سەر پێنج شارۆچکە (قەزا) و 55 شارەدێ (ناحیە) و هەزار و 402 گوند بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکە (قەزا)ی ناوەندیی مێردین (ماردین)، دانیشتوانەکەی 71 هەزار 969 کەسە و پێک هاتووە له دە شارەدێ (ناحیە) و 203 گوند.
2- شارۆچکە (قەزا)ی #جەزیرەی بۆتان#-جەزیرەی ئیبن عومەر، دانیشتوانەکەی 24 هەزار و 538 کەسە و پێک هاتووە لە دوانزدە شارەدێ (ناحیە) و 220 گوند.
3- شارۆچکە (قەزا)ی #مەدیات#، دانیشتوانەکەی 58 هەزار و 777 کەسە و پێک هاتووە له 21 شارەدێ (ناحیە) و 510 گوند.
4- شارۆچکە (قەزا)ی #ئەوێنه# (#ساروو#-#ئاۆوئنێ#)، دانیشتوانەکەی 42 هەزار و 356 کەسە و پێک هاتووە له پێنج شارەدێ (ناحیە) و 199 گوند.
5- شارۆچکە (قەزا)ی #نووسەبین#، دانیشتوانەکەی 17 هەزار و شەش کەسە و پێک هاتووە له حەوت شارەدێ (ناحیە) و 243 گوند.
سێیەم- سنجەقی ئەرغەنی مەعدەنی، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 149 هەزار و 354 کەسە و لە ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوه به سەر سێ شارۆچکە (قەزا) و سیانزدە شارەدێ (ناحیە) و هەزار و 364 گوند بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکە (قەزا) ی ناوەندی ئەرغەنی مەعدەنی، دانیشتوانەکەی 83 هەزار و 185 کەسە و پێک هاتووە لە د و شارەدێ (ناحیە) و 529 گوند.
2- شارۆچکە (قەزا)ی #پاڵو#، دانیشتوانەکەی 45 هەزار و 938 کەسە و پێک هاتووە له حەوت شارەدێ (ناحیە) و 716 گوند.
3- شارۆچکە (قەزا)ی #چەرمیک#، دانیشتوانەکەی 20 هەزار و 231 کەسە و پێک هاتووە له چوار شارەدێ (ناحیە) و 190 گوند.
سەرچاوەکان
1- د. #عەبدوڵڵا غەفوور#: جوگرافیای کوردستان.
2- #یاسین سابر ساڵح#: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی.
3- وریا ڕەحمانی: کورد و کوردستان لە ڕوانگەی نەخشەوانییەوە.
4- #فەرید ئەسەسەرد#: ئەتڵەسی سیاسی هەرێمی کوردستان 1914-2005ز-ئامادەکردنی: سەردار مەحمەد عەبدولرەحمان و هۆشیار مەحمەد ئەمین خۆشناو.
5- #فەیسەڵ دەباغ#: کوردستان لە چاپکراوە عوسمانلییەکاندا-که نووسەر له زمانی تورکی عوسمانلییەوە کردوویەتی به کوردی.
6- سەنتەری برایەتی: ویلایەتەکانی کوردستانی تورکیا له سەردەمی حوکمڕانی عوسمانییەکاندا- لە زمانی عوسمانییەوە کردوویەتی به کوردی-فەیسەڵ دەباغ.
7- #شەمسەدین سامی#: کورد و کوردستان له قامووسولئەعلامدا-وەرگێڕانی بۆ کوردی : ئەحمەد تاقانە.
8- ئینتەرنێت-ویکیپیدیا.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]