وا بەیانە گزنگی خۆر دەرکەوت
نمی شەونم بە تیشکی ڕۆژ سەرکەوت
غونچەگوڵ خۆنواندنی بەر کەوت
بلبلیش شۆڕی خستە ناو گوڵزار
لالە تارایە بۆ پەری شاخان
فێنکی گیانە بادی لەیلاخان
دەمی ئێوارە سێبەری باخان
خۆشە بۆ یار و بادەیی سەرشار
ئەم تەرانەی گوڵ و ملە گیانە
بێ تۆ لای من ژیانی زیندانە
جەژن و شادیم هەمیشە گریانە
من و بلبل جووتە زار و هەژار
فێری فرمێسکمە گوڵاڵەی دەورم
وا لە داخی تۆ بێوەفا ئەمرم
چاوەڕێم کەوا بێیتە سەر قەبرم
بە هەوات زیندوو ببمەوە دوو جار
لە بەهەشتا بە یادی تۆ شادم
بە تەماشای فریشتە ئازادم
جەننەت ئەفرۆشم ئادەمیزادم
بە نیگاهێکی دیدەیی بیمار
1932 [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#