لە ژێر زەردەی خۆرەتاوا،
بە ناو چیمەنی گوێ ئاوا،
چەن بە ئاهەنگ، چەن سیحراوی
ئەگەڕێ قاز، یان مراوی!
یا کەو لەسەر بەفری نزار
بۆ لووتکەی هەزار بە هەزار،
چەن ئێسکسووک چەن گورج و گۆڵ
ئەکشێ: پشت لە تۆی تەختی دۆڵ!
یا کەروێشکی تێر و قەڵەو
لەبەر تریفەی مانگەشەو
چەن جوان ئەڕوا بە قونەقون
سرک و گورج و سپی و خرپن!
یا پۆڕ لە گوێڕێگای دەشتا
لەگەڵ سایەقەی پاش وەشتا
چەن ورد و جوان، بە لەنجە و لار
ئەشێلێ سەوزە گیای بەهار!
یا کۆتری حەوشی مزگەوت
چەن خنجیلانەی لێ دێ ڕەوت!
ئەوەندە جوان، لەوە جوانتر
لە شنەی بای شەو ڕەوانتر
لە لەرەی پرشنگ، ئاوازە
لە خوڕەی ئاو، شیعری تازە
بە ئاهەنگتر، بە خورۆشتر
بە گوێچکەی دڵ دەنگی خۆشتر
پێی ناز ئەنێ بەسەر ئەرزا
جوانێ لە بەژنێکی بەرزا!
سەرچاوە: #دیوانی گۆران#
هۆزانەوان: #گۆران# [1]
Tämä tuote on kirjoitettu (کوردیی ناوەڕاست) kieli, klikkaa kuvaketta
avata kohteen alkukielellä!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Tämä tuote on katsottu 40 kertaa
Kirjoita oma kommenttisi tuote!