کورتەی بیۆگرافیی نووسەر: لەدایکبووی شاری سلێمانیییە بەداخەوە ڕۆژ و ساڵ لەبەردەستدا نییه، کوڕی سەبری فەقێ محەمەد و حەمەسەعید مەولودی نانەوایه. خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و پیشەییەکانی لە سلێمانیی تەواوکردووه. لە قۆناغی سەرەتاییدا سەردانی قووتابخانەی گۆرانی کوڕانیی کردووه، قۆناغی ناوەندیی لە قووتابخانەی کانیی ئاسکان تەواوکردووه. پۆڵا سەعید لەدوای قۆناغی ناوەندیی دەیەوێت بچێتە هونەرە جوانەکانیی سلێمانیی لەوێ درێژە بە خوێندن لە بواری نیگارکێشییدا بدات، بەڵام بەهۆی مەرجەکانی ئەو سەردەمەوه، کە بە پلەی یەکەم بەعسییبوون بوو، ڕێگا نەدرا بخوێنێت. ماوەی چەند مانگێک واز لە خوێندن دێنێت، پاشان لەژێر فشاری خێزانەکەیدا دەچێتەوە بۆ پەروەردەی سلێمانیی و ئەوانیش ڕەوانەی پیشەسازیی سلێمانیی دەکەن. لە پیشەسازیی سلێمانییدا چەند گەنجێکی تری هونەرمەند و نووسەر دەناسێت، کە بەهۆی ئەوانەوە دیسان وزەیەک وەردەگرێتەوه، کە لە ئایندەدا بتوانێت بچێتە ئەکادێمیای هونەرە جوانەکان لە بەغداد، بەڵام دواجار بەهۆی ئەوەی، کە یانزدەهەمیین خوێندکاری ده هەڵبژێردراوەکان دەبێت، ئەم خەونەشی نایەتە دی و لە کۆتایی ساڵی 1989 دا ڕەوانەی سەربازیی دەکرێت. لە ساڵی 1987دا پۆڵا لە میانەی قۆناغی پیشەسازیی سلێمانییدا دەبێتە هاوڕێی ڕزگار ئەحمەد، ڕزگار ئەحمەد (ڕزگار ئەحمەد پوورزای شەهید هاوڕێ جەبار و سەڵاحی موهەندیس. بنەماڵەیەک، که شەهیدێکی زۆریان بۆ ڕزگاریی کوردستان داوه) لەدوای ڕاپەڕیین لە ڕێگای یۆنان لە بەلەمێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی تر نقووم دەبن و دەخنکێن. لە ساڵی 1988 دا پۆڵا لە ڕێگای ڕزگار ئەحمەدەوە پەیوەندیی دەکات بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوه. لە ڕاپەڕیینەکەی بەهاری ساڵی 1991 دا پێکەوە بەشداریی ڕاپەڕیین دەکەن. بۆ بەهێزکردنی هێزی سەربازیی و پێشمەرگەی کوردستان لە ڕێگای تۆپخانەی شۆڕشی یەکێتیی نیشتیمانییەوە بە هاوکاریی عەتا عەبدوڵڵا، کە هاوڕێیەکی قۆناغی پیشەسازیی و سەربازیی بوو، گرووپێک لە هاوڕێکانیان بۆ بەکاربردنی تۆپێکی 57 دروستدەکەن لە سنوری چەمچەماڵ و قەرەهەنجیردا دادەمەزرێن. هێندەی ئێمە بیرمان بێت ئەو هاوڕێیانەی لەم گرووپەدا بوون بریتیی بوون لە (سامان سەعید و سۆران سەعید برا گەورەی پۆڵا سەعیدن، نەبەز عەلی ڕەمەزان برای شەهید ئاکۆ، کوردۆ بەکر ئێستا لە سوێدن دەژیی، عەتا عەبدوڵڵا لە شەڕێکدا بە سەختیی برییندار دەبێت و ئێمە پێمانوایە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژیی، سۆران کەریم کە کوڕی گەڕەکی پۆڵا خۆیان بووه، ئەم سۆرانە یارییزانی تۆپی پێی تیپی کوردیی بووە و دوای ڕاپەڕیینیش لەلای جەبار فەرمان پێشمەرگە بووه. ئەوانەی لەو گرووپەدا بوون و لێرەدا ناویان نەهاتووە دەبێت ببوورن، چونکە ئێمە زانیارییمان لەسەریان نییه، بەڵام دەتوانن خۆیان لێرەدا زانیارییەکان زیاد بکەن و ئەم مێژووە دەوڵەمەندتربکەن.
لە هاویینی ساڵی 1994 دا کوردستان جێدەهێڵێت، لە سەرەتای ساڵی 1995دا دەچێتە وڵاتی ئەڵمانیا و وەک پەناهەندە دەژیی. لە ساڵی 1996 دا دەستبەرداری ڕیزەکانی یەکێتیی دەبێت. له ساڵی 2012ەوه بەیەکجاریی دەگوێزێتەوه بۆ وڵاتی دانمارک.
لە کۆتایی دەیەی یەکەمی دووهەزاردا لە „akademie für ganzheitliches leben- und heilweisen“ دەست بە خوێندنی فەلسەفە دەکات و لە ئەپڕیلی 2010 دا بە سەرکەوتوویی تەواوی دەکات. دوای چەند مانگێک هەر لە ئەڵمانیا لە هەمان ئەکادێمییدا دەست بە خوێندنی پسیشۆ تێڕاپیی دەکات. له کۆتایی ساڵی 2013 دا خوێندنەکەی بەسەرکەوتووی تەواو دەکات. له ئێستادا پۆڵا له نەخۆشخانەی دەروونیی شاری ئابنڕۆ کار دەکات. له پاڵ فەلسەفه و تێڕاپیی دەروونییدا، پۆڵا هیپنۆزه تێڕاپیی و ئەسیستێنتی پزیشکی خوێندووه.
بەرهەمەکانی:
پۆڵا سەرەتا بە وێنەکێشان دەستیپێکردووه، لەگەڵ لەناوچوونی ئەم خەونەیدا دەستدەداتە شیعر نووسیین، خاوەنی سەدان شیعرە و هەتا بەهاری ساڵی 2022 بێجگە لە چەند شیعرێکی، کە لە سایتە ئێلێکترۆنییەکاندا بڵاوبوونەتەوە هیچ دیوانێکی شیعریی چاپ نەکراوه. له سەرەتای بەهاری ساڵی 2022 دا دەزگای مەم و زین هۆنراوەی نیشتیمانی له قەوارەی 290 لاپەڕەدا بۆ بڵاودەکاتەوه. هۆنراوەکه لەدوای هەر ڕۆژەی پۆستێک، درێژتریین هۆنراوەی کوردییه، که هەتا ئێستا نووسرابێت. هۆنراوەکه وەڵامێکه بۆ هۆنراوەی ئێستا کچێک نیشتیمانمهی شێرکۆ بێکەس.
نووسەر خاوەنی چەندیین کورتە چیرۆک و چیرۆکی درێژه، دیارتریینیان، کە بۆ منداڵان نووسراوە بریتییە لە چیرۆکی مینای چکۆلانه کە تا ئێستا دوو بەشی لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە و بەشی سێهەم و کۆتایی بەهۆی ڕەنجاندنەوە تا ئێستا نەکەوتۆتە بەردەست هیچ خوێنەرێک. بەرهەمەکانی نووسەر بۆ چەندیین چاپخانە نێردراون و کەسیان ئامادەی چاپکردنی نەبوون، دیارتریینیان دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمه.
له هاویینی ساڵی 2018 دا یەکەم بەشی ڕۆمانی خەندەی بەرد بڵاودەکاتەوه. خەندەی بەرد ڕۆمانێکی تێکەڵەیه له بیرکردنەوەی زانستیی، بیۆگرافیی ژیانی نووسەر خۆی و ڕیفراندۆم و ئایندەی کورد. ئەم ڕۆمانه دەزگای باس چاپی کرد و بڵاوی کردەوه. بەشی دووهەمی دەزگای موکریان چاپ و بڵاویان کردەوه. بەشی سێهەم دەزگای مەم و زین. وێڕای ئەم بەرهەمانه، دەزگای مەم و زین کتێبێکی لەسەر ژیان و فەلسەفەکانی نیچه و هەر له هەمان ساڵدا کتێبێکی به ناوی لەنێوانی ڕاستیی و ڕق دا، که وەڵامێکه بۆ ڕۆمانی مردووشۆری سارا عومەر بڵاوکردۆتەوه.
ڕۆمانەکانی نووسەر بریتیین له:
1. فڕیینم بیرچۆتەوە لەم کەنارەدا بۆ هاوڕێیەک دەگەڕێم.
2. لە نائاگاییدا هەموومان ئازا و ئازادین.
3. ئەفرۆدیته.
4. خەندەی بەرد له سێ بەشدا.[1]