رۆژانی 21و22ی نیسان، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەبەشداری نوێنەرانی سەرجەم ڕێکخستنەکانی حیزب لە کوردستانو لە دەرەوەی ووڵات و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەندین حیزب و لایەنی سیاسی کوردستان، نوێنەرانی ڕێکخراوی جەماوەری و مەدەنی و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و بواری مافە مەدەنیەکان، کەسوکاری ژمارەیەک لە هاوڕێیانی گیانبەختکردوو، چەندین کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی و ڕۆشنبیری کوردستان، کۆنگرەی سێهەمی خۆی لە شاری سلێمانی بەست. هەروەها پەخشی ڕاستەوخۆی کۆنگرە لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە بواری ئەوەی ڕەخساند کە سەدان کەس لەسەراسەری دنیادا چاودێری باس و بابەتەکانی کۆنگرەی حیزب بن.
دوای بەخێرهاتنی ئامادەبوان و خوێندنەوەی بەرنامەی کاری کۆنگرە کە لە دوو بەش پێکهاتبوو: بەشی کردنەوەی کۆنگرە و بەشی بەرنامە ئاساییەکانی کۆنگرە، بە سرودی ئینتەرناسیۆناڵ، سرودی جیهانیی چینی کرێکار و دەقیقەیەک بێدەنگی و ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی و سۆشیالیزم، قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران کە لەم ڕۆژانەدا یادی دەکەینەوە، قوربانیانی نائەمنی شوینی کار، هەزاران قوربانی ناموسپەرستی، قوربانیانی تیرۆر و تەقینەوەکان لە عێراق، قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی بەهاری ساڵی ڕابردوی کوردستان کۆنگرەی سێهەمی حیزب دەستی پێکرد.
پاشان عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزب وتاری کردنەوەی کۆنگرەی خوێندەوە کە دەربارەی باردۆخی جیهان و قەیرانی ئابووری کە قەیرانی خودی سەرمایەداری بازاڕی ئازاده، دەربارەی کێشمەکێشی ووڵاتانی سەرمایەداری و پاشەکشەی باڵادەستی و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکایە، لەهەمان کاتدا بەرزبونەوەی ئاستی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران لە فەرنسا، یۆنان، ئیسپانیا و کارکردی لەسەر وەزعی جیهان و ناوچەکە ڕوونکردنەوەی دا... هەروەها باسی لە گرنگی دەوری شۆڕشەکانی تونس و میسر و بەردەوامی هەلومەرجی شۆرشگێرانە و کارکردی لە ناوچەکەدا کرد، لەهەمان کاتدا ئاماژەی کرد بەگەیشتنی شەپۆلی ئەم شۆڕشە بۆ کوردستانو هەڵسان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی 17شوبات و دەوریان گێرا لە پێکهێنانی هەلومەرجێکی سیاسی تازە لە کوردستاندا، کە کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشو ئازادی خوازان لەبەرامبەر دەسەڵاتدا پەیگیری لە ئاڵوگۆری ڕیشەیی دەکەن و بەردەوامی هەلومەرجی شۆرشگێرانەیە، کە لەبەرامبەریدا سیاسەتی دەسەڵات لە هەوڵی شکست پێهێنانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانە و پەراوێـزخستنی دەور و دەخاڵەتی خەڵکە لە دەسەلاتی سیاسی و دیاریکردنی چارەنوسی خۆیدا، لەکۆتایدا تەئکیدی لەوەکرد کە پێویستە کۆنگرە خۆ ئامادەکردن بێت لە وەڵامی بەکێشەکانی کوردستان و ناڕەزایەتیەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و خەباتی چینی کرێکارەوە. دوابەدوای ئەو موئەید ئەحمەد سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق پەیامی حیزبی عێراقی پێشکەش کرد و تەئکیدی لەسەر هاوخەباتی و هاوچارەنوسی هەردوو حزبی کۆمۆمنستی کرێکاری عێراق و کوردستان کرد، وە ئاماژەی بەوەکرد کەئەم کۆنگرەیە لە هەلومەرجێکی حەساس و پر ئاڵوگۆڕی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا دەگیرێت، وەجەختی کرد لەسەر ئەوەی کە ئاڕاستە سیاسی و عەمەلیەکانی ئەم کۆنگرەیە کاریگەری دەبێت لەسەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریی لەعێراقدا، وەچۆن ڕاستەوخۆ دەوری دەبێت لەسەر حزبی عێراقیش.
پاشان وتارو پەیامی حزب و لایەنە سیاسی و جەماوەری وکەسایەتیەکان خوێنرانەوە و پێشکەشکران. دوای خوێندنەوەی پەیام و ووتەی لایەن و ڕێکخراوەکان، قسەوباسی ئامادەبوان و میوانەکان دەستی پێکرد. لەم بەشەدا فرسەتی ئازادانەو یەکسان بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان و ئامادەبوانیش فەراهەم کرا، ڕاستەوخۆ و لەبەرچاوی جەماوەردا و لە گرنگترین و هەستیارترین کۆبوونەوەی ئەم حیزبەدا، بەشداربن و جیاوازیەکانیان، ناکۆکایەکانیان، بۆچونەکانیان، لێکدانەوە و هەڵویستە سیاسیەکانیان بخەنە ڕوو، کۆنگرە لەیەکەم ساتی دەستپێکردنیەوە تا دواساتەکانی تەواوبوونی بەڕووی هەموواندا کراوەبوو.
دوابەدوای بەشی یەکەم، کۆنگرە چووە سەربەشی دوەمی بەرنامەی کارەکانی. سەرەتا ڕاپۆرتی هەڵبژاردنی نوێنەران کە لەلایەن لیژنەی گشتی سەرپەرشتیاری هەڵبژرادنەوە ئامادەکرابوو، پێشکەشکرا و کۆنگرە متمانەی دا بەنوێنەران و بەوجۆرە کۆنگرە بەڕەسمی دەستی پێکرد. دواتر، بەرنامەی کار و شێوازی بەڕێوەچوونی کۆنگرە پەسەندکرا و دەستەیەکی سەرۆکایەتی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرە هەڵبژێردران.
باسی یەکەم بریتی بوو لە ڕاپۆرتی سیاسی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی کە لەلایەن سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبەوە پێشکەش کرا. لە ڕاپۆرتەکەیدا عوسمانی حاجی مارف، هەڵسوڕانی حیزبی لەنێوان کۆنگرەی دووەم و سێهەمی حیزبدا هەڵسەنگاند. باسی لەوەکرد کە دەورو نەخشی حیزب لە ڕووداوە سیاسیەکانی کوردستاندا و سیاسەتی کۆمۆنیستیانە و جیاوازی سەبارەت بەو ڕووداوانە، حیزبی بە ئاستێک گەیاندوە کە لەناو لیستی ئەحزابی سیاسی جێگایەکی شایستە پەیدابکاتەوە و بەتەوژمێکی باشەوە بێتەوە ناو ململانێ سیاسیەکانی کۆمەڵگای کوردستان وەکو قوتبێکی ڕادیکاڵی کۆمۆنیستی و کرێکاریی. بەڵام هاوکات پێی لەسەر خاڵی لاوازی حیزب داگرت کە هێشتا حیزب نەیتوانیوە وەکو حیزبێکی سیاسی کۆمەڵایەتی خاوەن پایەی کرێکاریی و جەماوەری، کە وەکو بەدیلی دەسەڵاتی سیاسی لەچاوی خەلکەوە تەماشای بکرێ، حیزبێک کە خەڵک بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی سیاسی جێمەبەستی خۆی متمانەی بداتێ و پشتی پێ ببەستێ، دەربکەوێ و کاراکتەری هێزێکی سیاسی لەو جۆرە لەخۆی نیشان بدات. هەر لە ڕاپۆرتەکەیدا سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی ئەولەویاتی سیاسی دەورەی داهاتوی دەستنیشان کرد و تەئکیدی لەوە کرد کە فەزای شۆڕشگێڕانە لە کوردستاندا درێژەی هەیە و ڕابەری داهاتوی حیزب و سەرجەم حیزب دەبێ بتوانن خۆیان بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستیە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی ئەم دەورەیە ئامادەبکەن.
دوای ئەو، بەڵگەنامەی 17 شوبات تا 19 نیسان چیمان فێردەکات، پێشکەشکرا کە تایبەت بوو بە لێکدانەوەی حیزب سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی پار، خالە لاواز و بەهێزەکانی، دەرس و تەجروبەکان و جێگیرکردنی بەمەبەستی دابینکردنی نەخشی ڕابەریی حیزب لەهەر بزوتنەوەیەکی گشتی و شۆڕشگێڕانەدا لەداهاتودا. پاشان بەڵگەنامەی بزوتنەوەی کرێکاری و سەرخەتی سیاسەتی حیزب پێشکەشکرا. بەڵگەنامەکە قورسایی خستبوە سەر سیاسەتی حیزب لەپەیوەند بە ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و دانانی قورسایی مەشغەڵەی سیاسی حیزب لەسەر بەهێزکردنی بزوتنەوەی کرێکاریی و ئەولەویاتەکانی حیزب لەو مەیدانەدا.
بەڵگەنامەیەکی تری کۆنگرە سەبارەت بە مەسەلەی ژنان و دەوری حیزب بوو لەو مەیدانەدا. قسەکەرانی ئەم باسە تەئکدیان لەسەر ئەوە کرد کە حیزب هەوڵبدا لە دەورەی داهاتوو دەور و نەخشی شایستە و پێشڕەوانەی خۆی لەناو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژناندا بگێڕێ و ئەو بۆشاییەی کە لەو بوارەدا هەیە پڕی بکاتەوە. دوابەدوای ئەویش کۆنگرە چووە سەرباسی بەرنامەی حیزب و ئەو دەستکاری و ئاڵۆگۆڕانەی لەلایەن لیژنەی ئامادەکارەوە پێشکەشی کۆنگرەکرابوون.
شایانی ووتنە کە لەدوای قسەی پێشکەشکاری هەر بەندێکی باسەکانی کۆنگرە، فرسەتی پێویست دەدرا بە نوێنەران سەرنج و تێبینیەکانیان بخەنەروو. هەروەها لە تێکڕای باسەکانی کۆنگرەدا لە چوار نۆرەی نیو سەعاتیدا فرسەت درایە میوانەکان کە سەرنج و پێشنیارەکانی خۆیان لەسەر بابەت و باسەکان پێشکەش بکەن.
ڕاپۆرتی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، بەڵگەنامەی 17 شوبات بۆ 19ی نیسان چیمان فێردەکات، بەڵگەنامەی بزوتنەوەی کرێکاری و سەرخەتی سیاسەتی حیزب، درانە دەست پلینۆم بۆ ئامادەکردنی دەقی کۆتایی و بڵاوکردنەوەی بەناوی کۆنگرەوە. هەروەها سەبارەت بە مەسەلەی ژنان بڕیاردرا کە لەسەر بنەمای باسەکانی ناوکۆنگرە، پلینۆمی کۆمیتە ناوەندی بڕیارنامەیەکی گونجاو ئامادەبکات و بەناوی کۆنگرەوە بڵاوی بکاتەوە. بەڵگەنامەی ئاڵوگۆڕی بەرنامە درا بە کۆمیتەی ناوەندی تا لە دوەمین پلینۆمی دوای کۆنگرەدا دەقی کۆتایی ئامادەبکات و بڵاوی بکاتەوە. هەروەها بەڵگەنامەی بەدیلی سەربەخۆیی کوردستان و بەڵگەنامەی مافە جیهانداگرەکان دران بە کۆمیتەی ناوەندی بۆ بڕیاردان لەسەریان. بڕیارێکیش سەبارەت بە پشتیوانی لە بزووتنەوەی کرێکاریی میسر پەسەندکرا.
دوا بەندی کۆنگرە کەهەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی بوو هاورێیان، ئاسۆ کمال، ئالا فەرەج، بەهار مونزیر، دەشتی جەمال، موحسین کەریم، گۆنا سەعید، جەمال موحسین، شەماڵ عەلی، ڕێبوار ئەحمەد، خەسرەو سایە، نوری بەشیر، بەختیار نادر، نەوزاد بابان، مەهدی ڕەسوڵ، ئازاد مەجید، عیرفان کەریم، شوکاک عبدالستار، موئەیەد ئەحمەد، عوسمانی حاجی مارف ئازاد ئەحمەد، حسین ساڵح وەکو ئەندامانی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندیو هاورێیان تاهیر حەسەن، سالاری ئاسنگەر و عبدللە مەحمود وەکو ئەندامانی ئیحتیاتی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران.
شایانی ئاماژەپێکردنە کە چەندین دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئامادەی کۆنگرەبوونو ڕوادوەکانی کۆنگرەیان ڕووماڵ دەکرد.
بەدوای کۆنگرە کۆبونەوەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لە 25/4 بەڕێوەچوو، کە بە جیا لەوەی لەو کۆبونەوەیەدا هەڵسەنگاندنی لایەنی پێشرەویی و کەموکوریەکانی کۆنگرە کرا و پەیگیری لە بریارەکانی کۆنگرە کران و لیژنەکان پێکهات بۆ دارشتنەوەیان لەهەمان کاتدا عوسماانی حاجی مارف هەڵبژیردرا بەسکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و حسێن سالح، نەوزاد بابان، بەهار مونزیر، خەسرەو سایە، جەمال موحسین، شکاک عبدولستار هەڵبژێردران بەئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
25-04-2012