بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بەناوی گەلەوە
ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان عیراق
پشت بە حوکمی بڕگە(1)لە ماددەی (56) لە یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (1992) ی، هەموار کراوو، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نشتمانیی کوردستان – عێراق لە دانیشتنی ژمارە (9)ی ڕۆژی (16-04-2007) دا بڕیاری دەرچوواندنی ئەم یاسایەی دا.
یاسای ژمارە(5)ی ساڵی / 2007
یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای ژمارە(3) ی ساڵی 1998ی یاسای کوژاندنەوە و لێکجیاکردنەوە(إفراز)ی زەوی وزار لە ناو سنووری شارەوانیەکاندا
ماددەی یەکەم:
بڕگەی(2)ی ماددەی دووەمی یاسای کوژاندنەوەو لێک جیاکردنەوەی زەوی وزار لەناو سنووری شارەوانیەکانی ژمارە (3)ی ساڵی 1998 هەموار دەکرێ وبەم جۆرەی خوارەوە دەخۆینرێتەوە:
2- خاوەن مافی تەسەڕوفی ئەو زەوی وزارانە بەرێژەی (12%) لە کۆی ڕووبەری زەوییە کوژێنراوەکە قەرەبوو دەکرێتەوە ووەک موڵکی سرف بەناوی تۆماردەکرێ.
ماددەی دووەم:
بڕگەی(2)ی ماددەی سێیەم هەمواردەکرێ وبەم جۆرە دەخۆینرێتەوە:
2- خاوەنی ئەو زەویانە بەڕیژەی(20%) لە کۆی ڕووبەری ئەو زەوییەی کە بەناوی شارەوانی تۆمار دەکرێ بەشێوەیەکی (عەینی) قەرەبوو دەکرێتەوە وئەو ڕووبەرەی کە پێی دەدرێ بە جیاکراوە دادەنرێ بەشێوەیەکی وا کە لەگەلأ بەکارهێنانەکانی بڕیاری بۆ دراوە ناکۆک نەبێ.
ماددەی سێیەم:
حوکمەکانی ئەم یاسایە هەموو ئەو زەویانەی ناو سنووری شارەوانی دەگرنەوە کە بڕیارەکانیان پلەی یەک لاکەرەوەی وەرنەگرتووە.
ماددەی چوارەم:
کار بەهیچ دەقێکی یاسایی یا بڕیاریک ناکرێت گەر لەگەلأ حوکمەکانی ئەم یاسایە ناکۆک بن.
ماددەی پێنجەم:
دەبێ ئەنجومەنی وەزیران ولایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
ماددەی شەشەم:
ئەم یاسایە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێ و لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقائیعی کوردستان) دا بڵاو دەکرێتەوە.
عدنان موفتی
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی
کوردستان عیراق
- هۆیەکانی دەرچوواندنی ئەم یاسایە -
بۆ بەدیهێنانی داد وهاوسەنگی لە نێوانی بەرژەوەندی تایبەتی خاوەن تەسەروف وخاوەن زەوی وزاری کشتوکاڵی وبەرژەوەندیی گشتی وبۆ یەکخستنـی یاسا وبڕیارەکان لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم یاسایە دەرچووێنرا.