لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان، بارگرژیەکی توندی بەخۆوە گرتوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر زەمینەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، چاوەڕوانی ئەوە بوو کە جێگایەکی لە دەسەلاتدارێتی کوردستان پێببڕێت و ئەو بەڵێنەی دابووی بە وەرگرتنی دەسەڵات لەرێگای هەڵبژاردنەوە، بە کردەوە دەربهێنێ. بەدەستهێنانی دەنگی دووەمی هەڵبژاردنەکانیش دەکاتە بەڵگەی کێشە و بانگەشەکانی. بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ لە تەواوبونی هەڵبژاردن، ئەم چاوەڕوانیەی گۆڕان لەبەر قاپی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، وەکو براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، بەرەو کاڵبونەوەو بێئومێدی دەچێت. جارێکی دیکە ئەو ڕاستیە خۆی دوپاتکردەوە کە میکانیزمی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نەک سندوقەکانی دەنگدان، کە گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بانگەشەیان بۆدەکرد، بەڵکو هەمان یاساکانی هاوسەنگی هێزی میلیشیایی و چەکداریە.
ئەم بارودۆخەش بزوتنەوەی گۆڕانی تووشی سەرەگێژی کردوەو بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێ لەو گێژاوە ڕزگاری بێت. هەربۆیە هەڕەشەی هاندانی خەڵک بۆ هاتنە سەرجادە و بانگەشەی خاوەندارێتی دەسەڵاتی سلێمانی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوەبەمەبەستی ناچارکردنی هەردوو هێزی دەسەڵاتداری کوردستان(پارتی ویەکێتی)یە بۆ قبوڵکردنی بزوتنەوەی گۆڕان وەکو شەریکە دەسەڵات و هەوڵێکە بەئاقاری دەربازبوون لەو تەنگژەیەی تێی کەوتووە.
یەکێتی نیشتمانی، کە بانگەشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر یەخەی ئەو دەگرێت و گۆڕانیش خۆی بە میراتگری دەسەڵاتی ئەو دەزانێت، خۆی بۆ ڕوبەرووبونەوەی باری نائاسایی ئامادە دەکات تا لەورێگایەوە پارێزگاری لەدەسەڵاتەکەی بکات و شەراکەتی لە دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ پارتیدا درێژە پێبدات. پارتیش لە زمانی مەسعود بارزانیەوە، کە یەکێتی بە هاوپەیمانێکی ستراتیژی و متمانەپێکراوی دەسەڵاتی خۆی دەزانێ، هەوڵەکانی گۆڕان بە دابڕانی ناوچەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان ناودەبات و بە هێڵی سوری دادەنێت. پارتی ئامادە نیە دەستبەرداری یەکێتی بێت و بە ئاسانی مل بە مەرجەکانی هێزێکی وەکو بزوتنەوەی گۆڕان بدات کە جێگای متمانەی نیە و ناتوانێ وەکو شەریکی دەسەلاتی خۆی پەسەندی بکات.
هەردوو لایەنی ئیسلامیی ئۆپۆزیسیۆن، خۆیان بە هاوبەشی گۆڕان نابینن لەم سیاسەتەیدا، لەبەرئەوەی کە گۆڕان بە بێئەوان چوەتە ئەم شەڕی دەستبەسەراگرتنەی سلێمانیەوە، کە دڵنیا نین چ جێگایەکیان لە دەسەڵاتەکەی گۆڕاندا پێدەبرێ! لەلایەکی ترەوە ئەگەری ئەوە بەهێزترە لە دەسەڵاتێکی واقعیدا کە هەرئێستا هەیەو لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە بەشدارییان پێبکرێت. ئەمەیان بۆ ئیسلامیەکان بەقازانجترە تا گرەوکردن لەسەر دەسەڵاتی نادیاری گۆڕان لە بەشێکی کوردستاندا!
ئەوەی ئاشکرایە ئامانجی سیاسی و ئەجێندای هەریەکە لەو لایەن ناکۆک و دژ بەیەکانە، هەرچۆن بێت و بەهەر ئاکامێک بگات، پاروویەک بۆسفرەی هەژاران زیاد ناکات، دەرفەتێک بۆ ئازادیەکانی خەڵک فراوانتر ناکاتەوە، هەنگاوێک ئارامی و هێمنی بۆ ژیانی خەڵکی سلێمانی و کوردستان ناباتە پێشەوە. بەڵکو هەلومەرجێکی پڕ لە نیگەرانی و دوودڵی و مەترسیداری بۆ خەڵک پێکهێناوە. ئەگەرچی لەئێستادا بەرژوەندیەکانی سەرمایەو پاراستنی جێگری سیاسی و دابینکردنی ئارامی بۆ سەرمایەو کۆمپانیاکان فشاری جدی بۆ سەر ئەو هێزە ناکۆک و دژ بەیەکانەی بۆرژوازی دروستکردوە و ڕێگایان پێنادات بە ئاسانی بارودۆخی سیاسی بشێوێنن، بەڵام ئەزمونی ڕابردووی ئەم هێزانەو خەسڵەتی میلیشیایی و نابەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە ژیان و ئارامی و ئایندەی خەڵک ئەو چاوەڕوانیەیان لێدەکرێت کە لەحالەتی بنبەستی قەیران و ئیمکانی ڕێکەوتنی نێوانیان کارەسات بخوڵقێنن.
بەرژەوەندی خەڵک و ژیان و ئایندەیان، ئارامی و ئاسایشیان لەناو هەراو ململانێی هیچکام لەو لایەنانەدا دابین نابێت. باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک، بەهرەمەندبونیان لە ئازادی، کەمبوونەوەی دەسەڵاتی میلیشاو بنەماڵەیی لە بەرنامەو سیاسەت و شەڕو ململانێکانی ئەو حیزبانەی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژواییدا مەیسەر نابێت، بەڵکو بەخەباتی ڕێکخراوو سیاسی هوشیارانەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازانی کوردستان بەئاکام دەگات. بە کۆبونەوە لەدەوری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەدی دێت کە سیاسەت و کارو پراتیکی خۆی بۆ گەیشتن بەو خواست و ئامانجانەی ئەوان تەرخان کردوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
16-11-2013