بە چاودێری ئاسۆس نەجیب، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باڵەخانەی چاکسازی گەورانی هەولێر کرایەوە، کە بەبڕی 49 ملیۆن و 423 دۆلار و لەسەر ڕووبەری گشتی (88،808) مەتر چوارگۆشە جێبەجێ کراوە و نزیکەی هەزار و 500 بەندکراو لەخۆدەگرێت، بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کاریش، نزیکەی دوو هەزار و 617 بەندکراو لە نێو بنکەکانی چاکسازی گەوران و ژنان و منداڵاندان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، تیایدا هاتووە: لە مەراسیمی کردنەوەی باڵەخانەکەدا کەژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی یەکە ئیدارییەکانی شاری هەولێر ئامادەیبوون، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە وتەیەکدا ڕایگەیاند، دروستکردنی ئەم باڵەخانەیه و هاوشێوەکەی لەپارێزگای سلێمانی یەکێک بوون لە ئەرکە گرنگەکانی وەزارەتەکەیان لەماوەی کارەکانیان لە حکومەتی هەرێم بەشێوەیەک هەوڵی زۆر و کاری پێویستی بۆ کرا بەمەبەستی دروستکردنی هەردوو پڕۆژە لە هەولێر و سلێمانی.
وتیشی: "ئەم پڕۆژەیە بەشێواز و ستانداردی جیهانی بنیادنراوە بەشێوەیەک هەر سزادراوێک کاتێک ڕوو لەم بنکەیە دەکات، دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی و گەڕانەوەی بۆ ناو کەسوکارەکەی کەسێک دوور لە تاوان بێت و هەرگیز پەنا بۆ دووبارەکردنەوەی تاوانەکەی نەدات، بەشێوەیەک لە ڕێگەی کارمەندان و توێژەرانی کۆمەڵایەتیەوە مەرج و ڕێنماییەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتی بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت و تەواوی مافەکانی بەندکراو لە چێوارچێوەی بەندەکانی مافی مرۆڤ فەراهەم کراوە".
ئاسۆس نەجیب ڕاشیگەیاند: بۆ دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی بۆ هەردو چاکسازی گەورانی سلێمانی و هەولێر، کەتا ئێستا تەجهیز نەکراوون ڕەزامەندی دراوە لەسەر تەجهیزکردنی هەردوو باڵەخانەکه و بڕی دوو ملیار و 833 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوه و پڕۆسەی تەجهیزکردنیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
لە درێژەی وتەکەیدا وەزیری کار ڕایگەیاند: دوای کردنەوەی باڵەخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی هاوشێوەی ئەم پڕۆژەیە و دانانی بەردی بناغەی چاکسازی نەوجەوانان لەهەولێر و لەداهاتووشدا دانانی بەردی بناغەی چاکسازی نەوجەوانان لە دهۆک و چاکسازی ژنان لە سلێمانی، هەروەها دروستکردنی دوو پڕۆژەی گرنگی تر بۆ چاکسازی ژنان لە هەولێر و دهۆک و بنیادنانی ئەکادیمیای مەشق و ڕاهێنان کە ئێستا لە قۆناغی دیزاین کردن دایە. گرنگترین ئه و پڕۆژە گرنگانەی وەزارەتن کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوو تا ئێستاش لە قۆناغی جێبەجێ کردن دایە.
تەواوی ئەم پرۆژانە بۆ چەمکی چاکسازی گرنگن و تا ئێستا بەشێوازێکی ستاندراو جیهانی بەندکراووان جیا نەکرابوونەوە، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە دەتوانرێت بە تەواوی مافەکانی مرۆڤ لە نێو مەحکوم کراوان و هەروەها بنەماکانی چاکسازی جێبەجێ بکرێت.
بەشێوەیەک بەپێی ئامارەکانی وەزارەت لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار و 617 بەندکراو لە نێو بنکەکانی چاکسازی گەوران و ژنان و منداڵاندان.
- 08-01-2014