بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە کاتێکدا یادی پەنجاوسێ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە کە گەلەکەمان لە شەڕێکی چارەنووسسازدایە و پێشمەرگە قارەکانمان بە نوێنەرایەتیی هەموو جیهانی ئازاد لەدژی تیرۆریستان دەجەنگن و گەلی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات تیرۆر و داگیرکاری بەسەر ئیرادەیدا سەربکەوێت. بڕوابەخۆبوون و ڕەتکردنەوەی زوڵم و داگیرکاری هەوێنی سەرەکیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و بەها و کولتووری ئەم شۆڕشەیە وای کرد لە قۆناخەکانی دیکەی شۆڕشدا گەلی کوردستان لە خەبات و کۆڵنەدانی بەردەوام بێت و دەستکەوت و سەرکەوتنی مەزنیش تۆمار بکات. ئێمە ئێستایش دەبێ بە هەمان گیانی بڕوابەخۆبوون و لەپێناو (کوردستان یان نەمان)ـدا لە دژی شەڕانگێزی و تیرۆریست و داگیرکاری بجەنگین و هەموو بستە خاکێکی کوردستانیان لێ پاک بکەینەوە.
لە شۆڕشی ئەیلوولدا گەلی کورد پشتی بە ئیرادە و توانا و بڕواکانی بەست و بە بەشداریی هەموو چینوتوێژەکان و بە یەکڕیزی توانی ناسنامە و بوونی خۆی بپارێزێت و ئیرادەی دوژمنان بۆ نەهێشتنی کورد تێک بشکێنێت. لەم یادە پیرۆزەدا پێویستە هەموومان بۆ بەها و ئامانجەکانی گەورەترین شۆڕشی کوردستان کە شۆڕشی ئەیلوولی 1961ـە بگەڕێینەوە و بیکەینە چرای ئەو قۆناغەی ئێستا تێیدا دەژیین. لە شۆڕشی ئەیلوولدا گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی توانی بنەماکانی پێکەوەژیان بکاتە سەرمەشقی ژیانی سیاسیی خۆی و ئەو جەنگەی ئێستا لە دژی تیرۆر دەیکات بۆ پاراستنی ئەو بەها و پڕەنسیپە ئازادیخواز و ئاشتیانەیە کە لە شۆڕشی ئەیلوول بەردی بناخەی بۆ دانرا.
جێگەی شانازییە ئێستا یەکڕیزی و یەکدەنگییەکی تەواو لەنێو هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە و پشت بە خودا و ئیرادەی گەل و هێزی پێشمەرگە، قۆناغی شەڕی دژی هێزە تاریکبین و شەڕانگێزەکان بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنین. لەم یادە پیرۆزەدا بە پێویستی دەزانم کە بە گەلی سەربەرزی کوردستان ڕابگەیێنم کە هیچ ڕووداو و کارەساتێک نابێتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان لە داوا ڕەواکان و مافە نەتەوەییەکانی پاشەکشە بکات. پەلاماری تیرۆریستان و ئەو کارەسات و ناخۆشییەی بەسەر کوردانی ئێزدی و خوشک و برا مەسیحییەکان و گەلی کوردستاندا هات ڕەوایەتیی زیاتری مافە نەتەوەییەکانمان پێشان دەدات و پێویستە هەموومان مکوڕتر و پێداگیرتر بین لە یەکڕیزیی نێوانمان و مسۆگەرکردنی هەموو ئەو مافانەی گەلی کوردستان دەیان ساڵە لە پێناویدا خەبات دەکات. ڕووداوەکانی ئەم دواییە و پەلاماری تیرۆریستانی دڕندە و دوژمنانی ئازادی دەبێ زیاتر هانامان بدات کە هەموومان پێکەوە پەرژینێکی پۆڵایین بۆ گەلەکەمان دروست بکەین کە کوردستان لە ئاگری ڕق و کینەی ناحەزانی بپارێزرێت.
هەر لەم یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدە سەربەرزانە دەنێرین کە لە شەڕی دژی تیرۆریستان گیانی خۆیان فیدای کەرامەت و شکۆی گەلەکەیان کردووە و سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان دەکەم. سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم کە شەو و ڕۆژ چاونەترسانە بەرگری لە خاکی وڵاتەکەیان دەکەن.
بژی کوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
10ـی 9ـی 2014
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 9,351 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!