ئەمڕۆ 41 ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێی ئازیزدا، لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی عێراقی تێدەپەڕێت. یادی ئەم شارە خۆڕاگر و زیندووەی کە لە هەموو قۆناغە مێژووییەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیماندا هەمیشە لە بەرخۆدان و قوربانیداندا پێشەنگ بووە. ئەم شارەی کە لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە میانەی لەخۆگرتنی تاکە زانکۆی ئەو دەمی کوردستانەوە، ببووە مەڵبەندی زانستیی ناوچە ئازادەکانی شۆڕش. ئەمڕۆ کە یادی بۆردومانکردنی شارێک و زانکۆیەکی شەهیدمان دەکەینەوە، گەلەکەمان خاوەنی دەیان زانکۆی سەردەمیانە و پێشکەوتووە، ئەم ڕاستییە بەڵگەی زیندوێتی ئەم گەلە و خەونی هەمیشەییەتی بۆ پێشکەوتن و گەشە و ژیانی سەربەرزانە و شارستانیانە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئاوەدانکردنەوەی کوردستانی لە پێشەوەی بەرنامەکاری خۆیدا داناوە و بەردەوام کاری بۆ کردووە. ئاوەدانکردنەوەی شاری قەڵادزێی خۆڕاگریش ئەرک و ئەمانەتێکە لە ئەستۆی حکوومەتدا و لەم پێناوەدا هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ، لەگەڵ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بە دانیشتوانە سەربەرزەکەی کە لەم ڕۆژگارەدا و لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانیشدا خاوەنی چەندین شەهیدی قارەمانن.
خۆڕاگری و قوربانیانی قەڵادزێ و سەرجەم شار و گوندەکانمان هەمێسە لەبەرچاومانە و کاری جدیشمان بۆ سڕینەوەی ئاسەوارە خراپەکانی ئەو کاولکاریانە کردووە وبەردەوامیش دەبین لەسەری. دەبێ حکوومەتی عێراقی فیدرالیش بە ئەرکی خۆی هەڵسێت لە قەرەبووکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کوردستان لەسەر دەستی ڕژێمی پێشوو، لە هەموو ڕوویەکی مادی و مەعنەوی و ژینگەییەوە.
ئەگەر خەونی داگیرکەران و دوژمنان هەمیشە کاولکاری و ستەمکاری بووبێت، ئەوا شاری قەڵادزێی خۆڕاگرمان بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستییەیە کە خەونی گەلەکەمان هەمیشە ئاشتی و ئاوەدانی و پێشکەوتن و ژیانی شارستانیانەیە.
یادی شەهیدانی بۆردومانکردنی قەڵادزێ لە 1974دا و یادی شەهیدانی ڕاپەڕینە پیرۆزەکەی ساڵی 1982ی ئەم شارە خۆڕاگرە، بۆ هەتا هەتایە لە یادەوەریی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی قەڵادزێی خۆڕاگر و سەرجەم شەهیدانی کورستان.
ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
24-04-2015