ئامادەکردنی: بەختیار پاڵانی
ئەگەرچی چەکدارانی داعش تەنها بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەمەخموور مانەوە، بەڵام کاریگەری و دەرهاوێشتەکانی داگیرکردنی مەخموور لەلایەن داعشەوە بۆ ماوەیەکی زیاتر دەمێننەوە.
ساڵێک بەسەر داگیرکردنی مەخموور تێدەپەرێت، تاهەنووکەش زیاتر لە 50 گوندی قەزای مەخموور لەژێر چنگی تیرۆریستانی داعشدايه، کە بەشی زۆری گوندەکان عەرەبنشینن، بۆیە لێرەدا هەوڵدەدەین پانۆرامانی ڕووداوەکانی بەر لەداگیرکردنی مەخموور لەلایەن داعش و ڕووداوەکانی کۆنترۆڵ کردنەوەی مەخموورو ڕۆژانی دواتر بخەینە بەردیدی خوێنەران.
مەخموور بەر لەداگیرکردنی لەلایەن داعشەوە
لەسەرووبەندی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لەرۆژی 30-4-2014 لەرووبەرووبوونەوەیەکدا لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی مەخموور و چەکدارانی داعش لەنزیک گوندی زوڕنای سەر بەشارەدێی قەراج، کارمەندێکی ئاسایشی مەخموور بەناوی (دەشتەوان عەبدوڵڵا) لەگەڵ سەربازێکی عێراقی شەهید بوون و دوو کارمەندی تری ئاسایش برینداربوون.
ئەگەرچی مەخموور لەرۆژی #07-08-2014# لەلایەن داعشەوە داگیرکرا، بەڵام لەرۆژی 30-7-2014 داعش هێزێکی زۆری کۆکردبۆوە تەنانەت یەک کیلۆمەتر لەهێزی پێشمەرگە نزیک ببوونەوە، بەرپرسانی ناوچەکە لەوکاتەدا پێیانوابوو کە داعش بۆ هێرشکردنە سەر مەخموور نەهاتووە، تەنانەت قایمقامی ئەوکاتی مەخموور کە بەرپرسی لێژنەی ئەمنی و ئاسایشی قەزای مەخموور بوو، لەلێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی ڕووداو گوتی ڕۆژی30-7-2014 تیرۆریستان هەندێک زانیارییان پێگەیشتبوو کە سوپای عێراقی بەرێگای فڕۆکەوە لەو ناوچەیە دادەبەزن و هێرشیان دەکەنەسەر لەبەر ئەوە هەندێک ئۆتۆمبێلیان هاتبووە نزیکەی یەک کیلۆمەتری هێزەکانی پێشمەرگەو بۆ ماوەیەک لەوێ ڕاوەستابوون دواتر ئەو هێزانەی داعش گەڕابوونەوە.
قایمقامی مەخموور ئاماژەی بەوەشکردبوو کە داعش هیچ نیازێکیان نییە بۆ هێرشکردن، ڕاشیگەیاندبوو بە پێی زانیارییەکانی ئێمە هیچ نیازی هێرشیان نەبووە بۆ سەر شارۆچکەی مەخموور، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێزانەی خۆمان کە لەو ناوچەیەن بەبەردەوامی ئەمشەو لە گەڕان و سوڕانەوە و هاتوچۆدا بوون بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر حاڵەتێک کە مەترسی هێرش و کردەی تیرۆریستی بێت بەرپەرچی بدەنەوە.
هۆکارەکانی گرتنی مەخموور لەلایەن داعشەوە
سێ هۆکاری سەرەکی هەبوون لەداگیرکردنی مەخموور لەلایەن داعشەوە. هۆکاری یەکەم لەکەوتنی مەخموور بریتی بوو لە ملمڵانێی نێوان بەرپرسی میحوەری ئەوکاتی مەخموورو بەرپرسانی حیزبی لەناوچەکە، دروستبوونی ملمڵانێ و کێشە لەنێوان ئەم دوولایەنە بووە هۆی چۆڵکردنی خەندەقەکانی گوندی دووگردکانی نزیک مەخموور، سەرەنجام تیرۆریستانی داعش توانیان لەرێگەی ئەو خەندەقانەوە بەهاوەن هێرش بکەنەسەر مەخموور.
تەنانەت لەو کاتەدا چەندین شۆفەڵ و حەفارەش لەو شوێنانە بەجێمان، ئەمەش وایکرد کە داعش لەکاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی #07-08-2014# چەند هاوەنێکی ئاراستەی مەخموور کرد و بەماوەی سێ کاتژمێر تەواوی شاری مەخموور چۆڵ کرا و تەنها دوو تا سێ ئۆتۆمبێلی سەربازی و دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی کە پێشمەرگەی خۆبەخشی تێدابوو لەشارەکە مابوون، لەوکاتەی کە چەکدارانی داعش گەیشتنە نزیک سایلۆی مەخموور، سەرەنجام لەکاتژمێر 5ی ئێوارە تەواوی هێزی پێشمەرگە لەمەخموور دەرچوون و داعش توانی دەست بەسەر مەخمووردا بگرێت.
هۆکارێکی دیکەی گرتنی مەخموور لەلایەن داعشەوە، گرتنی شارەدێی گوێڕ بوو بەر لەداگیرکردنی مەخموور، تەنانەت ئەوکاتە خەڵکی مەخموور زۆر بەئاشکرایی درکیان بەوە کردبوو کە ئەگەربێت و گوێر بکەوێتە دەستی داعشەوە، ئەوە مانای وایە کە مەخمووریش دەکەوێتە دەستی داعشەوە، بەتایبەت ئەگەر هەر هێزێک بتوانێت دەست بەسەر بەرزاییەکانی وادی غەراب و کوشاف دابگرێت ئەوا پارسەنگی سەرکەوتن بەلای ئەوە هێزەوە دەبێت.
هەربۆیە لەرۆژی #06-07-2014# لەو کاتەی کە چەکدارانی داعش توانیان دەست بەسەر گوێڕدا بگرن ڕێگای گرتنی مەخمووریان بۆ ئاسانتربوو.
خاڵی سێیەم، هاتنی هێزێکی زۆری پێشمەرگە بوو لەرۆژی #06-08-2014# ئەوکاتە هێزێکی زۆری پێشمەرگە و سوپای بارزان گەیشتنە مەخموور و دەوروبەری، تەنانەت خودی وەزیری پێشمەرگە و پارێزگای هەولێر شەوی 6/7-8-2014 لەناو شاری مەخموور بوون، کەچی بۆ بەیانییەکەی لە 80%ی ئەو هێزانەی لەمەخموور بوون ناوچەکەیان چۆڵ کرد و ئەمەش هۆکاربوو بۆ ورەبەردانی ئەو هێزەی مابۆوە.
چەکدارانی داعش لە هێرشەکەیان بۆ سەر مەخموور، ژمارەیان چەند بوو؟
ئەگەرچی هەندێ بەرپرسی حیزبی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو کاتەی کە داعش هێرشی کردەسەر مەخموور ژمارەیان لەسەرووی 400 چەکدارەوە بوونە، بەڵام وەک چەند شایەتحالێک ئاماژەی بۆ دەکەن، چەند ئۆتۆمێبێلێکی کەم بوون کە ژمارەیان نەدەگەیشتە 15 ئۆتۆمبێل. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی (دەنگی مەخموور) لەرێگەی باقرت تەنها پێنج ئۆتۆمبێلی داعش هێرشیان کردبووە سەر مەخموور و لەرێگەی گەیارەش ژمارەیان لەدەوروبەری 10 ئۆتۆمبێل بوونە.
سەبارەت بەبۆچوونی ئەو کەسانەی دەڵێن ژمارەی چەکدارانی داعش لەسەرووی 400 کەسەوە بووە، ئەمە بۆ کاتێک دەگونجێ کە داعش مەخمووری گرتبوو، واتا بۆ ڕۆژانی 8و9ی8-2014 جگە لەئۆتۆمبێلی چەکدارانی داعش تەنانەت ئۆتۆمبێلی مەدەنیش ڕوویان لەمەخموور کردبوو بۆ تاڵان کردن و پێشرەوی زیاتر، چونکە لەوەر باوەڕەدابوون کە بۆ ماوەیەکی کەم بگەنە نزیک شاری هەولێر.
ئازاد کردنەوەی مەخموور
لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەی کە چەکدارانی داعش لەمەخموور مانەوە، هێزەکانی پێشمەرگە تەنها سێ کیلۆ مەتر لەشارەکەوە دووربن و سەنگەریان لەچیای قەرەچووغ قایمکرد و نەیانهێشت چەکدارانی داعش بەئاسوودەیی لەشارەکەدا هاتووچۆ بکەن، بەبەردەوامی تۆپباران و مووشەک بارانی ئەو شوێنانەیان دەکرد کە چەکدارانی داعشی لێ بوو بەتایبەت سایلۆی مەخموورو دەوروبەری.
لەلایەکی دیکەوە لەبەر ئەوەی مەخموور کەوتۆتە خوارووی چیای قەرەچووغ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە چەکدارانی داعش نەتوانن زیاتر لەمەخموور خۆیان ڕابگرن، هەرکە هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی پەکەکە دەستیان بەهێرشکرد زۆری نەخایاند چەند هەمەرێکی پێشمەرگە پێشڕەوی کرد و گەیشتنە نزیک سایلۆی مەخموور بەو هۆیەوە بەشی زۆری چەکدارانی داعش کەوتنە ڕاکردن و لەماوەیەکی کەمدا توانرا دوژمن لەمەخموور وەدەرنێن.
ئەگەرچی مانەوەی چەکدارانی داعش لەمەخموور تەنها سێ ڕۆژی خایاند و دواتر لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەریلاکانی ناوچەکە بەماوەیەکی کەم توانرا کۆنترۆڵی شاری مەخموور بکرێتەوە و بەوجۆرەش ئازادکردنەوەی مەخموور دەنگدانەوەیەکی زۆری ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێک نزیکەی 50 کەناڵ و ئاژانسی جیهانی باسیان لەرزگارکردنەوەی مەخموور کرد.
زیانەکانی داعش بۆ سەر مەخموور
ئەگەرچی دوای کۆنترۆلکردنەوەی مەخموور لەرۆژی 10-8-2014 لیژنەیەک لەقایمقامیەتی مەخموور پێکهێندرا بۆ زانینی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئەم ناوچەیە، بەڵام تاهەنووکە هیچ کەسێک قەرەبوو نەکراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی دەنگی مەخموور زیانەکانی داعش کە بەر هێزەکانی پێشمەرگە و هاوڵاتییان و فەرمانگە حکومییەکان و بازاڕ و گوند و دێهاتەکانی مەخموور کەوتووە، لەسەرووی دە ملیار دینارەوەیە، کە بەهۆی دەست بەسەراگرتنی مەخموور لەلایەن داعشەوە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی و شۆفەل و حەفارە و ئۆتۆمبێلی مەدەنی کەوتنە دەستی چەکدارانی داعش، جگە لەمەش بەشێک لەفەرمانگەکانی مەخموور زیانیان بەرکەوت بەتایبەت سایلۆی مەخموور و ناوەندی وەرزش و لاوانی مەخموور و پەروەردە.
هەروەها بەهۆی مانەوەی چەکدارانی داعش لەمەخموور و دەوروبەری ژمارەیەکی زۆر لەجوتیارانی ناوچەکە نەیانتوانی زەوییەکانیان بکێلن، کە ئەمەش زیانێکی زۆری مادی بەر جوتیارانی ناوچەکە گەیاند، جگە لەمەش چەند کێڵگەی بەخێوکردنی ماسی زیانێکی زۆریان بەرکەوت.
سەرەڕای ئەم زیانانەش، بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ سەر قەزای مەخموور لەئێستادا زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی قەزای مەخموور ئاوارە بوونە، ئەمە لەکاتێکدا بژێوی ژیانی بەشی زۆری دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لەسەر کشتوکاڵکردن و بەخێوکردنی مەڕو ماڵاتە، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە دوای ساڵێک تێپەربوون بەسەر داگیرکردنی مەخموور تاهەنووکە هەردوو ناحیەی قەراج و گوێڕ چۆڵن و تەواوی دانیشتووانەکەی ئاوارەبوونە.
128 پێشمەرگە و گەریلا لەسنووری قەزای مەخموور شەهید کراون
لەکاتی ڕزگار کردنەوەی مەخموور و دەوروبەری چەند پێشمەرگەیەکی قارەمان شەهید و بریندار بوون، هەروەها کچە ڕۆژنامەنووس و شەرڤان (دەنیز فورات) لەکاتی ڕزگارکردنەوەی مەخموور گیانی خۆی بەختکرد.
هاوکات لەکاتی ڕزگارکردنەوەی قەراج و گوێڕ و گوندەکانی دەوروبەری مەخموور ژمارەیەکی زۆر لەپێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان شەهید و برینداربوون بەتایبەت لەکۆنترۆڵ کردنەوەی قەراج لەرۆژی 24-8-2014 فەرماندە (مامە قلە) و دوو لەپاسەوانەکانی بەهۆی تەقینەوە شەهیدبوون، هەروەها ژمارەیەک هاوڵاتی و چەند پێشمەرگەیەکی خۆبەخشیش شەهید و برینداربوون، هەروەک لەمۆنۆمێنتی شەهیدانی مەخمووردا هاتووە کە لەماوەی یەک ساڵدا (128) پێشمەرگە و گەریلا شەهید بوونە کە بەشی زۆریان لەرووداوەکەی شارەدێی گوێڕدا شەهید کران.
سەبارەت بەزیانەکانی داعشیش، بەرپرسی میحوەری مەخموور بۆ دەنگی مەخموور دةلَيَت زياتر لة 400 تەرمی چەکدارانی داعش کەوتۆتە دەست هێزی پێشمەرگە، جگە لەسەدان کوژراو و زیاتر لەهەزار چەکداری دیکەی داعش لەسەرجەم شەڕو بۆردومانەکاندا برینداربوونە، ئەمە جگە لەگرتنی چەک و تەقەمەنییەکی یەکجار زۆر.
رۆڵی گەریلا لە ئازاد کردنەوەی مەخموور
گەریلاکانی پەکەکە بەتایبەت لەکاتی ڕزگار کردنەوەی مەخموور ڕۆلێکی گرنگ و بەرچاویان بینی، بەتایبەت لەو کاتەی کە مەخموور لەژێر دەستی داعش دابوو، ئەوان توانیان لەنزیک کەمپی مەخموور شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ داعش بکەن و تەرمی چەند چەکدارێکی داعشیان کەوتە بەردەست و هێنایانە سەرچیای قەرەچووغ کە ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە و هاوڵاتییانی ناوچەکە، هەر بەهۆی بەشداری کارای گەریلاکانەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووجار سەردانی کەمپی مەخمووری کرد و لەنزیکەوە سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی و خۆراگری گەریلاکانی کرد.
ململانێی حیزبی و ڕزگار کردنەوەی مەخموور
لەو کاتەی کە مەخموور کەوتە بەردەستی چەکدارانی داعش، خەمی هەموولایەک ڕزگارکردنەوەی ئەو شارەبوو، کەچی ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بوو، ململانێی حیزبی بوو سەبارەت بەوەی کە کێ مەخمووری کۆنترۆل کردەوە.
دوای ڕزگار کردنەوەی مەخموور لەرۆژی 10-8-2014 لێرە و لەوێ لەمیدیای حیزبەکان و بەتایبەت لەزۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێدوانی جیاواز لەلایەن بەرپرسانی یەکێتی و پارتی هاتە کایەوە، بەجۆرێک هەردوولا چەندین ڕوونکردنەوە و لێدوانی تایبەتیان لەسەر ئەوەی کە کێ مەخمووری کۆنترۆل کردەوە بڵاوکردەوە.
سەرنووسەری ڕۆژنامەی دەنگی مەخموور