مامۆستایانی خۆشەویست
دایک و باوک و قوتابیانی بەڕێز
دڵخۆشم بە شکاندنی بایکۆت و مانگرتنەکەتان و سوپاستان دەکەم کە وەک توێژێکی کارا و هۆشیاری کۆمەڵگەی کوردی لە پرسە سیاسییەکاندا ڕۆڵتان هەیە و نمونەیەکی جوانی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنینە لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا. جگە لەمەیش و بەدەر لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، ئێمە مامۆستایان و ئاڵاهەڵگرانی کەرتی پەروەردە، ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکی دیکەمان لە ئەستۆیە کە ئەویش شەکاوە هێشتنەوەی بەیداغی هۆشیاری و زانیاری و خوێندەوارییە لە وڵاتدا و هەر لە سۆنگەی فەلسەفەی پەروەردەی هاوچەرخ و مۆدێڕنەوەیە کە پێویستە نەوە و قوتابی و خوێندکارانمان لەسەر هەردوو بنەمای پەروەردەکردنی زانستی و هۆشیاری کۆمەڵایەتیانە پێ بگەیەنین تا لە داهاتوودا دەستیان هەبێت لە مۆدێڕنیزەکردنی وڵات و پەڕینەوە لە قۆناغی نەریتی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بۆ قۆناغێکی نوێتر لە حوکمڕانی و ژیاری کە بە داخەوە جیهانی سێیەم لێی بێبەری بووە و دوو دەیەیە کورد خەریکی جێگرتن و پراکتیک کردنیەتی.
دڵخۆشم بەوەی مامۆستاکانمان هێندە هۆشیارن کە دەستیان لە بینای سیاسی وڵات هەیە و لە کاتی خۆیدا ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و لە هەمان کاتیشدا و بە پێی زەروورەتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە، دەست بە ئەرکی بنەڕەتی خۆیان و گوتنەوەی وانە و پێگەیاندنی قوتابی و خوێندکارەکانیان دەکەنەوە. پاش دەربڕینی ناڕەزایەتی و تێگەیشتن لە کڕۆکی کێشە دروستبووە سیاسیی و قەیرانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دووبارە بەر لە توێژ و چینەکانی دیکە، ئەوە مامۆستایانن کە بەرپرسیارانە و بۆ تێکنەچوونی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و لەنگنەکردنی ڕێڕەوی زانست و هۆشیاری، مان و بایکۆتەکەیان دەشکێن و دەگەڕێنەوە قوتابخانەکانیان و دەبنەوە بە هەمان مامۆستا و باوانی ئەو منداڵە چاوگەشانەی کە باوکەکانیان لە بەرەکانی شەڕ دژی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی سینگیان کردووەتە قەڵغانی پاراستنی کوردستانی ئازیز و منداڵەکانیان لێرە بە ئێمە سپاردووە. ئێمەیش وەک وەزارەتی پەروەردە، وەک چۆن پێشتر داواکار و پاڵپشتی خواستە ڕەواکانی مامۆستایان و قوتابیانمان بووینە، ئێستایش بە شاهیدی هەموو لایەک، پێشمەرگەئاسا بە دوای مافی مامۆستایانەوە دەبین و شەو و ڕۆژ و خەمخۆرانە لە پێناو نەفەوتانی ماف و بەجێهێنانی خواستە ڕەوکانیان تێدەکۆشین و لەگەڵ حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت دەبین.
د. پشتیوان سادق
وەزیری پەروەردە
20-10-2015
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 5,172 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!