نووسینی: کەنعان نووری
یەکێکە لەو زنجیرە جەنگانەی کە لە دەمی فتوحاتی ئیسلامیدا لە نێوان ساسانیان و عارەواندا لە ساڵی 16 کۆچی وەرانوەر وە 637 زایینی قەوماوە. لە پاش کەوتنی تیسفون کە پایتەختی ساسانییان بوو، یەزدگردی سێیەم کە دوایین پاتشای بوو بەرەو حەلوان کە شارێکی چکۆڵەی نێزیکی خانەقین بوو وەڕێ کەوت تا لەوێندەر خۆی ڕێک بخاتەوە. ماوەیەک تێپەڕی و خەبەر گەیشتە سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس کە یەزدگرد لە حەلوان سوپای ڕێکخستۆتەوە و بە نیازی هێرشە. سەعد پەیکی بەرەو مەدینە بۆ لای خەلیفە عومەر هەنارد. فەرمان وەها بوو کە سەعد خۆی لە مەدایین بمێنێتەوە لێ سوپایەکی 12هەزاری بە سەرکردایەتی هاشمی کوڕی عوتەیبە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی یەزدگرد بهنێرێت. فەڕخزاد کە سوپاسالاری ئەودەمی ساسانییان بوو سەردارانی سوپای پێش پەرتەوازەبوونیان کۆ کردەوە تا لە لەبەرانبەر عارەواندا بوەستنەوە. هەر بۆیە نامەیەکی بۆ یەزدگرد نووسی کە ئەو دەم لە حەلوان بوو و داوی پارە و سوپای لێ کرد. ئەویش داواکەی جێبەجێ کرد و تەنانەت لە ئەسفەهانەوە سوپایەکی بە سەرکردایەتی مهرانی ڕازی بۆ یارمەتییان هەنارد. ساسانییان لە جەلەولا خەندەقیان هەڵکەند و سازی سازگەی جەنگ بوون. سەعدیش بە فەرمانی خەلیفە بەرەو حەلوان بەڕێ کەوتبوو. بۆیە لە نیوەی ڕێگەدا و لە جەلەولا لە گەڵ ساسانییان بە شەڕ دێن. جەنگێکی دژوار دەقەومێ و عارەوان سەردەکەون و لەم شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە ساسانییان بە تایبەت مهرانی ڕازی دەکوژرێت. دکتۆر عبدالحسین زرین کوب لە (دو قرن سکوت) و (دفتر ایام) دا دبێژە : نێزیکی 100 هەزار لە ساسانییان کوژران. ژمارەیەکیشیان هەڵهاتن و سوپای عارەوان تا حەلوان و قەسری شیرین ڕەدوویان کەوتن و دواتر کە جەنگ بە کۆتا هات و عارەوان چونە نێو حەلوان دەستیان دایە تاڵان و بڕۆ و ماڵ و سامانێکی زەوەندەیان بە تاڵان برد.
بە پێی نوسینی هەندەک مێژوونوسان، دەسکەوتی هەر یەک لە سەربازان نێزیکی هەزار درهەم بووە. زۆری دیلەکان بە تایبەت ژنان و کچان هێندە بووە کە بوونی ئە ژمارە زۆر و زەوەندەی دیل لە جەلەولا و حەلوان بۆتە مایەی نیگەرانی خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب و بەردەوام دەیگوت : (پەنا دەگرم بە خودا لە منداڵ و پاشماوەی ئەو ژنانەی کە لە جەلەولا بە دیل گیراون) لە پاش گرتنی جەلەولا، سەعد دەیویست بە دووی یەزدگرد بکەوێ، لێ خەلیفە بۆی نوسیبوو : (نێوان دوو ڕوبار بۆ عارەوان بەسە و خۆزیا لە سەرزەمینەکانی ئەودیو چیا (زاگرۆس) بەربەستێک هەبا کە نە ساسانییان بتوانن بیبڕن نە عارەوان)
بۆیە لە ساڵی 16 کۆچی وەرانوەر وە 637 زایینی دەستی دایە گرتنی سەرجەم شارەکانی نێوان دوو ڕووبار و سەرکەوتووش بوو.
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 5,070 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!