رۆژانی 29 و 30-01-2016 کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانی، پلینۆمی (19)ی بەست. کۆبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزنان لە گیان بەختکردوانی ڕێگای ئازادیو سۆشیالیزم و بەسرودی ئینتەرناسیۆناڵ دەستی پێکرد. پاشان عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی ووتاری دەسپێکی پلینۆمی پێشکەش کرد. دواتر بەرنامەی کاری پلینۆم پەسەند کرا.
سەرەتا ڕاپۆرتی مەکتەبی سیاسیو ئۆرگانەکانی حیزب پێشکەش کرانو دەستخرایە سەر خاڵە لاوازو بەهێزەکانی دەورەی ڕابردووی هەڵسوڕانی حیزبو ئۆرگانەکانی. دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرت هەلسەنگاندنی کارەکانی حزب، سەرەکیترین تەوەری باسەکانی پلینۆم بریتی بوون لە "هەلومەرجی سیاسی ئیستای کوردستانو ئاسۆی نارەزایەتیەکانی جەماوەرو ئەرکەکانی حیزب" وهەروەها "بارودۆخی حیزبو ئایندەی هەڵسوڕانی".
سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و قەیران و بنبەستی حکومەتی بۆرژوازی کورد، کە کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان، لەئاکامی ئەمەشەوە نارەزایەتیەکانی جەماوەر دژی دەسەڵاتی نایەکسانی بۆرژوازی بەشێوازێکی فراوان سەری هەڵداوەتەەوەو بەرەوسەر هەڵکشاوە، پلینۆم بڕیاری دا کە مەکتەبی سیاسی داهاتوو پلاتفۆرمیکی سیاسی بۆ بزوتنەوەی نارەزایەتیەکان بخاتەروو وە ئەرک و دەوری حیزب لەو بوارەوە دیاری بکات.
پاشان سەبارەت بە بارودۆخی حیزب و ئایندەی هەڵسوڕانی قسەوباس کراو تەئکید لەسەر ئەوە کرا کە حیزب پێویستە هەرچی زووتر پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی لەناو جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستاندا دابکوتێ، کاری جدی بکات لە مەیدانی وەڵامدانەوە بە مەسەلەو گرێوگۆلە سیاسیەکانی کۆمەڵگاو پێدوایستیەکانی خەباتی چینایەتی کرێکارانی کوردستانو بەهێزکردنو ڕێکخراوکردنی خەباتی جەماوەری کەمدەرامەتی کوردستان لەپێناو دابینکردنی مووچەو مافی ژیانو خزمەتگوزاریە مەدەنی و تەندروستیەکان.
لە بەشێکی دیکەی باسەکانی پلینۆمدا بڕیارلەسەر ئەو ئاڵوگۆڕانە دران کە لە کۆنگرەی (4) ەمی حیزبدا دەربارەی بەرنامەی دنیایەکی باشتری حیزبدا قسەوباسیان لەسەر کرابوو. هەروەها هەندێ بابەتی دیکەی ناوخۆیی حیزب قسەوباسی لێکراو بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.
بەندی کۆتایی بەرنامەی کاری پلینۆم هەڵبژاردنی سکرتێرو جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بوو. عوسمانی حاجی مارف وەکو سکرتێر و موحسین کەریم وەکو جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرانەوە. هەریەکە لە بەهار مونزیر و عیرفان کەریم و دەشتی جەمال وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران.
بەمجۆرە دوای دوورۆژ لەکاری چڕوپڕو گفتوگۆی گەرموگوڕ پلینۆمی(19) ی کۆمیتەی ناوەندی حیزب سەرکەوتوانە کۆتایی هات.
پلینۆمی(19)ی کۆمیتەی ناوەندی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
30-01-2016