سەرەتا سڵاو و ڕێزی خۆمان دەنێرین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و هیوای سەرکەوتنیان لە شەڕی دژی داعش بۆ دەخوازین، سەری ڕێز و وەفا بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکانمان دادەنەوێنین و، سڵاو و ڕێزی زۆریش بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەنێرین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
1-ئەمڕۆ 12ی 10ی 2016 ساڵێک تێپەڕ دەبێ بە سەر کودەتاکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوورخستنەوەمان لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕێگرتن لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە بچێتە هەولێری پایتەختی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، بە بڕیارێکی تاکڕەوانە و خۆسەپێنانەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەمەش حکومەت ئیفلیج بوو، پەرلەمانیش پەک خرا، کە ئەمەش پێچەوانەی هەموو بنەمایەکی دیموکراسی و یاسایی و سیاسییە.
2- بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەم کابینە بنکە فراوانەدا لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینەو سەروەریی یاسا، بە دامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم، نەهێشتنی پاشماوەی دوو ئیدارەیی و چاکسازیکردن و باشترکردنی ژیانی خەڵک بوو، بۆ ئەو مەبەستەش بە بەرنامەو پڕۆژەی پێویستەوە بەشداریمان کردوەو هەمو دڵسۆزی و توانای خۆمان خستۆتە گەڕ لەو پێناوەدا.
3- بزوتنەوەی گۆڕان بە وەرگرتنی "4 وەزیر، 1 سەرۆکی دەستە، 2 بریکاری وەزارەت،2 ڕاوێژکار، 6 بەڕێوەبەری گشتی، 1 نوێنەری حکومەت لە دەرەوە" بەشداریی کردوە. 4- مانەوەمان لە ناو ئەم کابینەیەدا تەنها ساڵێک و سێ مانگ بوەو، بەشێکمان تەنها چەند مانگێک بەشدارییان کردوە، بۆیە ئێمە تەنها بۆ ئەو ماوەیە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین و، هەموو کاتێکیش ئامادەی لێپرسینەوەین لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و لیژنەکانی ناو پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، دوای دوورخستنەوەمان هیچ بەرپرسیارێتییەک ناکەوێتە سەر شانی ئێمە، بۆیە ناکرێ و ڕەوا نییە هەموو لایەنە بەشداربوەکانی کابینەکە وەک یەک بەرپرسیار بکرێن. واتە تەنها 16 کاربەدەست بە پلەی وەزیر تا بەڕێوەبەری گشتی بەشدار بوون، کە دەبوایە بە پێی قەبارەو ڕێژەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەم کابینەیەدا بەشدار بووینایە.
5- لە وەختێکیشدا کابینەی هەشت پێک هات و پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێدا و ئێمە دەستبەکار بووین، چەند ڕۆژێک بوو شەڕی داعش دەستی پێ کرد بوو، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە "6،5ملیار دۆلار" شەش ملیارو 500پێنج سەد ملیۆن دۆلار قەرزدار بوو، لەگەڵ مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرەڕای ئەوەی کە لە کابینەی پێشوودا حکومەتی هەرێم مانگانە "1 ملیار دۆلار"ی لە بەغدادەوە بۆ دەهات، ئەمە جگە لە داهاتی ناوخۆ. کاتێکیش ئێمە دوورخراینەوە حکومەت هەر ئەو دوو مانگە قەرزداری فەرمانبەران بوو. بەڵام دوای دوورخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، حکومەت فرسەتی لە مووچەی فەرمانبەران هێناو، سیستمی بەناو پاشەکەوتی لە مووچە داهێنا، بەمەش باری ژیانی مووچەخۆران و خەڵکی قورستر کرد بەبێ ئەوەی قەیرانی دارایی چارەسەر بکات، هەر لە ساڵی 2015 حکومەت مووچەی چوارمانگی فەرمانبەران قەرزدارە، لە ساڵی 2016ش دوو مانگ قەرزدارەو حەوت مانگیش بە ناوی پاشەکەوتەوە تەنها چارەکە مووچەو نیوە مووچەی داوە، وە لە ئێستاداحکومەت زیاتر لە "20 ملیار دۆلار قەرزدارە".
6- بزوتنەوەی گۆڕان ئێمەی دیاری کردوە بۆ بەشداریکردن و وەرگرتنی ئەو پۆستانە، هەر بزوتنەوەی گۆڕانیش دوا بڕیار دەدات لەسەر کشانەوەمان بە تاک یان هەموومان، ئێمە پێش وەرگرتنی پۆستەکانیشمان ئامادەیی خۆمان نیشان داوە کە پابەندین بە هەر بڕیارێکی بزوتنەوەی گۆڕانەوە. ئەگەر نا دوای دوورخستنەوەمان بەو شێوە نادیموکراسی، نایاسایی، ناسیاسییە، ئیتر هیچ مانایەک نەماوە بۆ نە کشانەوە لە پۆستەکانمان، چونکە ئەمە ڕەهەندێکی سیاسییە نەک کەسیی، بۆیە هیچ هەڵوێستێکی تاکەکەسیمان دەر نەبڕیوەو هەر پابەند بەوین بە دوا بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە،.
7- لە ئێستاشدا کە قەیرانی یاسایی و سیاسی و دارایی قوڵبوونەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا و بژێویی فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی سەخت و نالەباردایە، ئێمە پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی فەرمانبەران و خەڵک دەکەین بە شێوەیەکی شارستانییانەو دیموکراسییانەو دور لە توندوتیژی.
12ی 10ی 2016 تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان- کابینەی هەشت
12-10-2016