لە کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی چەند تەوەرێک خرایە بەرباس و گفتوگۆکردن سەبارەت بە ڕیفراندۆم و کەرکووک و بارودۆخی ناوخۆی کوردستان.
تەوەری ڕیفراندۆم لە کوردستان بۆ سەربەخۆیی:
کۆبوونەوە زۆر بە وردی و هەمەلایەنە ئەم بابەتەی تاوتوێ کرد و لە ڕوانگەی دڵسۆزی و بەخەمەوەبوونی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان و پەیوەندی نێوان عێراق و کوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی کە پێشینەی هەبووە لە نێوانیاندا، کە لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە بە سوودی عێراق و کوردستان نەبووە، جگە لەوەی مافی گەلی کوردستانە شێوازی چۆنییەتی ژیانی سیاسی و ئیداریی خۆی دیاری بکات لە ڕیفراندۆم و قەوارەی دەوڵەتێکی سەربەخۆییدا.
بۆیە هەردوولا بەیەکەوە بڕیاریاندا ئەم بابەتە وەکوو بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێکەوە و وەک یەک بۆچوون کاری جددیی بۆ بکرێت.
هەردوولا لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەش ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکەن بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەپێناو دیاریکردنی کات و میکانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
تەوەری کەرکووک و بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە فەرمییەکانی کەرکووک:
هەردوولا بڕوایان وایە کە حکوومەتی عێراق چەندین ساڵە خۆی دەدزێتەوە لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بۆیە چۆن حکوومەتی عێراق مافی هەیە ئاڵای لە کەرکووک هەبێت بە هەمانشێوەیش کوردستانیش مافی هەڵکردنی ئاڵای هەیە چونکە لە دەستوور بە ڕوونی ئاماژە بە کەرکووک و چەند شوێنی دیکە کراوە کە ناوچەی کێشە لەسەرن، کەواتە بۆ کوردستانیش هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک یاسایی و دەستوورییە.
تەوەری بارودۆخی ناوخۆی کوردستان:
هەردوولا جەخت لە یەکهەڵوێستی بۆ پەلەکردن لە چارەسەری کێشە سیاسی و یاسایی و ئابوورییەکان دەکەنەوە، هەروەکوو هاوڕا و هاوکاریش دەبن بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و حکوومەتی هەرێم بە تایبەتی بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا.
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان
02-04-2017