ڕۆژنیوز، جیهاد هەورامی
چەند ساڵێکە ژنانی #هەڵەبجە# بۆ دەرخستن و پەرەدان بەتواناکانیان ڕوویان کردوەتە وەرزشە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەت تۆپی پێ و ڕاهێنەرێکی تۆپی پێی ژنانیش دەڵێت: یاری تۆپی پێی ژنان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
لەم ساڵانەی دواییدا ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشدارییان لە کایە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا کردووە و لە کۆمەڵگەدا زیاتر خۆیان سەلماندووە، لەو چوارچێوەیەشدا ژنانی هەڵەبجە بەشدارییان کردووە لە وەرزشە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەتی وەرزشی تۆپی پێ.
هێمن شەریف، ڕاهێنەری یانەی وەرزشی هەڵەبجە بەشی ژنان بۆ ڕۆژنیوز وتی:یاری تۆپی پێی بەشی ژنان لەهەڵەبجە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هەوڵەکانیش زیاتر لەلایەن خودی ژنانەوەیە کە دێن بەشداری لەخول و ڕاهێنانەکان دەکەن و ئێمەش لە یانەی وەرزشی هەڵەبجە ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی تایبەتمان بەژنان کردوەتەوە بۆ یاری تۆپی پێ و تا ئێستاش بەشداریمان لەچەندین خولی جۆراوجۆر کردووە.
ئەو ڕاهێنەرە، وتیشی:دەمانەوێت ئه و جیاوازییە نەهێڵین لەنێوان کوڕان و ژنان بۆ یاری تۆپی پێ بە ئەنجامدانی ڕاهێنان و برەودان بەتوانای ئه و ژنانەی کە دێنە لامان، بەڵام تەنها گرفتی ئێمە نەبوونی یاریگایەکی داخراو و شوێنی شیاوە بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانمان.
مامۆستایەکی بەشی وەرزش لە زانکۆی هەڵەبجە بەناوی چیا هەڵەبجەیی، بە ڕۆژنیوز ڕاگەیاند:پێشتر لەهەڵەبجە هیچ شوێن و سەنتەرێک نەبوو بۆ کۆکردنەوەی ئه و ژنانەی کە خولیای وەرزشیان هەیە و بەتایبەت بۆ تۆپی پێ، خۆشبەختانە ئێستا جگە لە هەبوونی یانەی وەرزشی هەڵەبجە، کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی لەزانکۆی هەڵەبجە ئه و دەرفەتەی زیاتر کردوە بۆ ژنانی شارەکە کە خولیاکانی خۆیان بێننە دی.
چیا هەڵەبجەیی، وتیشی:کردنەوەی خولی وەرزشی تۆپی پێ بۆ ژنان هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ دەرخستن و پەرەدان بە تواناکانیان و زیاتریش گرنگی بە بەشی تۆپی پێ دەدەن، ئەمەش وایکردوە چەندین یاریزانی بەتوانای شارەکە بەشداری لەچەندین خولی جیاواز بکەن و لەنێو یاریگاکان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
نیان وەلی، کە کچە یاریزانێکی تۆپی پێی یانەی وەرزشی هەڵەبجەیە بۆ ڕۆژنیوز وتی:وەرزشکارێکی زۆری کچ لەشارەکەمان هەن، بەتایبەت تۆپی پێ، پێویستە هەلی زیاترمان بۆ بڕەخسێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئه و خولیایەی کە هەمانە بۆ وەرزش پێی بگەین و پەرەی پێ بدەین، بەتایبەت کردنەوەی خول کە بەداخەوە بەهۆی بوونی قەیرانی دارایی وەک پێویست خولمان بۆ نەکراوەتەوە.
نیان وەلی، وتیشی:نابێت هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئێمە و کوڕان دروست بکرێت لەلایەن بەرپرسانی وەرزشی و ئیداری ئەم شارە، چونکە ئێمەش دەتوانین لە وەرزشکردن و بەتایبەت تۆپی پێ سەرکەوتن بەدەست بهێنین و بەشداری لەخولە جیاوازەکانی ناوشار و دەرەوەی ساریش بکەین.[1]
27-08-2017