بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی کوردستان
کوردستانیانی دەرەوەی وڵات
ڕای گشتی جیهان
پاش ئەوەی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە تەعبیری لە ڕای خۆی کرد لە دیاری کردنی چارەنووس، کە مافێکی ئاسایی و سروشتی هەر گەل و نەتەوەیەکە، ئێستا گەلەکەمان کەوتووەتەوە بەر هەڕەشە و ئابلوقە و سزادانی بە کۆمەڵ. حکومەتی عێراقیش بە ناوی فەرزکردنی یاسا وا خەریکی سزادانی میللەتێکە کە تەنیا ڕای خۆی دەربڕیوە و هیچ تاوانێکی نەکردووە. ئەو سزادانەی کە لە دژی گەلەکەمان هەیە پێشێلکردنی هەموو سنوورەکان و یاسا و دەستوری عێراقە و هاوکات بە گەلەکۆمەکی دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بەزۆری چەک و شەڕ بەسەر گەلەکەماندا بسەپێنن و شکۆی گەلەکەمان بشکێنن. ئەوەش بووەتە هۆی تێکدانی ژیانی خەڵک و ئاوارەبوونی زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار کەس.
لێرەدا موخاتەبەی ویژدانی گەلانی جیهان و ڕای گشتی و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان دەکەم کە پشتیوانی گەلی کوردستان بن و ڕێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن کە بەسەر گەلەکەماندا دێت و گوشار بخەنە سەر حکوومەتەکانتان و ناوەندەکانی بڕیار بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی کە لە گەلی کوردستان دەکرێت. چونکە حکوومەتەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، قوربانیی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیان لە بیر چووە کە لە شەڕی تیرۆرستانی داعش بەخشیویانە و لە جیاتی هەموو جیهان بەرسینگی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشیان گرتبوو و هەزاران شەهید و بریندارمان لەو پێناوەدا. بۆیە داوا دەکەم ڕێگە لەم شەڕ فرۆشتن و کوشتار و پێشێلکاری و ئاوارە کردنی خەڵک بگرن کە حکوومەتی عێراقی لە ڕێگەی میلیشیا و هێزەکانییەوە بە هاوکاری و ڕێنمایی دەرەکی لە دژی کوردستان ئەنجامی دەدات.
هەر لێرەدا داوا لە هەموو کوردستانیانی دانیشتووی ئەوروپا و ئەمەریکا دەکەم کە بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتییانە بۆ پاڵپشتی کردنی گەلەکەمان، خۆپێشاندان و چاڵاکی مەدەنی ئەنجام بدەن و داوای هاوکاری گەلانی ئەو وڵاتانە بکەن کە تیایدا نیشتەجێن کە ئەم شەڕ و ئابلوقەیە لە دژی گەلەکەمان بە زووترین کات ڕابگرن. داواکارم دەنگی مەزلومییەتی کوردستان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەکەمان بە جیهانییان بگەیێنن.
مەسعود بارزانی
20-10-2017
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 4,788 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!