دوو ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و بزووتنەوەی لاوانی وڵاتپارێزی شۆڕشگێڕی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان - #پەکەکە#، کە بە شەڕی خەندەق ناسراوە، قەدەخەی هاتووچۆ لە شارۆچکەی #جزیرە#ی سەر بە #شرناخ# لە باکووری کوردستان ڕاگەیێندرا.
بەر لە ڕاگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیانی جزیرە ماڵەکانیان چۆڵکرد و بەرەو ناوچەکانی دەوروبەری جزیرە و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا ئاوارەبوون.
ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای تورکیا لەشارۆچکەی جزیرە لە 14ی کانوونی یەکەمی 2015 دەستیپێکرد و تاوەکو 2ی ئاداری 2016 بەردەوامبوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جزیرە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستدا، تەنیا لە گەڕەکەکانی بۆستانجی و دەوروبەری هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە کوشتی 100 کەسی سڤیل کە بۆ پاراستنی گیانیان لەنێو سێ ژێرزەمیندا لەو گەڕەکە خۆیان حەشار دابوو تۆمەتباردەکرێن.
بەگوێرەی ئامارەکانی سوپای تورکیا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ بزووتنەوەی لاوانی وڵاتپارێزی شۆڕشگێری سەر بە پەکەکە 25 سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و 666 ئەندامی بزووتنەوەکەش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لەبەرامبەردا هیچ ئامارێکی دیکە ڕانەگەیێندراوە.
هەروەها بەهۆی شەڕەوە 60 هەزار هاونیشتمانی لە جزیرە ئاوارەبوون و 699 بەربەست لابراوە و 252 خەندەقیش لەلایەن سوپای تورکیاوە پڕکراوەتەوە. هەروەها 409 تەقەمەنی کە دەستیان بەسەرداگیراوە تەقێندراونەتەوە.
لە جزیرە 10هەزار خانوو و باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە، کە هەزار و 200 باڵەخانەیان بە تەواوەتی خاپوور بوونە و سێ هەزار باڵەخانەش بەشێوەیەک زیانیان بەرکەوتووە، کە ناتوانرێت بەکاربهێندرێن.
وێڕای ئەوەی دوو ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی شارۆچکەی جزیرە لە باکووری کوردستان تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا تەرمی ژمارەیەک هاونیشتمانی نەدۆزراونەتەوە، کە لە شەڕی خەندەق لە نێوان سوپای تورکیا و بزووتنەوەی لاوانی وڵاتپارێزی شۆڕشگێر سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە چەندین جار داوایان لە بزووتنەوەی لاوانی وڵاتپارێز کرد کە خەندەقەکان پڕ بکەنەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو.
دوای ڕووداوەکان موراد قەرەیڵان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، واتە باڵی سەربازیی پەکەکە، لە میدیای فەرمیی پەکەکەدا ڕەخنەی لە ستراتیژی لێدانی خەندەق و شەڕ لە شارەکان گرت و ڕایگەیاند پێویست نەبوو تا ئەو ئاستە شەڕ لە شارەکان ڕووبدات.
هەرچەندە لەبارەی ژمارەی کوژراوەکان ئامارێکی ورد بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا، لە شەڕی ناسراو بە شەڕی خەندەق لە ناوچەی سووری #ئامەد# و پارێزگای شرناخ و #مێردین# هەزار و 267 ئەندامی پەکەکە و 113 کارمەندی پۆلیس و سوپا کوژراون. [1]
#14-12-2017#