دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
دوای زیاتر لە چوار ساڵ پڕۆژەیەکی گرنگی ڕێگاوبان بەناوی پڕۆژی خێرایی چوار ڕیانی (#باشماخ# – #پێنجوێن#) تەواونەکراوە و پەرلەمانتارێکی کوردستانیش دەڵێت داهاتی یەک مانگی مەرزی باشماخی بۆ تەرخان بکرێت، ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت.
عەبدولڕەحمان عەلی، نوێنەری قەزای پێنجوێن لەپەرلەمانی کوردستان، بەدواڕۆژی وت ساڵی (2013)، بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی چوار ڕیانی خێرایی (پێنجوێن – باشماخ) کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە، لە نێوان هەرێم و ئێران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دراوە و بودجەی (34) ملیار دینارە و لەداهاتی نەوتە و لە 2014 وە، کاری تێدادەکرێت و گروپی بەڵێندەرایەتی نێودەوڵەتی (میلاد) کاری جێبەجێکردنی گرتۆتە ئەستۆ.
وتیشی بەهۆی تەواونەنەکردنی پرۆژەکە ڕۆژانە ئاستەنگی زۆر بۆ شۆفێران و گەشتیاران دروست دەبێت، چونکە ڕێگاوبان بەهۆی بەفر و بارانەوە تێکچووە.
ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا پرۆژەکە تەنیا (43%)ی جێبەجێکراوە و لەقۆناغی قیرتاوکردندایە، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پێشینەیەکی مانگانە لەلایەن (بانکی کوردستان)ی نێودەوڵەتی کارکردن لە پڕۆژەکەدا زۆر سست بەڕێوە دەچێت.
روونیشیکردەوە، هەرچەندە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران چەندین جار جەختی لە تەواوکردنی کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە وەک خۆی ماوە، لەکاتێکدا باشماخ داهاتێکی زۆری هەیە و لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا دەکرا تەنیا داهاتی یەک مانگی بۆ تەواو بکرایە، تەنیا داهاتی ساڵی 2017 زیاتر لە (237) ملیار دینار.
هاوکات دواڕۆژ، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندیکرد بە بەرپرسانی ئیدارەی قەزای پێنجوێن و مەرز نێودەوڵەتی باشماخ، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون لەوبارەیەوە هیچ لێدوان و زانیاریەک بڵێن.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەکێکە لە دەروازە نێودەوڵەتیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و دەکەوێتە نێوان هەردوو قەزای پێنجوێن لەباشوری کوردستان و مەریوان لە ڕۆژهەڵات و ماوەی (11) ساڵە لە مەرزێکی لاوەکیەوە بەفەرمی کراوەتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی.[1]
#02-02-2018#