هاووڵاتییانی کوردستان
گۆڕانخوازان
ئێوە لە ڕۆژی 12ی مانگ لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا و لەرێگای دەنگەکانتانەوە سزای دەسەڵاتە شکستخواردوو و تاڵانچی و خاکفرۆشەکانی کوردستانتان دا و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا متمانەتان دا بە بزووتنەوەی گۆڕان. بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان ئامادە نەبوون ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەک ئەوەی ئێوە نەخشانتان قبوڵبکەن. بۆیە پەنایان بۆ تەزویرێکی ڕێکخراو و گەورە برد بۆ لەباردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان و گێڕانەوەی کوردستان بۆ سەردەمە نەخوازراوەکان. هەر بەوە نەوەستان و شەوی ڕابردوو چەکدارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو چەکانەی کە دەبو بەرگری لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بکەن پەلاماری مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان دا. ئێمە لەکاتێکدا بەتووندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەکەین و پێمانوایە ئەو جۆرە ڕەفتارانە خەباتی مەدەنی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لەم هەرێمە دەخاتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە. لە هەمانکاتدا سوپاسی هەموو ئەو دڵسۆزانە دەکەین کە دوای پەلامارەکەی شەوی ڕابردوو هاتنە گردی زەرگەتە و ئامادەبوون بە گیانی خۆیان بەرگری لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بکەن.
ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان سەرتاپای ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە لە پارێزگاکانی هەرێم و کەرکووک و هەندەران ڕەتدەکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یەکگرتووی ئیسلامی، حیزبی شیوعی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی ڕێکاری یاسایی و هەوڵی سیاسی دەگرینەبەر. هەروەها هاووڵاتییانی کوردستان و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دڵنیادەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر دەنگەکانیان ناکەین و مافەکانیان بۆ دەگێڕینەوە، هەموو بژاردەیەکیش لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا کراوەیە.
لە کۆتاییدا سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی سەرجەم هەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و دەنگدەران دەکەین کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا ماندوونەناسانە شەو و ڕۆژ کاریان بۆ سەرخستنی لیستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد لە پارێزگاکانی هەرێم و کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. هەمووان دڵنیادەکەینەوە کە گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوامە و سەرکەوتن بۆ خەڵکی کوردستانە.
بزووتنەوەی گۆڕان
#13-05-2018#
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 1,894 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!