17 ساڵە نەتەوە یەکگرتووەکان 20ی حوزەیرانی وەکو ڕۆژی جیهانی پەنابەران دیاریکردووە و سەرەڕای هەوڵی زۆر، بەڵام شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەی دیکە سەدان هەزار کەسی دەربەدەر و ئاوارە کردووە.
بەپێی نوێترین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە زیاتر لە 42 هەزار کەس لە جیهان ئاوارەدەبن، شەڕی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوو زۆرترین خەڵکی ئاوارە کرد لە عێراق و لە سووریاش شەڕی نێوخۆ ژیانی خەڵکی تاڵکرد.
هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە بووەتە پەناگەی ئاوارەکان، ئاوارەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دیکەی عێراق. ساڵی ڕابردووش بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان دوای ڕووداوەکانی 16-ی ئۆکتۆبەر لە ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە کەرکووک، ڕوویانکردە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی.
لەساڵی 2001 وە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی 20 ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی جیهانی پەنابەران دیاریکردووە، ڕێکخراو و سەندیکاکان لەم ڕۆژەدا چالاکی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەرەکانی جیهان ئەنجامدەدەن.
قەیرانی پەنابەران بووەتە قەیرانێکی بەربڵاوی جیهانی، هەر لە ئەفریقاوە تاوەکو ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چیرۆکی کۆچی بەکۆمەڵ دەبیسترێت، کە هاوکات گوشاری زۆری لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بۆ ئەو وڵاتانە دروستکردووە کە میواندارییان دەکەن.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لەسەر ئاستی جیهاندا ڕۆژانە 42 هەزار و 500 کەس لە وڵاتەکانی خۆیان ئاوارە دەبن و پەنا دەبەن بۆ وڵاتێکی دیکە یان شوێنێکی دیکە لەناو وڵاتەکەی خۆیان بۆ ئەوەی پارێزراوبن.
هەر بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، شەڕی ناوخۆیی سووریا بە گەورەترین قەیرانی مرۆیی سەردەمی ئێستای جیهان دەستنیشانکراوە و پەنابەرانی وڵاتانی تازەگەشەکردوو 85%ی پەنابەرانی جیهان پێکدەهێنن، کە 51%یان تەمەنیان لە خوارەوەی 18 ساڵە.
لە هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەی هەزاران کەس وەک پەنابەر ڕوویانکردووەتە وڵاتان، هاوکات ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەری لەخۆ گرتووە. بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەێمی کوردستان 1ملیۆن و 400 هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەری سووریا لەهەرێمی کوردستان دەژین و 97٪ی پەنابەرانی سووریا لەهەرێمی کوردستانن و 37٪ یان لە نۆ کەمپ و ئەوانی دیکە لە ناو شار و شارۆچکەکانن، هاوکات 40٪ ئاوارەی ناوخۆیی عێراق لە کوردستانن کە 81٪یان لە ناو شارەکان و ئەوانی دیکە لە 30 کەمپدا نیشتەجێکراون.[1]
#20-06-2018#