بەپێی ئاماری وەزارەتەکانی پلاندانانی عێراق و هەرێم، ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕێژەی گەشەی دانیشتوان لە عێراق لە کەمبوونەوەدایە، گەشەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش بەراورد بە عێراق کەمترە و ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پشکی کورد لە بودجە و ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمان، شارەزایەکی بوارەکەش لەوبارەیەوە هۆشداری دەدات.
هەرچەندە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق پێویستە هەر دە ساڵ جارێک سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی ماوەی 31 ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرژمێرییەکی گشتی ئەنجامنەدراوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش ڕایگەیاندووە لە ساڵی 2020 سەرژمێری گشتیی ئەنجامدەدەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی 2003، 25 ملیۆن 627 هەزار 362 کەس بووە، له و ڕێژەیەش چوار ملیۆن و 864 هەزار و 241 کەس لە هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 ڕێژەی دانیشتوان لە عێراق بۆتە 37 ملیۆن و 139 هەزار و 519 کەس، له و ڕێژەیەش 5 ملیۆن و 755 هەزار و 43 کەسیان لە هەرێمی کوردستانن، هەر بەپێی ئامارەکان زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانی عێراق بە بەراورد بە هەرێمی کوردستان لەماوەی ئه و 15 ساڵەدا زۆر زیاتر بووە.
هەرچەندە لە ساڵی 2003-ەوە پشکی کورد لە بودجەی عێراق لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان بە 17% دەخەمڵێندرا، بەڵام شارەزایەکی بواری سەرژمێری ئاشکرایدەکات، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لەئێستادا بۆتە لە 15%.
د. سامی خزر، پسپۆری بواری ئامار و سەرژمێری بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2003 ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لە 18%ەی عێراق بووە، بەڵام ئێستا لە ئەنجامی وردبوونەوە لە داتا و ئامارەکان ڕێژەکە بۆتە 15.4%، ئەوەش بەپێی داتاکانی بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق.
وتیشی، بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی دانیشتوان عێراق لە ساڵی 2022، 43 ملیۆن و 17 هەزار کەس تێپەڕدەکات، هەرێمی کوردستانیش دەبێتە شەش ملیۆن و 445 هەزار کەس، بەمەش ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بۆ لە 14.9%ی کۆی دانیشتوانی عێراق کەمدەبێتەوە.
لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2005، ڕێژەی کورسییەکانی کورد لە کۆی 275 کورسی 58 کورسی بوو، لە خولی دووەم لە ساڵی 2010 سەرەڕای زیادکردنی کورسییەکان بۆ 325 ژمارەی کورسییەکانی بووە 57، لە ساڵی 2014 لە کۆی 328 کورسی کورد 61 کورسی هەبووە، لە ساڵی 2018 لە کۆی 328 کورسی بەپێی پێشبینییەکان ژمارەی کورسییەکانی دەبێتە 59 کورسی.
سامی خزر، ئاماژەبەوەشدەکات، بەپێی پێشبینییەکان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان لە ساڵی 2022 لە 328 کورسی بۆ 430 کورسی، ئەوکات ژمارەی کورسییەکانی کورد لە 64 کورسی تێپەڕناکات بەهۆی ئه و گەشە خێرایەی لە ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕوودەدات، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر پێگەی کورد لە پەرلەمان عێراق.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم گەشەی دانیشتوان لە ساڵی 2006 لە هەرێمی کوردستان 3.8% بووە، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی ئابووری لە ساڵی 2010 بۆتە 2.8، لە ساڵی 2011 و 2012 بۆتە 2.7 لە ساڵی 2013 بۆتە 2.6، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 بۆتە 2.5، پێشبینیشدەکرێت ڕێژەکە بۆ ساڵی 2020 ببێتە 2.2، لەکاتێکدا ڕێژەی دانیشتوان لە عێراق لەئێستادا بۆتە 2.6، لە ساڵانی ڕابردووش 3% بووە.
هەر بەپێی ئامارەکان ڕێژەی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە چوار ساڵی ڕابردوو ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە بەشێوەیەک لە ساڵی 2014 ژمارەی لەدایکبوون 181 هەزار منداڵ بووە، بەڵام لە ساڵی 2017 ئه و ژمارەیە کەمبۆتەوە بۆ 165 هەزار.
بەپێی ئامارەکانیش لە کەمبوونەوەی ڕێژەی منداڵ پارێزگای #سلێمانی# لە پلەی یەکەمدایە و #هەولێر#یش لە دوای دێت، بە پێچەوانەشەوە لە پارێزگای #دهۆک# ڕێژەکە زیادیکردوە.
هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ساڵانە لە عێراق زیاتر لە 850 هەزار کەس زیاد دەکات.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتی، ئه و ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی ئامارە بۆ ساڵی 2018 بەبێ بوونی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرەکانی هەرێم.
ئاماژەشی بەوەکرد، ماوەی چەند ساڵێکە گەشەکردنی ڕێژەی نێر و مێ لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە یەک ئاستدایە و ئه و دوو ڕەگەزە وەک یەک لە گەشەکردندان.
سەرۆکی دەستەی ئامار ئاشکراشیکرد، ڕێژەی گەشەکردنی دانیشوانی هەرێم بەره و کەمبوونەوەیە بەهۆی شێوازەکانی ڕێکخستنەوەی ژیان و نەپیتاندنی هێلکە لەلایەن ئافرەتان و کەمکردنەوەی منداڵی دووەم.[1]
#22-07-2018#