دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
ئەگەر دابەزینی بەهای تمەن بۆ هاووڵاتیانی ئێران کارەساتی ئابووری و نەهامەتی بێت، ئەوا بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بوەتە هەلێکی گەورە بۆ گەشتکردن و کڕینی کەلوپەل و قازانجی زۆر، لەو چوارچێوەیەشدا بەهۆی هاوسنوری نێوان ئێران و دەڤەری ڕاپەڕین بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی دەڤەرەکە بۆ کڕینی کەلوپەلی ناوماڵ و گەشتکردن ڕوو لە وڵاتی ئێران دەکەن.
$گەشتکردن بەڕێژەی لە 70% زیادیکردووە$
سەربەست عومەر، خاوەن نوسینگەی گەشتوگوزار لە ناحیەی حاجیاوا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەگەڵ دابەزینی بەهای تمەن، بەلێشاو هاووڵاتی دەڤەری ڕاپەڕین ڕوو لە وڵاتی ئێران دەکەن کە دەتوانین بڵیین بەراورد بە ساڵی پار یاخود چەند مانگی ڕابردوو گەشتکردن بۆ وڵاتی ئێران بەڕێژەی 70% زیادیکردووە و زۆرینەی گەشتیارانیش لە ڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە گەشتەکانیان ئەنجامدەدەن.
وتیشی هاووڵاتیان بە دوو هۆکار سەردانی ئێران دەکەن، یەکەمیان بەمەبەستی گەشتیاریی و دووەمیشیان بۆ کڕینی پێداویستی ناوماڵ و بە تایبەت کڕینی فەڕش، هاوکات وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی ئێران ئاسانە و لە کونسڵخانەی ئێران لە 1 ڕۆژدا بە 58 هەزار دیناری عێراقی دەتوانی ڤیزەی وڵاتی ئێران بەدەستبهێنیت.
$تێچووی گەشتکردن بۆ وڵاتی ئێران بەڕێژەی لە 60% کەمیکردوە$
بەختیار حاجی، هاووڵاتیەکی دەڤەری ڕاپەڕینە و بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم گەشتی وڵاتی ئێرانم کرد و گەشتەکەشمان تەنیا بوو بۆ بینینی شوێنە گەشتیاری و سەرنجڕاکێشەکانی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەوەی تێبینیمان کرد ئەوە بوو کە تێچوی گەشتکردن بەراورد بەساڵی ڕابردوو یاخود چەند مانگی ڕابردوو بە ڕێژەی لە 60% دابەزیبوو.
بەختیار باسی لەوەشکرد، ساڵانی ڕابردوو تێچوی مانەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ئێران و سەردانیکردن شوێنە گەشتیارییەکان و خواردنی باش و هۆتیلی باش نزیکەی 1000 دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام ئەو لە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ هاوڕێکانی تەنیا نزیکەی 400 دۆلاری ئەمریکییان خەرجکردووە.
$هاووڵاتیان خواستیان لەسەر کڕینی فەڕشی ئێرانییە$
عەباس عەلی، خاوەن نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە پشدەر لە باسی چۆنیەتی خواستی هاووڵاتیان بۆ کڕینی کەلوپەلی ئێرانی بە دواڕۆژی وت لەگەڵ دابەزینی نرخی تمەن بەشێکی زۆر لە خەڵکی دەڤەرەکە ڕوویان کردۆتە وڵاتی ئێران بۆ کڕینی کەلوپەل و بە تایبەت فەڕشی ئێرانی، چونکە ئەو بەرهەمانەی کە ئێران لە ناوخۆی وڵاتان دروستیان دەکات نرخی بەرزنەبۆتەوە.
شێوازی هێنانەوەی کەلوپەل لە ئێرانەوە بۆ هەرێم بەو جۆرەیە کە کەلوپەلەکە لە شارەکانی ئێرانەوە دەگوازنەوە بۆ مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و لەوێشەوە بۆ شوێنی مەبەست لەناو هەرێم.
زیاتر وتی جیا لەوەی کە هاووڵاتیەکی زۆر سەردانیان دەکەن بۆ کڕینی تمەن کە ئەوان ڕاستەخۆ دەچن لە وڵاتی ئێران کەلوپەل دەکڕن هاوکات ڕۆژانە بەشێکی تر لە هاووڵاتیان سەردانیان دەکەن بەمەبەستی ناردنی پارە بۆ وڵاتی ئێران بۆ ئەوەی لەوێ لە لایەن کەسوکار و هاوڕێیانیان چەند کەلوپەل و پێداوستییەکی دیاریکراویان بۆ بکڕن بە تایبەت فەڕش.
$گەشتکردنی زۆر و کڕینی کەلوپەلی زۆر زیانی بۆ ئابووری هەرێم هەیە$
نیهاد خالید، پسپۆڕی ئابوری و مامۆستای زانکۆ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ڕاستە نرخی تمەن دابەزیوە و هاووڵاتیانی هەرێم سودیان لەو دابەزینە بینیوە بەکڕینی کەلوپەل و گەشتکردن بۆ ئێران بەنرخی هەرزان، بەڵام لە بەرامبەردا هەم گەشتکردن بەو ڕادە زۆرە و کڕینی کەلوپەلی بەو شێوە زۆرە بە زیان بۆ ئابوری هەرێم دەشکێتەوە.
ئه و مامۆستایەی زانکۆ ڕاشیگەیاند، زیانە ئابوورییەکە بەو جۆرەیە کە زیاد لە پێویست پارەی هاووڵاتیان هەرێم دەڕوات بۆ وڵاتی ئێران، هاوکات جارێکیتر پارەکە ناگەڕێتەوە بازاڕەکانی هەرێم و زیاد بەکارهێنان دروستدەبێت، چونکە هێنانی ئەو هەموو کەلوپەلە ساغکردنەوەی دەوێت، بۆیە ئەمە دەبێتە زیان بۆ ئابوری هەرێم، بەگشتی لەم دۆخە چەند تاکێک قازانج دەکات، بەڵام بۆ کۆی گشتی ئابوری هەرێم بە زیان دەوەستێت.[1]
#22-08-2018#