دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو لە ژنان و کچان گەیشۆتێکی ئاستێکی مەترسیدار، بەرپرسێکی بەڕێوەبرایەتی گشتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانیش دەڵێت: ترسی ژنان و کچان لەخێزانەکانیان ڕێگە نادات سکاڵای یاسایی تۆماربکەن.
گیان لەدەستدانی پەرواز حوسێنی 18 ساڵ بەهۆی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە، یەکێک له و دەیان دۆسیانەی کە ڕۆژانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان تۆماردەکرێت.
هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ژنان و کچان لە هەرێمی کوردستان بە دوو شێواز ئەنجامدەدرێت، شێوازی یەکەمیان لەڕێگەی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا و پەیوەندیکردنەوەیە و تیایدا ئه و کەسەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکان دەکات ناسراوە چونکە پێشتر خۆشەویستی بووە، بەڵام جۆری دووەمیان کە بەوتەی بەرپرسانی توندوتیژی دژی ئافرەتن گەیشیۆتە ئاستێکی مەترسیدار ئه و جۆرەن، کە لەڕێگەی ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەژمارە وەهمییەکانەوە وێنە و ڤیدیۆی نەشیاویان دەستکەوتووەو ڕۆژانە وەکو هەڕەشە دژی ژنان و کچان بەکاریدەهێنن.
لەوبارەیەوە ئاری ڕەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێم، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: بەڕاستی کەیسەکانی هەڕەشەکردن لە کچان و ژنان بۆتە کەیسی ڕۆژانە و ژمارەیان زۆر بووه و کەیسەکانیش دوو شێوەن، بەشێک له و کچ و ژنانەی کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاویان لێ دەکرێت، خۆشبەختانە ڕاستەوخۆ سکاڵا تۆماردەکەن و کەیسەکانیان لە دادگا یەکلایی دەکرێتەوه و ئەوانەی هەڕەشەیان کردووە سزای توند دەدرێن.
لەبارەی جۆری دووەمی هەڕەشەکان، ئاری ڕەفیق، دەڵێت: شێوازی دووەمی کێشەکان زۆر مەترسیداره و ئەوانەن کە لەڕێگەی هەژمارە وەهمییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وێنە و ڤیدیۆی نەشیاویان دەستکەوتووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دەکەن، بەڵام جێگەی هەڵوەستکردن ئەوەیە کە بەشێک لە کچان و ژنان لەترسی خێزانەکانیان ناتوانن ڕاستەوخۆ سکاڵا تۆماربکەن بەڵکو لەڕێگە تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان پێوەدەکەن.
رونیشیکردەوە: ئافرەت و کچانی هەڕەشەلێکراون داوای گەرەنتی دەکەن و بەشێکی دیکەشیان هەڕەشەی خۆکوشتن و خۆسوتاندن دەکەن، بەڵام چارەسەرکردنی ئه و کێشانە زەحمەتە و ئێستا من خۆم چوار کەیسی لەو جۆرەم لەبەردەستە.
بەپێی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی (2008)ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، دۆسیەکانی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی ئافرەتان چارەسەردەکرێت، بەڵام بەشێک له و ئافرەتانەی هاوسەرگیریان کردووە، بە جیابوونەوە کۆتایی دێت و ئەوانەشی هێشتا هاوسەرگیریان نەکردووە، زۆربەی بە خۆکوشتن و خۆسوتاندن کۆتایی دێت.
بەوتەی ئاری ڕەفیق، زۆربەی ئەوانەی تووشی هەڕەشە لێکردن دەبنەوە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵیدان و ئەوانەی شوویان نەکردووە خۆیان دەکوژن ئەوانەی شویان کردووە بە جیابوونەوە کۆتایی دێت.
#وەزارەتی ناوخۆ#ی هەرێم لەڕێگەی شەش بەڕێوەبەرایەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندتیژی دژی ئافرەتان و 28 نوسینگەی شارۆچکەکان دەیەوێت چارەسەری ئه و کێشانە بکات. بەڵام بەبڕوای ئاری ڕەفیق چارەسەرکردنی ئه و دۆسیانە پێویستی بە ڕیفۆریمی کۆمەڵایەتی هەیە، دەشڵێت: ئێمە کاری زۆرمان کردووە بۆ هۆشیاکردنەوەی کۆمەڵگە لەڕێگەی سمینار و وۆرک شۆپ و کۆنفراسەوە، بەڵام ئه و کێشانە پێویستی بە ڕیفۆرمێکی کۆمەڵایەتی هەیە.
هەرچەندە دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم نوێنەری خۆی بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکانی ئافرەتان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی ئافرەتان و دادگا دەنێرێت، بەڵام تۆمارنەکردنی سکاڵا کێشەکانی قووڵتر کردۆتەوە.
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بەدواڕۆژی وت: ئه و کەیسانەی ڕەگەزی تاوانی تیایە ئەوانە دەبێت لە دادگا سکاڵایان بۆ تۆماربکرێت، بەڵام ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و تاوەکو کێشەکانی یەکلایی دەکرێتەوە چاودێری دەکەین و تەنانەت نوێنەری یاسایی خۆمان دەنێرێن بۆ دادگا.
هاوکات پارێزەرێک ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی ئەو کچ و ژنانەی ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبنەوە، لەترسی خێزانەکانیان ناوێرن سکاڵا تۆماربکەن و لەکاتی ئاشکرابوونیان، خۆیان دەکوژن.
رێبین سەباح، پارێزەری دۆسیەکانی تاوان بۆ دواڕۆژی ڕونکردەوە: دەزگا پەیوەندارەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان، بەشێوازی تایبەتی خۆیان ئه و کەسانە دەدۆزنەوە کە هەڕەشە دەکەن، بەڵام نابێت شێوازی ئه و کارانە لەمیدیا بڵاوبکرێتەوە بۆئەوەی ئه و کەسانەی هەڕەشەیان کردووە خۆیان دەرباز نەکەن.
وتیشی: ئافرەتان و کچانی هەڕەشە لێکراون پێویستە سکاڵا تۆماربکەن بۆئەوەی کێشەکانیان چارەسەربکرێت، هەروەها نابێت ئافرەتان خۆیان بکوژن، بەڵکو پێویستە بەڕێگەی نهێنی کێشەکەیان بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان باس بکەن و دەتواندرێت چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.[1]
#20-09-2018#