ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی زیادبوونی کوشتنی ژنان، لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، و تێیدا تیشکی خستووەتە سەر هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و کوشتنی ژنان، لە بەرامبەریشدا داوا دەکات ژنان خۆیان بەڕێکخستن بکەن.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان و کوشتنی ژنان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز هاتووە، ڕژاک، ڕایدەگەیەنێت، کە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان، ئەو داگیرکارییانەیە کە دەوڵەتی تورک بە هاوکاری هێزە پاوانخوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دەدات لە باشوری کوردستاندا، بۆ ئەوەش نمونەی ئەو توندوتیژی و هێرشانە دەهێننەوە، کە لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە دانیشتوانی کورد و ژنانی کورد لە ناوچە دابڕاوەکان، بەتایبەت دانیشتووانی شارۆچکەی #خورماتوو# ئەنجامدرا، کە لەناویشیاندا دەستدرێژی بۆ سەر ژنان هەبوو، ڕژاک، هۆکاری ئەو توندوتیژییانە بۆ هاندانی ڕق و کینەی نەتەوەکانی ئەو ناوچانە دەگەڕێنێتەوە بەرامبەر یەک، لەلایەن دەوڵەتی تورک و دەوڵەتانی دیکەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕژاک دەڵێت: هەموو ڕۆژێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، هەواڵی کوشتنی ژنان دەبیسترێت، بە گویرەی ئامارێک کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز، بڵاو کراوەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 238 کەس که زۆربەیان ژنن کوژراون و خۆیان کوشتووە، ئەقڵییەتی داگیرکاری، شەڕخواز و چەوسێنەری پیاوسالاری لە کۆمەڵگادا ژنانی کردووەتە ئامانجی شەڕی دەسەڵاتخوازی خۆیان، بەم ڕێگایەدا دەیەوێت هێزی ژنانی ئازادیخواز نەبێتە ئیرادە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنداروەکەیاندا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، تیشکییان خستووەتە سەر کاریگەری ئەو شەڕ و ناکۆکییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا هەیە لەسەر ژنان، دەڵێن، کە ئەو داگیرکارییانە وایکردووە، کە توندوتیژییەکان لە بەرامبەر ژناندا، تەنها لەلایەنی فیزیکییەوە ئەنجام نەدرێت، بەڵکو سەریکێشاوە بۆ توندوتیژی کلتوری و کۆمەڵایەتی، بەشێوەیەک دەستدرێژی بۆسەر خاک لە هەندێک جێگادا گۆڕدراوە بۆ دەستدرێژی بۆسەر ژنان.
ڕژاک، لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیاندا، داوای خۆبەڕێکخستنکردنی ژنان دەکەن لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت و دەڵێن: گرنگە وەکو ژنانی کورد، بەرامبەر بەم هێزە داگیرکارانە، کە دەستدرێژییان لەسەر خاک و جەستەمان کردووە، لە ئاستی کوردستان و عێراق دا خاوەن هەڵوێستێکی هاوبەش بین، بەتایبەت لەم قۆناغەدا، که کوردستان بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، ناکرێت بێدەنگبین و تەنیا چاوەڕوانی بکەین، بۆیە داوا دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵکوژکردنی ژنان و کۆی گشتی گەلی کورد، با چالاکی و هەڵوێستی هاوبەشمان هەبێت.[1]
#14-10-2018#