ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 64 پەنابەری دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و ژمارەی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 18 هەزار کەس.
هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ڕاگەیاند هاتنی پەنابەران لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان بەردەوامە، لە ماوەی 24 کاژێری ڕابردوودا 64 کەسی دیکە گەیشوونەتە هەرێمی کوردستان.
هۆشەنگ محەممەد باسی لەوە کرد، بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕەوە بەگشتی تاوەکو ئێستا 18 هەزار و 226 پەنابەری ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن هەن.
هاتنی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دەستپێکردنی هێرشی سوپای تورکیا و سوپای نیشتمانی سووریای نزیک لە تورکیا دێت بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کە لە 9-10-2019 دەستیپێکرد. یەکەم کاروانی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستانیش لە 14-10-2019 گەیشتە هەرێمی کوردستان.[1]