لە مێژووی گەلاندا هەندێک ڕووداو هەن کە دواجار ئەبنە سومبوڵ و هێمای بوونی مێژوویی ئەوان. نەورۆزیش لە بوونی مێژوویی ئێمەدا یەکێکە لەو ڕووداوانە. نەورۆز لەسەر بنەمای تێکۆشان دژی چەوسانەوەو ژێردەستی هاتۆتە گۆڕێ. لە دژی زوڵم و زۆر و داگیرکاریی و کۆیلایەتی بۆتە ئەستێرەی ئاسمانی ئازادی و ڕزگاریی.
لە پرۆسەی درێژی تێکۆشاندا، خەڵک سەرکەوتنەکانی خۆیان وەک دەستکەوت ئەهێڵنەوەو ئەیکەنە سومبوڵێکی شادی. نەورۆز بە هێمای ئاگرەوە بۆتە ڕووناکیی ڕێی ڕزگاری و ئازادی. هەروەک چۆن نەورۆز بۆ خەڵکی کورد بۆتە نمونەی تێکۆشان و سەرکەوتن، بە هەمان ناوەرۆکی شۆڕشگێڕیەوە بووە بە جەژنی زۆرێک لە خەڵکی ڕۆژاوای ئاسیا.
هەمیشە دەسەڵاتداران ئەو جەژنانەیان لە خەڵک قەدەغە کردووە کە پڕ ناوەرۆکن و بوون بە سومبوڵی تێکۆشان لەدژی ژێردەستی. کۆت و بەندیان لەسەر داناون. ئەوانەش کە پیرۆزیان کردوون، بە خائین و دوژمن ناوزەدیان کردوون.
دەولەتی ئێران هەرچەند بە فەرمی یادی نەورۆز ئەکاتەوە، بەڵام کاتێک خەڵکی کورد ئاهەنگی نەورۆز ئەگێڕن، هێرش ئەکەنە سەریان و لێیان قەدەغە ئەکەن. ڕژێمی بەعسی ئێراقیش هەمان ڕەفتاری ئەکرد و نەیئەهێشت خەڵک بەدڵی خۆیان ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن. ڕژێمی بەعسی سوریاش بە هەمانشێوە سەبارەت بە نەورۆز درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی نەیارانە بووە. لە ناو دەوڵەتانی داگیرکەردا، هەرە نەیاری نەورۆز دەوڵەتی تورکیا بوو. هەتا ساڵی 2010 ش تورکیا زۆر بە توندی قەدەغەی خستبووە سەر نەورۆز. نەورۆزی وەک جەژنی تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست ئەناساند. بەڵام ڕێگای نەئەدا کە کوردان نەورۆز پیرۆز بکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەبوو کە کوردو کوردستانیان ئاهەنگی نەورۆزیان بە ناوەرۆکی خۆیەوەو بە ئامانجی ئازادی و ڕزگاریی ئەگێڕا.
ئێستا خەڵکی کوردستان و هاوسەنگەرانیان، بە ڕەنجی خۆیان نەورۆزیان سەپاندووە. لە سەرانسەری کوردستان و هەندەران بە هەمان ناوەرۆکە شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازیەکەیەوە، بە شادییەکی زۆرەوە ئاهەنگی نەورۆز ئەگێڕن. خەڵکی کوردستان بە تێکۆشانی ڕەوای خۆی ملی بە داگیرکەران کەچ کرد کە ئیتر ناتوانن نەورۆزی لێ قەدەغە بکەن. کوردان لە هەر جێیەک، لە شارو گوند و زیندانیشدا نەورۆزیان کردۆتە سەنگەری خەباتی ئازادی و ڕزگاری.
ئەمڕۆ ئاگری نەورۆز لە هەموو کوردستاندا گەشاوە ترە. لە باشوورو ڕۆژاوا بە فەرمی ئاهەنگ ئەگێڕن. لە ڕۆژهەڵات و باکوریش وەک سەنگەری تێکۆشان یاد ئەکرێتەوەو بەردەوام گڕو بڵێسەی بڵندتر ئەبێت.
یەکێکی تر لە هێما گرنگەکانی نەورۆز، نەتەوەییبوونیەتی. نەورۆز جەژنێکی میللی و نەتەوەییە. نەورۆز باوەشی بۆ هەموو لایەکی کۆمەڵگە کراوەتەوە. پێویستە نەورۆز لەم ڕۆژە دژوارانەی خەباتدا ئەو لایەنە گرنگەی خۆی پەراوێز نەخات و پێشی بخات. پێویستە نەورۆز ببێتە ئەو هێمایەی کە ئیتر داگیرکەران نەتوانن درز بخەنە ناو بزاڤە نەتەوەیی و ڕزگاریخوازەکانی کوردستانەوە.
هەروەک هەموو خەڵکی دنیا، ئێمەش ئەمساڵ لە دۆخێکی ناهەمواردا نەورۆز پیرۆز ئەکەین. ماوەیەکە ڕۆژەڤی سەرەکیی دنیا پەتای کرۆنایە.ئەم پەتایە بەداخەوە سەرانسەری ولاتی ئێمەشی گرتۆتەوە. ئێمەش وەک هەموو دنیا پێویستە ئامادەکاریی و ڕێی و شوێنی خۆپراستنمان لە بەرامبەریدا هەبێت. ئەگەر چی لەبەر ئەو هۆکارەش ئەمساڵ ناتوانین وەک سالانی پێشوو ئاهانگ و بۆنەی نەورۆز بە فراوانی بەڕێوە ببەین. لێ بە هەمان ڕۆحی بەرخۆدان نەورۆز لە هەموو گەلی کوردستان و ئازادیخوازانی دنیا پیرۆز ئەکەین.
لەم قۆناغە گرنگەی خەباتی ڕزگاریدا، پێویستە نەورۆز ببێتە مەشخەڵی ڕووناکی بۆ یەکڕیزی و هەماهەنگی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەم بیروباوەڕەوە نەورۆز لە تەواوی کوردو کوردستانیان پیرۆز ئەکات.
با نەورۆزی ئەمساڵ ی 20120 ببێتە سەنگەری تەبایی و هەماهەنگی ناوخۆیی و سەرکەوتنی زیاتر.
نەورۆزتان پیرۆزبێت!
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک.ن.ک
#20-03-2020#