کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، گەرمترین پیرۆزباییمان ئاڕاستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، ئەنفال، پێشمەرگە، کەمئەندامان، کارمەندانی تەندروستی و سەرجەم چین توێژەکان دەکەین.
هاوکات، لەگەڵ یادی نەورۆز و سەری ساڵی کوردیدا، یادی ئازادکردنی #کەرکووک#ی قودسی کوردستان دەکەینەوە کە لە نەورۆزی 1991 هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێبەرایەتی جەنابی مامجەلال، ڕێبەری شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، بڵێسەی ئاگری نەورۆزیان لە کەرکووکی قودسی کوردستاندا کردەوە.
هاووڵاتییانی خۆشەویست، نەورۆزی ئەمساڵ هاوتەریبە لەگەڵ دۆخێکی سەخت و نەخوازراو، بەبۆنەی بڵاو بوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و ناسەقامگیری ئابووری و سیاسیی ناوچەی و جیهانییەکانەوە؛ لە هەمان کاتدا، دڵنیایین بە خۆڕاگری میللەتەکەمان و هێزی بەرپرسیارێتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دەتوانین وەکو هەموو دۆخە سەخت و دژوارەکانی ڕابردوو پێکەوە زاڵبین بەسەر ئەم دۆخە نەخوازراوە و هەنگاوبنێین بەرەو کوردستانێکی ئارام و دوور لە بەڵاو ناخۆشی.
لەم کاتە هەستیارەدا، بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی تایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ و کارمەندانی تەندروستی و خۆڕاگری ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکەین، کە ماندوونەناسانە تێدەکۆشن و شەو و ڕۆژیان کردووە بە یەک بۆ پاراستن و دڵنیایی دان لە سەلامەتی و تەندروستی تەواوی کوردستانییان لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا.
بۆیە داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و پڕ ئیرادەی گەلەکەمان دەکەین، کە پێکەوە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بین و نەورۆزی ئەمساڵ لە ماڵەکانماندا بکەینەوە بۆ ئەوەی هاوکار و پشتیوانی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ بین بۆ ئەوەی بە ئیرادەیەکی بە هێزەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرکەوتنێکی مێژوویی و مرۆیی بەسەر ناخۆشی و نەخۆشییەکان تۆماربکەین.
دووبارە نەورۆزتان پیرۆزبێت و کوردستانێکی ئارام و خزمەتگوزار بە ئاوات دەخوازین بۆ هەموو لایەکتان، و دڵنیاشتان دەکەینەوە کە فراکسیۆنەکەتان دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی داخوازییەکانتان و هێزێکی بەگوڕی دەبێت بۆ بە کرداریکردنی داواکانتان لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە.
فراکسیۆنی سەوزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
#20-03-2020#