بە گەرمی پيرۆزباييی جەژنی نەورۆز و ساڵی تازەی کوردی له خێزانی سەربەرزی شەهيدانی کوردستان و تەواوی گەلی کورد و کوردستانييان لە هەر کوێ بن و هەموو ئه و گەل و ميللەتانە دەکەم کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن.
لەم بۆنەيەدا دەمەوێ بەتايبەتی پيرۆزباييی جەژنی نەورۆز و سوپاس و دەستخۆشی لە تەواوی تيمە پزيشکی و تەندروستييەکان و پۆليس و ئاسايش و زێرەڤانی و پێشمەرگە و کارمەندانی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورييەکان و هەموو ئه و لايەنە پەيوەندارانە بکەم کە لە ڕيزی پێشەوەدا بەرەنگاری پەتای کۆرۆنا و مەترسييەکانی بوونەتەوە، بۆ ئەوەی گيانی هاووڵاتييان بپارێزن. ئەوان بۆ پاراستن و ڕزگارکردنی ئێمە لەسەر کارن و ئێمەش بۆ هاوکاريی هەمووان، دەبێ لە ماڵ بمێنينەوە.
نەورۆزی ئەمساڵ لە دۆخێکی سەختدا دێتەوە کە هەرێمی کوردستانيش وەک زۆربەی وڵاتانی جيهان ڕووبەڕووی مەترسييەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتايە بووەتەوە. لەم دۆخەدا دەبێ هەموومان پابەندی ڕێنماييەکانی ڕێکخراوی تەندروستيی جيهانی و وەزارەتی تەندروستی و لايەنە پەيوەندارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بين.
نەورۆز جەژن و هێمای سەرکەوتنە و دەبێ وەک هەميشە هێز و ورەمان بداتێ. بە پابەندی و هاوکاريی هاووڵاتييان لەگەڵ لايەنە پەيوەندارەکان، ئەم سەختييەش تێدەپەڕێنين و سەردەکەوين. لە کۆنەوە گەلی کورد و کوردستانييان به گەشت و سەيران و کردنەوەی ئاگری نەورۆز ڕاهاتوون، بەڵام بۆ ئەم ساڵ و لەبەر ئەم دۆخە، با هەموومان پابەند بين و لە ماڵ بمێنينەوە. با بە داگيرساندنی مۆمێک لە ماڵ ئاگری نەورۆز بکەينەوە و هيوای سەرکەوتن و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بخوازين، گەشت و سەيران، بۆ دوای تێپەڕاندنی سەختييەکان بن.
هاووڵاتييانی ئازيز..
چ بۆ ئه و دۆخەی بەهۆی پەتای کۆرۆنا و لێکەوته هەمەلايەنەکانييەوە هاتووە و دێتە ئاراوە، چ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخ و پێشهاتە سياسييەکانی عێراقيش بێت، هەرێمی کوردستان دەبێ تەبايی و يەکڕيزی و کاری پێکەوەيی و ئەوپەڕی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان لايەنە سياسييەکاندا بپارێزێت. هەمووان بە گيانێکی بەرپرسانەی نيشتمانييانە و لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی باڵای هەرێمی کوردستان بجووڵێنەوە، ئێمەش لە سەرۆکايەتيی هەرێمی کوردستان لەسەر کارکردن بۆ ئەم ئامانجە بەردەوام دەبين.
لەسەر ئاستی عێراقيش دووپاتی دەکەينەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەميشە هاوکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەيرانەکانی وڵات و دروستکردنی سەقامگيری و سازانێکی سياسی لە عێراق، پشتگيريش لە حکوومەتێک دەکات کە داوا و مافە ڕەواکانی گەل و پێکهاتەکانی عێراق دەستەبەر بکات و تايبەتمەندی و مافە دەستوورييەکانی هەرێمی کوردستانيش بپارێزێت.
جیهان ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە بە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت. ئەو پەتایە ژیانی مرۆڤی لەڕووی تەندروستی و ئابوورییەوە خستووەتە دۆخێکی یەکجار چاوەڕواننەکراوەوە کە تێپەڕاندنی پێویستی بە لێکگەیشتن و هاوکاری و هەماهەنگییەکی گەورەی جیهانییە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان هەرچی زووە ڕۆڵی خۆیان لەپێناو کەمکردنەوەی زیانەکانيدا بگێڕن، هەرێمی کوردستانيش هاوکار دەبێت.
خوای مەزن کوردستان و کوردستانييان و تەواوی گەلانی جيهان بپارێزێت. جەژنی نەورۆز لە هەمووتان پيرۆز بێت، هيوادارم جەژن و بۆنەکانی داهاتوو لە کەش و دۆخێکی باشتردا بکەينەوە.
نێچيرڤان بارزانی
#20-03-2020#