کرێکاران و ڕەنجدەرانی جیهان، بە ڕەنج و ئارەقی ناوچەوان و خەباتی بەردەوام، 1ی گوڵانیان کردە جەژنی یەکێتی تێکۆشان و هاوپشتیی جیهانیی خۆیان. ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا ئەو ڕۆژە پیرۆز ئەکرێ. ڕۆژی 1ی گوڵان لە کرێکارو زەحمەتکێشانی کوردستان و هەموو جیهان پیرۆز بێت.
جەژنی 1ی گوڵان لە کانە بەردەکانەوە، لە تونێلەکانی دەرهێنانی خەڵوزەوە کە سەدان کیلۆمەتر لە ژێر زەویییەوەن، لە سەر دیوار باڵەخانەکانەوە، لە کارگەو کێڵگەکانەوە و لە سەنگەری هەوڵ و تەقەلای ژیاندا بەدەست هاتووە، بەرهەمی خەباتێکی زۆر و بێوچانە. 1ی گوڵان هەر خۆی وەک جەژنێک، ڕەنج و ئارەق ڕشتنە، هێزو وزەی بیر و هزری مرۆڤایەتییە. ڕژێمە زۆردار و داپڵۆسێنەرەکان هەمیشە یادکردنەوەی ئەو ڕۆژەیان قەدەغە کردوە، هەزاران گرفت و چەڵەمەیان خستۆتە بەردەم کرێکاران و ڕەنجدەران و هەموو خەڵک تاکو نەتوانن ئەو جەژنی ڕەنجە پیرۆز بکەن. بەڵام هەرگیز کرێکاران و زەحمەتکێشان سەریان بۆ زۆردارانی دەسەڵاتدار نەوی نەکردووە، درێژەیان بە خەبات داوەو لە سەنگەری بەرخۆداندا یادی ئەو ڕۆژەیان کردۆتەوە. خەڵکی کوردیش لە وڵاتی دێرینی خۆیان ئەو ڕۆژی کار و ڕەنجەیان وەک جەژن قبوڵ کردووەو هەمیشە بە هەست وجۆشێکی زۆرەوە پیرۆزیان کردووە.
هەموو ساڵێک گەلی ئێمەو کرێکارو ڕەنجدەران بە جۆشێکی زۆرەوە ئەڕژێنە مەیدانەکان و ڕۆژی 1ی گولان پیرۆز ئەکەن. بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ئەو دەرفەتە نییە. لەگەڵ ئەوەش هەرچۆنێک بێت، کرێکارو ڕەنجدەران بە شێوازی جیا جیا یادی 1ی ئایار ئەکەنەوە. داخوازییە ڕەواکانی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانیی و ئاشتیی، بە دەنگی بڵند ڕائەگەیەنن. ئەمساڵ گەلی کوردستانیش بە هەمان گیانی تێکۆشان و بەرخۆدان، ڕۆژی کرێکاران و ڕەنجدەرانی دنیا پیرۆز ئەکەن، چونکە ئەویش بەشێک لەو دۆزە مرۆڤایەتییە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان 1ی گوڵان لە کرێکاران و زەحمەتکێسانی جیهان، لە خەڵکی کوردستان و سەرجەم خەڵکی جیهان پیرۆز ئەکات.
01-05-2020
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 2,021 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!