پیرۆزبایی بۆ جەژنی (یەکی ئایار)
بەبۆنەی (یەکی ئایار) جەژنی جیهانی کرێکاران، پیرۆزباییەکی گەرم لە کرێکاران و ڕەنجدەرانی بیروبازوو لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین.
لە ساڵی (1886) نزیکەی (400) هەزار کرێکار لە ئەمریکا بەمەبەستی جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە دیاریکردنی کاتی کارکردن، مانگرتنی سەرانسەریان دەست پێکرد و بەهۆی دروستبوونی توندوتیژییەوە ژمارەیەک کرێکار و پۆلیس بوونە قوربانی. لەو ڕۆژەوە (1)ی ئایار وەک جەژن جیهان کرێکاران دیاریکرا. هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا کرێکاران لەسەرانسەری جیهاندا هەڵوەستە لەسەر گوزەران و مافە چینایەتیەکانیان و پێداچوونەوەو دەکردنی یاسای گونجاوی کار دەکەن.
لە کوردستاندا کرێکاران و ڕەنجدەرانی بیروبازوو وەک چینێکی کاریگەر، سەرباری خەبات و تێکۆشان بۆ دەستەبەکردنی مافە چینایەتیەکانیان لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا و بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێ دا، لە پێشەنگی خەبات بوونە و درێغیان نەکردووە لە قوربانیدان بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
لەدوای ڕاپەرین لەخەباتی مەدەنی و سەندیکایی دا بێوچان بە شێوازی مەدەنیانە و یاسایی و پەرلەمانی تێکوشاون بەئامانجی دەرکردنی یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لەکەرتی گشتی و تایبەتدا و هێنانەدی مافەکانیان و ڕەخساندنی هەلی کار و پاراستنی گوزەرانی کرێکاران.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، وەکو حزبێکی سۆسیال- دیموکرات، لەراپەراندنی ئەرکە چینایەتییەکاندا، کە لە سیاسەتی لە میژینەیەدا چەسپاوه و خەباتی بۆ کردووە، بەردەوام دەبێت لەسەر داکۆکیکردن لەمافە چینایەتی و دیموکراسیی و یاساییەکانی کرێکاران و پشتیوانیکردنی خەباتی کرێکاران. لەم ڕۆژەدا ڕایدەگەیەنین چەسپاندنی بنەماکانی یاسای کاری هاوچەرخی کرێکاران، لەعێراق و کوردستاندا، قوناغ بەقۆناغ چەوساندنەوەی چینایەتی کەم دەکاتەوە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش دابین دەکات.
ئومێدەوارین حکومەتی هەرێم و پەرلەمان و دامودەزگا پەیوەندارەکان هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ باشکردنی ژیانی کرێکارانی کوردستان و هێنانەدی مافەکانیان، لەمڕووەشەوە تیمی (یەکێتی) لە حکومەت و پەرلەمان و ئۆرگانە پەیوەدارەکانی حزب تێدەکۆشن و وەک هەمیشە پشتیوانی مافەکانی کرێکاران و ڕەنجدەرانی بیروبازووی کوردستان دەبن.
جارێکی تر جەژنی (1)ی ئایار له هەموو کرێکاران و ڕەنجدەرانی بیروبازووی کوردستان پیرۆزبێت و دەستی ماندووییان دەگۆشین سڵاویش دەنێرین بۆ ئەو کرێکارانەی لەپێناوی گەلەکەیان و گوزەرانیان شەهیدبوون.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
30-04-2020