هاوردەکردنی مریشکی بەستوو زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش هانا بۆ حکومەت دەبات و دەڵێت، لە ماوەی دوو مانگ و نیودا 35٪ی کێڵگە پەلەوەرییەکان داخراون.
نازم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕایگەیاند، لە ناوەراستی مانگی دووی ساڵی 2020 زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیشتووە و نزیکەی 35٪ی کێڵگە پەلەوەرییەکان داخراون. ئەگەر حکومەت چارەسەرێک بۆ دۆخەکە نەدۆزێتەوە، کیلۆی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان بۆ 250 دینار دادەبەزێت و لە ماوەیەکی کەمدا هەموو کێڵگە پەلەوەرییەکان دادەخرێن.=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:35%;float:Right;=KTML_Quote_Icon=📊=KTML_Quote_Content=لە ماوەی دوو مانگ و نیودا 35٪ی کێڵگە پەلەوەرییەکان داخراون=KTML_Quote_End=
لەبارەی هۆکاری زەرەرمەندبوونیشیانەوە نازم عەبدوڵڵا باس ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاوردەکردنی مریشکی بەستوو قەدەخەکراوە، ئەگەر وایە ئەم هەموو مریشکە بەستووەی لە بازاڕەکاندا هەیە چۆن و لەکوێوە هاتووە؟ وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، لە هەرێمی کوردستانەوە مریشکی بەستوو دێتە عێراقەوە. چەند مافیایەکی گەورە کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن لەپشتی ئەم بازرگانییەوەن و زیانێکی زۆر گەورەیان بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیاندووە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیی ئەم هەموو خەڵکە نەکاتە قوربانیی ئەو مافیاگەرییە.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، ئەگەر سەرۆکی حکومەت، وەزیرانی دارایی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی بە زوورترین کات چارەسەرێکی مریشکی بەستوو نەکەن، ئەم کەرتە دادەڕمێت.
نازم عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات، تێچووی هەر کیلۆیەک مریشک لەنێو پرۆژەکاندا دوو هەزار و 100 دینارە و بە هەزار و 600 دینار لەناو هۆڵەکاندا دەفرۆشرێت، واتە لە کیلۆیەک 500 دینار زەرەر دەکەین، لە کاتێکدا ئێمە داوای هاوکاریی ماددی لە حکومەت ناکەین، ئامادەین باجیش بدەین، تەنیا بۆ ئەوەی نرخێکی جێگیر دابنێت و ئەم کەرتە ڕێکبخاتەوە و ڕێگە لە هاوردەکردنی مریشکی وڵاتان بگرێت. لە کاتێکدا ئێمە توانای خوبژێوییمان لە مریشک هەیە و دەتوانین هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکەشی بکەین.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاشکرای کرد، نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار لەم کەرتەدا هەیە و بەردەوامیش مریشک لە زیادبووندایە، ئەگەر حکومەت پشتیوانیی نەکات، خاوەن پرۆژەکان ناچار دەبن پرۆژەکانیان دابخەن، ئەم کەرتە دادەڕمێت و لەنێودەچێت، جگە لەوەش خەڵکێکی زۆر کە بژێوی خێزانەکانیان لەسەر ئەم کارەیە بێکار دەبن.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و 650 پرۆژەی پەلەوەری و دوو هەزار و 800 هۆڵی یاسایی هەن، هەروەها 450 بۆ 500 پرۆژەی پەلەوەریی نایاساییش هەن.[1]