پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کراونەتەوە، بەڵام بازاڕیان هێشتا سارد و سڕە و نەگەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێش کۆرۆنا. بە گوتەی خاوەن پێشانگەکان، بە نزیکەیی لە 80% مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کەمبووەتەوە و بەراورد بە پێش کۆرۆنا ژمارەی گرێبەستەکانیش زۆر کەمبوونەتەوە.
بێستون فەریق، خاوەنی پێشانگەی ئۆتۆمبێلە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و دەڵێ پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان سنوورەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بکاتەوە، بۆئەوەی جموجۆڵی بازرگانی دروستبێت. بازاڕی ئۆتۆمبێل و زۆرینەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە کڕیارانی ئەو پارێزگایانەی عێراق و بەهۆی داخرانی سنوورەکانیشەوە بەتەواوەتی سست بووە.
میرکۆ جەلال، خاوەنی پێشانگەی ئۆتۆمبێلە لە #سلێمانی#، بە ڕووداوی گوت بەهۆی کۆرۆناوە بازاڕەکانی ئۆتۆمبێل بەتەواوەتی وەستاون، هیچ جموجۆڵێکی بازرگانیی تێدا نەماوە، پێشتر ئەگەر لە هەفتەیەکدا لە هەر پێشانگەیەک 30 گرێبەست ئەنجامدرابێت، ئێستا لە هەفتەیەکدا تەنیا شەش گرێبەست ئەنجامدەدرێت، تەنانەت بازاڕ بەشێوەیەک نەماوە کە کرێی مانگانەی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلیش دابەزیون بۆ نیوەی نرخ.
بەشێک لەو هاونیشتمانیانەی کە دەچنە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، زیاتر بۆ زانینی نرخ دەچن و چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی دۆخەکەن، بەئاسانی کڕین و فرۆشتن ناکەن، زۆربەیان بەهۆی نەگونجاویی نرخەوە بێ کڕین یان فرۆشتن ئۆتۆمبێلەکانیان لە پێشانگەکان بەجێدەهێڵن.
رێبین عەبدوڵڵا، دەیەوێ ئۆتۆمبێل بکڕیت دەڵێ چەند ڕۆژێکە دێمە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل و دەمەوێ ئۆتۆمبێلێک بکڕم، بەڵام نرخەکانیان زۆر گرانە و هەر وەکو پێش کۆرۆنا وایە، بۆیە هیچ جیاوازیی نییە.
ژیلوان بورهان، فرۆشیاری ئۆتۆمبێلە و باس لەوە دەکات ئەگەر کەسێک بیەوێ ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت ئێستا ئەو نرخە ناکات کە خۆی چاوەڕوانی دەکات، بۆیە نایفرۆشێت، چونکە بازاڕ نەماوە و ژمارەی گرێبەستکردنی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە سەرجەم پێشانگەکان کەمبووەتەوە، بۆیە بازاڕ وەستاوە و ئەوەش ژیانی هەزاران خێزانی پەکخستووە.
بەپێی ئامارەکانی #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی ملیۆنێک و 750 هەزار ئۆتۆمبێل هەن لە هەرێمی کوردستان، تێکڕای ژمارەی ترانزێتی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان بۆ هەر مانگێک 20 هەزار ئۆتۆمبێلە.
تەنها لە ساڵی 2019 بە بەهای ملیارێک و 590 ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی ئۆتۆمبێل هاوردە کراون، بەڵام کۆرۆنا ئەوانەی هەمووی گۆڕی و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و جیهانی بەتەواوەتی وەستاند.[1]