لە 19.07.2012دا کۆبانێ یەکەم هەنگاوی شۆڕشی هەڵینا و ئازاد کرا. دواتر بە ئازادکردنی دێریک و #عەفرین# ڕەوتەکە فراوانتر بوو، ئیدی هەنگاو بە هەنگاو سەرانسەری ڕۆژاوای کوردستانی گرتەوە. ئەم بەرەوپێشچوونی شۆڕشە هەر بەردەوامە. سەرەتا سێ کانتۆن (جزیرە، کۆبانێ، عەفرین) دامەزران. لەسەر ئەو بنەمایەش سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دامەزرا. دواتر بە ئازادکردنی #گرێ سپی# و بەستنەوەی هەردوو کانتۆنی جزیرەو کۆبانێ پێکەوە، شۆڕش پێی نایە قۆناغێکی ترەوە. دواتر ناوچە داگیرکراوەکانی وەک #حەسەکە#، هۆل، شەدادی، مینبج، تەبقە، ڕەققەو باکورو ڕۆژهەڵاتی دێرەزور یەک لەدوای یەک ئازاد کران. سیستەمی خۆبەڕیوەبەریی هەنگاو بە هەنگاو جێی خۆی گرت. ئێستاش ڕێکخستنی بەڕێوەبەرێتی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا نوێئەکرێتەوە. ئەنجومەنی گشتی و ئەنجومەنی هەرێمەکان ڕێکئەخرێنەوە.
شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان هەر تەنیا شۆڕشێکی چەکداریی نەبوو لە بەرامبەر داگیرکاریی و دەسەڵاتی هەژمونگەرایی ڕژێمی سوریا. بەڵکو پڕۆژە و مۆدێلێکی خۆ بەڕیوەبەرییە. لەسەر بنەمای ئازادیی، دیموکراسیی، یەکسانی جێندەریی و پێکەوەژیانی گەلان و ژینگەپارێزیی دامەزراوە. ئەم پڕۆژەیە سەرنجی زۆرێک لە دۆستانی کوردستانی ڕاکێشا. لە سەرانسەری دنیاوە بەدەیان دۆست و هاوکار ڕوویان کردە ڕۆژاوای کوردستان. زۆرێک لەوانیش بۆ پاراستنی ئەو مۆدێلە نوێیە گیانی خۆیان بەخت کرد. نەمری و سەربەرزی بۆ هەموو ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان بە ئازادی و پاراستنی ڕۆژاوا بەخشی.
بێگومان بەگەڕخستنی مۆدێلێکی لەو چەشنەو بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە کارێکی هەروا ئاسان و بێ کێشە نییە. بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی هێرشی دوژمنانیا بێت. لەژێر ئابڵوقەی ئابووری چواردەوریدا بێت.
سەرکەوتنێکی دی هەرە مەزنی ڕۆژاوا تێکشکاندنی هێز و دەسەلاتی تاریک و دڕندانەی #داعش# بوو. داعش کە زیاتر لە نیوەی جوگرافیای سوریای داگیرکردبوو، هێزێکی سەربازیی گەورەو دەوڵەتێکی لە ناوچەکەدا دامەزراندبوو. لەسەر دەستی ئازادیخوازانی کوردستان و هاوکارانیان تێکشکاو هەڵوەشا. ئەمە سەرکەوتنێکی مێژوویی شەرڤانانی کوردستان بوو. سەرکەوتنێک کە گەل و هێزی ئێمەی زیاتر بە دنیا ناساند، ڕێگای ئازادی و ئاشتی و چارەسەریی خۆشتر کرد. بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی دی پێرۆزبایی لە #یەپەگە#و #یەپەژە#و #قەسەدە# ئەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ ئەخوازین. بێگومان بۆ ئەم سەرکەوتنەش قوربانی زۆر درا. بە خوێنی سەدان شەهیدو بریندار بەدەستهات. ئێمە هەموومان قەرزاری ئەوانین. بەو بۆنەیەوە ئێمە جارێکی تر لە کەسێتی شەهیدانی ڕۆژاوادا هەموو شەهیدانی کوردستان بە ڕێزوشکۆوە بەبیر دێنینەوەو لەبەرامبەر ڕۆحی پاکیان سەری ڕێز دائەنەوێنین.
بەڵام لەگەڵ ئەم دەسکەوتانەشدا، تا ئێستاش هێرش بۆ سەر ڕۆژاوا، هێرش بۆ تێکدانی سیستەمی خۆبەرێوەبەری بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیا بە ئەرێکردنی ڕوسیا و چاوپۆشی هێزە نێودەوڵەتییەکانی دی، لە سەرەتای ساڵی 2018دا هێرشی کردە سەر عەفرین و داگیری کرد. دوای ئەوەش هێرشی کردە سەر گرێ سپی و #سەرێکانی# و چەند شوێنێکی داگیرکرد. لە هەرێمی عەفرین و هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی دی، گەل و #شەڕڤان#انی ئازادیی بەرخۆدانێکی بێ هاوتایان کرد و تا ئێستاش بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیاو هاوکارانی هەر لەسەر هەڕەشە و هێرش بەردەوامن. نەیارانی گەلی ئێمەو هاوکارانیان بە هەموو توانایانەوە لە کاردان و لە هێرش و پەلاماردانە دڕندانەکانیان نەوەستاون. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەشدا، شەڕی ئازادی، شەڕی دژی داگیرکاریی، بە قارەمانی و دڵسۆزی بەردەوامە.
شۆڕشی ڕۆژاوا، بە فیداکاریی، بە قارەمانی و بە خوێنی پاکڕەوانان سەرکەوتن و دەسکەوتی بەدیهێناو پێشکەوت. بۆ ئەوەی شۆڕش بەرەوپێش بچێت، بۆ ئەوەی گەل و وڵات ئازاد ببێت، قوربانی زۆر درا. بەرخۆدان بە هیممەتی کچان و کوڕانی کوردستان، لەسەرانسەری دنیادا دەنگی دایەوە. بەتایبەتیش بەرخۆدان و پاراستنی کۆبانێ، بوو بە سیمبوڵ و داستانێکی نێونەتەوەیی.
شۆڕشی ڕۆژاوا نەک هەر بەهۆی خۆپاراستن و قارەمانێتی، بەڵکو لەبەرئەوەش کە خۆی خۆی بەڕیوە ئەبات، لەبەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ گەلان و باوەڕە جیاوازەکان، لەبەر خەسڵەتی دیموکراتیانەی خۆی و ڕێکخستنی کۆمەڵگە، لە هەرێمەکدا بووە بە نموونە. بەتایبەیتش کە سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی لە بەرامبەر سیستەمی کۆنی دەسەلاتداریی لە ناوچەکەدا خستۆتە بواری پراکتیکەوە. لەو سیستەمەدا ڕۆڵی ژنی ئازاد بووە بە نمونەیەکی جیهانی و سەرنجی دنیای بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ڕۆڵی ژنی کورد لە شۆڕشی ڕۆژاوادا کەوتۆتە ڕۆژەڤی دنیاوەو بە سەرسامییەوە لە سەر ئاستی جیهان کاری لەسەر ئەکرێت.
هەروەها لەبوای یەکێتی نەتەوەیی هەنگاوی جدی نرا. چەند کۆبوونەوە لەگەڵ پارت و ڕێکخراوە جیاوازەکانی ڕۆژاوا بەڕیوەچوو. گەیشتە ئەنجام و لێکتێگەیشتنی باش.
شۆڕشی ڕۆژاوا بە دامەزراندنی سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ و کۆمەڵگەیەکی دیموکرات، لە هەشتەمین ساڵیادی خۆیدا ئەژی و بە سەرکەوتوویی بەردەوامە.
بەو بۆنەیەوە، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، پیرۆزبایی هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژاوا، سەرەتا لە شەڕڤانانی ئازادی و تەواوی گەلی کوردستان ئەکەین. لە کەسێتی شەهیدانی ڕۆژاوادا هەموو شەهیدانی کوردستان بە بیر دێنینەوە و سەری ڕێز لە بەردەم گیانی پاکیان دائەنەوێنین.
#19-07-2020#