لافاوەکەی ئیمیل زۆلا
ئاکار نەجم
یەکێک له و شتانەی زۆر گرنگە لە نووسینی ڕۆمان یان چیرۆک ئه و سیحرەیە کە خێرا بخوێنرێتەوە. خوێنەر لە خوێندنەوەدا زەوقی تێک نەچێ، یان گیرۆدەبێت و نەتوانێ لە دەقەکە دەرباز بێت. به و مانایە نا کە حیکایەتی پڕوپیرێژن بێ، به و مانایەش نا کە ڕۆمان یان چیرۆک ئەوەندە ئاڵۆز بکرێ خوێنەر تەقەی سەری بێت. دەقی ڕۆمان یان چیرۆک لەگەڵ ئەوەی سادەبێ، بەڵام پڕ مانا بێ. شارەزایانە نووسرابێ. ئەمە خاڵی گرنگ و هەر درەوشاوەی دەقێکی ئەدەبییە. نۆڤڵێتی لافاوی ئێمیل زۆلا کە نووسەر وەرگێڕ ئەردەڵان عەبدوڵڵا وەریگێڕاوە بۆ کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای سەردەمە. لە دووتوێی حەفتا و دوو لاپەڕەدا. دەقێکی ئەدەبی جوان و سادەیە، خێرا دەخوێنرێتەوە. له و جۆرە چیرۆکانەیە کە یەک بینە بە سەعاتێک کەمتریش دەخوێنرێتەوە. چون بابەتەکە بە زمانێکی سادە نووسراوە و بێ گرێ و گۆڵە و خوێندنەوەی خۆشە. ناوەڕۆکی بەرهەمەکەش گرنگە. لافاو سەرەتای گێڕانەوەکەی باسی ژیان و گوزەرانی خێزانێکە کە بەشادی و خۆشی دەژین. ژیانێکی خۆشیان هەیە. نووسەر لە زاری کارەکتەرەکەوە سەرەتا باسی ژیانی ئه و خێزانە دەکات له و گوندەدا، گێڕەوە باسی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دەکات. سەرەتا خۆی دەناسێنێ و پاشان ئەندامانی بنەماڵەکەی دەناسێنێ، ئەوجا دەست بە گێڕانەوە دەکات و دەچێتە سەر ئەوەی چۆن دەژین و چۆن سەرقاڵی کار و ژیانن، تا ئه و کاتەی لافاوەکە هەڵدەستێ و ژیانی ئه و خێزانە و گوندەکە وێران دەبێ و لافاو لەگەڵ ڕەوتی گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا تا دێت بەهێزتر و ترسناک تر دەبێ و ژیانی خەڵکی گوندەکە و لویس ڕۆبیۆ و بنەماڵەکەی دەشێوێت. بەجۆرێک ئاو تا دێت بەرزدەبێتەوە و لە کۆتاییدا هەموو شتێک وێران دەبێ، بنەماڵەی لویس لافاو ڕایاندەماڵێ و ونیان دەکات و دوای کارەساتەکەش یەک یەک تەرمی ئەندامانی بنەماڵەکەی دەدۆزێتەوە.
نووسەر لە سەرەتادا بە ناساندنی کارەکتەرەکە دەستپێدەکات کە لویس خۆی قسە دەکات و دەڵێت تەمەنم حەفتا ساڵە و لە گوندی سان زوری لە دایکبووم. گوندەکە چەند کیلۆمەترێک لە شاری تۆڵوزەوە دوورە. لێرەدا نووسەر لە زاری کارەکتەرەکەوە شوێنی ڕووداوەکە دیاری دەکات و کارەکتەرەکە دەناسێنێ کە کێیە و ژیانی چۆنە. سەرەتای گێڕانەوە یەک بە یەک هەموو ئەندامانی بنەماڵەکە دەناسێنێ، ئه و بنەماڵەیەی کە لە کۆتاییدا بە تراژیدیایەکی سروشتی کۆتاییان دێ.
زۆلا لەم نۆڤڵێتەدا ئیشی لە ناو سروشتدا کردووە. سەرەتا دیمەنی سروشتی گوندێک نیشان دەدات و پاشان بە هەڵسانی لافاو دیسانەوە دۆخی ترسناکی تووڕەبوونی سروشت نیشان دەدات. کاتێ لافاوێکی تووڕە و بەهێز دێت چۆن ژیانی خەڵکی دەشێوێ و وێرانە دروست دەکات. جوانی و سەرکەوتنی ئەم نۆڤڵێتە لەوەدایە کە لە شەش بەش پێکهاتووە و نۆڤڵێتێکی حەفتا لاپەڕەییەوە و یەک ڕووداوە، کارەکتەرێکی سەرەکی هەیە کە گێڕەوەیە و ئەوانی دیکە کارەکتەری لاوەکین. بەرهەمەکە یەک نەفەسە و خێرا دەڕوات. لە ڕووی هونەری چیرۆکنووسینەوە نووسەر سەرکەوتووە، زۆلا نووسەرێکی جیهانییە و شارەزابووە بە کارەکە و زانیوێتی چی دەنووسێ. لە چیرۆکێکی درێژ دا دەبێ یەک ڕووداو و یەک یان دوو کارەکتەر هەبێ. هێڵی گێڕانەوە لە دۆخی ئاسایی ژیانەوە دەستپێدەکات تا ئه و کاتەی باران دەبارێ، وردە وردە لەگەڵ بەهێزبوونی باران دۆخی گێڕانەوە ڕوو لە کارەساتێکی مەترسیدار دەکات. تا ئەوەی لە دوا لاپەڕەکاندا ئه و ترسە لە سروشت دەگات بە مەرگی کۆمەڵێک مرۆڤ.[1]
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 456 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!