ناحیەیەکی #مەخموور# مەترسی بەعەرەب بوونی لەسەرە
تەها عەبدوڵڵا-پیوکەی میدیا
شارەدێی قەراجی سەر بەشارۆچکەی مەخموور، یەکێکە لە ناحیەکانی سنووری ناوچە دابڕاوەکان و لەبنەڕەتدا دانیشتوانەکەی لەهەردوو نەتەوەی کورد و عەرب پێکدێت، دوای ڕووداوەکانی ساڵی2017، تەواوی خێزانە کوردەکان ناحیەکەیان جێهێشت و تاکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە، چاودێرێکی سیاسی و کەسایەتییەکی ناوچەکە ڕایدەگەیەنێت، نەگەڕانەوەی کورد بۆ زێدی خۆیان مەترسی بەعەرب بوونی یەکجارەکی لەسەر ناحیەکە زیاتر دەبێت.
عەبدولڕەحمان مەسعود کەسایەتی مەخموور و چاودێری سیاسی بە PUKmedia ی ڕاگەیاند: دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2017 و لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم لەسنووری ناوچەدابڕاوەکان، تەواوی کوردەکانی ناحیەی قەراج لە سنووری قەزای مەخموور کە ژمارەیان نزیکەی 150 خێزان دەبێت، ناحیەکەیان جێ هێشتووە و تاکو ئێستا نەگەڕوانەتەوە.
وتیشی: ئەو خێزانانە لە گوندێکی نزیک #هەولێر# نیشتەجیبوون، ئەگەر بەو شێوەیە بمێنەوە و نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوا مەترسی بەعەرببوونی یەکجارەکی لەسەر ناحیەی قەراج زیاتر دەبێت، چونکە ئێستا تەواوی دانیشتوانەکەی لە نەتەوەی عەرب پێکدێن.
راشیگەیاند: هەر بۆ ئەوەی ئەو خێزانە کوردانە هیچی تر نەگەڕێنەوە، عەرەبەکانی ئەو ناحیەیە هانی کوردەکان دەدەن خانووەکانیان بەوان بفرۆشن، جگە لەخانووەکان کاردەکەن بەهەمانشیوە زەویە کشتوکاڵییەکانیش لەژێر دەستی کورد لەو سنوورە دەربهێنن.
پێشیوابوو: هۆکاری نەگەڕانەوەی کوردەکانی ناحیەی قەراج بۆ بارودۆخی ئێستای ناوچەکەو نەبوونی بارەگای هیچ حزبێکی سیاسی کوردی دەگەرێتەوە، بۆیە ئەگەر ناحیەکە بەتەواوەتی تەعریب بکرێت، بێگومان کاریگەری لەسەر قەزای مەخمووریش دەبێت، کە تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی قەزاکە دوورە.
ئەو کەسایەتییەی مەخموور کە خۆی دانیشتووی شارەکەشە ئاماژەی بەوەشکرد: مەترسی بەعەرب بوون لەسەر سنووری هەموو ناوچە دابڕاوەکان هەیە، بەڵام ئەوەی تایبەتە بە مەخموور بەهۆی مانەوەی بارەگاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەو قەزایە و جێ نەهێشنتی خەڵکەکەی ڕێگا بە هاتنی عەرەب بۆ قەزاکە نەدراوە.[1]