قوماش 81
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
حەفتەک بەسەر مانەوەمان تێپەڕی لەو ژۆرەی، هەموو شەوێ چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد کەنگی گازمان دەکەن و لە سێدارەمان دەدەن، هێوارەکی نانیان لۆ هیناین، بە هێمنی و بە عارەبی گۆتمە ئێکەکی لەوانەی نانیان لۆ دەهیناین: دەبی کەنگی لە سێدارە بدرێێن؟ ئاوڕەکی ئەولا و ئەولای داوەو گۆتی: ئەوڕۆ گێم لەو زابتەی بوو کە ئەنگۆی بردە مەحکەمەی سەورەی، گۆتی: ئەوڕۆ کتابەکەیان لۆ سەرۆکایەتی کۆمار کردیە هەتا سەرۆک کۆمار ئیمزا بکا، هەر ئیمزا کرا و هاتەوە لێرە لە ماوەی حەفتەکی جێبەجێ دەکرێ، گۆتم: دەبی بێلن خزم و کەسمان سەردانمان بکا؟ گۆتی: دوو ڕۆژ پێشی لەدوویان دەنێرن، ئەنگۆ دەیانبینن، ئەوجە جێبەجێ دەکرێ!
ئەمن کوو وێرام ئەو پرسیارەی لەو کوڕەی بکەم، ئەوە هەر جاری نانی لۆ دەهیناین، کە دایدەنا بەسەبری دەیگۆ: خوا بە هاناتان بێ، ئیشاڵلا قورتار دەبن! نانەکەیان داناو چوونە دەرێ، ئێک لە گیرایەکان گۆتی: ئەوە چی دەگۆ؟ گۆتم: نانەکەی بخۆ، ئەوجە پێت دەرێم! نانمان خوارد و پاشان چایەیان لۆ هیناین، چایەمان دەخواردەوە، گۆتمە جەماعەتی: ئەوڕۆ کتابیان کردیە لۆ سەدامی هەتا ئیمزای بکا و لە سێدارە بدرێین! گۆتیان: دەبی وەها زوو ئیمزای بکا؟ گۆتم: جارەکی لە تەلەفزیۆنی دیتم قسەی دەکرد، دەیگۆ: زۆرجار کتابی لە سێدارە دانی دێتە پێشم ئیمزا بکەم، یەکسەر ئیمزای ناکەم، ماوەکی باش تاخیری دەکەم، دوایێ لەپڕ حاڵەتەکم بەسەر دادێ و دەرێم: یاڵلا با لێی خۆشبم و ژیانەکی نوێی پێ ببەخشم! ئەوجە نازانم ئیمەش ئەوهای لێدێ یان یەکسەر ئیمزای دەکا و لەناومان دەبا، ئەنگۆ بەس دوعای بکەن ئەو دەمەی کتابەکەی دەچتە پێش میزاجی نەگیرابی و توڕە نەبی، زۆر جار توڕەبوون دەور دەبینی لە بڕیار دان، گۆتیان: دەی بەتەمای خوای، پشتمان بەخوای قەیمە و ئیشاڵلا دەرباز دەبین!
دەوری مانگەکی تێپەڕی هیچ دەنگ و باس نەبوو، کەسیش خۆی تێنەدەگەیاندین، هەر ئەوەبوو سبەینان زوو ناویان دەخیندینەوە و پاشان نانەکەیان دەداینێ و تەواو، ڕۆژەکی نانی نیوڕانێیان لۆ هیناین، ئەو کەسەی زگی بەمە دەسووتا، وەکی نانەکەی دانا، زۆر بێتاقەت بوو، گۆتم: خێرە وا بێتاقەتی؟ گۆتی: هیچ نیە، بەخۆم بڕەک بێتاقەتم! گۆتم: ڕاستم پێبرێ، ئەگەر شتەک هەیە با بزانم، گۆتی: چت لێ بشارمەوە سەرۆک کۆمار کتابی لە سێدارەدانینگۆی ئیمزای کردیە و ئەوڕۆ کتابەکە گەیشتیتەوە ئێرە! وەکی ئەو قسەی کرد ڕنگەم لە هەناوی وەهات و ڕەنگم تێکچوو، میزاجم هەمووی گیراو تەواو بێتاقەت بووم، گۆتم: تەواو تازە ئەوەی تروسکایی هیوابی بە لێبوردنی نەمما، هوردە هوردە ژیانمان کۆتایی پێدێ!
کابرا نانەکەی داناو چووە دەرێ، جەماعەت دەستیان بە نان خواردنێ کرد، ئەمن تاقەتم نەبوو نانیش بخۆم، لە دووری وان دانیشتم! وەکی ئەمنیان بەو شێوەی دیت، دەستیان لە خواردنی هەرگرت، هاتنە لای من و گۆتیان: ڕاستمان پێ برێ چبووە؟ فرمێسک لە هەردوو چاوم هاتە خوارێ و گۆتم: تەواو! گۆتیان: چ تەواو؟ گۆتم: ژیانی هەموومان، گۆتیان: لۆ؟ گۆتم: دونێ سەدام کتابی لە سێدارەدانیمەی ئیمزا کردیە و ئەوڕۆ کتابەکە هاتیتەوە! گۆتیان: ئەتوو بە ڕاستتە؟ گۆتم: ئەرێوەڵلا، ئێستا ئەوکوڕە پێی گۆتم، جەماعەت هەمووی زەوقیان تێکچوو، هەریەکەو لە جێی خۆی کەت و تاقەتیان نەبوو، هەریشبستنەوە، گۆتیان: وەڵلاهی هەتا ئەو لەحزەش هیوامان هەبوو لێبوردنەکی گشتی دەربچی، تازە تەواو دەستمان لە دنیایێ شووشت، ئەی ژیان مارئاوا و مردن بەخێربێی!
نازانم ئەو سێ چار ڕۆژە کوو ڕۆیی، هەموومان بێتاقەت، کەس تاقەتی ئەوەی نەبوو قسەکیش بکا، ئەوەی زۆر سوحبەتچی و قسە خۆش بوو، لە هەرهەموومان بێتاقەتتربوو، هەر ئەوەندە نانەمان دەخوارد کە پێی بژین، ئاخر ئەتوو چرکە بە چرکە لە مردنێ نێزیک بیەوە کوو نانت پێ دەخورێ، کوو قسەت پێ دەکرێ و کوو دەتانی پێبکەنی! تاکە خەمی گەورەی من داک و بابم بوو، دەمگۆ: ئێستا ئەگەر ئەو خەبەرەیان گێ لێبی، دەبی چبکەن، کوو لە هۆڕژنی گریانێ بدەن لۆ ئەو کوڕەیان کە هەموو هیوا و ئاواتیان ئەوەبوو ژنەکی لۆ بینن و مندارەکانی ببینن و بۆنیان بکەن! فکرم لە خواردنە خۆشەکانی داکم دەکردەوە، لە داندۆک دروست کردن و ڕێواس کڕینەکانی بەیانی، کە بەخۆو بە دەسکە ڕێواسەکی دەهاتەوە حەوشێ و دەیگۆ: دەبینە کوڕم ئەو خێیەی بینە، دیسان ڕێواسم لۆ کڕی، چونکە دەزانم چەندت حەز لە ڕێواسیە! قەت ئەوەم لەبیر ناچی، جارەکی ڕدێنم دەتراشی، هات لە دیارم ڕاوەستا و گۆتی: دوو سێ تارە مووی سمێرتم بدێ، با هەریگرم، وەکی مردم، لەگەر کفن کردنێ باوێنە ناو دەوم، با ئەو تارە سمێرە سووسنییەت هەتا هەتایێ لە زارم دابی! هەردوو دەستم ماچ کرد و لە بنی درمەوە گۆتم: مەرگم پێش مەرگت کەوی دایە! داکم ڕەنگی تێکچوو و سوڕا بەربیتەوە، گۆتی: ئەتوو کوو ئەو دوعایەت کرد کوڕم، دەترسێم قبوربی و پێشی من بمری و ئەمن ئاگرم لە هەناوی بەربی! فکرم لە بابم دەکردەوە، لە جیرانەکانمان، لە خەجەی مام حەمەدەمینی، دەمگۆ ئەو فەقیرە ئێستاش بە تەمای منە، باشە سبەینێ بزانی ئەمن لە سێدارە درایمە دەبی چبکا، تەئکیدم لە پێش داک و بابی شەرمێ دەکا بگرێیێ، لۆیێ دەچیتە ژۆرەکی و تێر تێر دەگریێ، ئەدی هەورین، ئەمن باش دەزانم ئەو ڕۆژەی ملم بە گوریسی وەدەکەن، ئەو مێردە سەرۆک جاشە نامەردەی تەسجیلەکی لە ناوەندی حەوشێ دادەنێ و شریتەکی داوێتە سەرێ و هەموو دەنگی دەداتێ، شریتەکەش گۆرانی: زێڕە، سەرۆکمان زێڕە، زێڕە سەدام زێڕەیە! ئەوکاتی هەورین تێدەگا مەسەلە چیە، ناوێری بە هەردوو چاوانی بگریێ، بەران دری دەبیتە هەوری بەهارێ و بارانی بە گوڕی خەفەت دادەبارێنی!
لەو خەمانە دابووین، زابتەکی سێ ئەستێرە لەسەر شان هاتە ژۆرێ، سێ چار چەکداریش لەگەر بوو، ئەمە هەموو هەستاینەوەو ڕێز بووین، هاتە پێش و بەینەکی تەماشای کردین، ئەوجە گۆتی: خەبەرمان ناردیە لۆ کەس و کارتان بێن سەرتان لێدەن، سبەینێ دەگەنە ئێرە، دەبی هێمن بن لەگەریان و کێشەو گرفتی لۆمە دروست نەکەن، هەر ئێک لەنگۆ سعاتەک لەگەر کەس و کاری دەمینێتەوە، پاشی هەنگی سەر و ڕدێنتان دەتراشین و مەلای دەینین شهادەتان پێ بینن و ئەگەر وەسیەتەکیشتان هەبی پێی برێن، ئیدی ژیان ئەوهایە، ئەوەی ڕوو دەدا خەتای خۆتانە، خۆتان خیانەتتان لەگەر خاک و نیشتمان و سەرۆکی فەرماندە کردیە، ئێستا ئەنگۆ بە سزای گەل دەگەن!
ئەو کوڕەی گۆرانی لۆ دەگۆتین پێشترێ، خۆی پێنەگیرا و یەک بە دەنگی هاواری کرد: ئەی ڕەقیب، هەر ماوە قەومی کورد زمان، نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان! ئەمەش هەموو گەرم بووین و تێکڕا لە دوومان گۆتەوە، زابتەکە و ئەو نەفەرانەی لەگەری بوون چوونە دەرێ، بڕەک پێچوو دە دوازدە کەس هاتنە ژۆرێ بە خۆ و بە کێبلەوە، بەناومان کەتن و هەندیان لێداین، هەتا هەموومان لەخۆچووین، ئەمن هەتا چاوم قووچاو ئاگام لەخۆ نەما، دیتم دوو زەلام بە کێبلان لێم دەدەن!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!