قوماش 94
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
شێرۆ ڕەنگی تێکچوو، گۆتم: ڕامەگرە و بڕۆ! گۆتی: دوو هەزار گووللەمان پێوەدەنێن، نەک تڕومبێل ئەمەش دەکەنە بێژینگ، شێرۆ ڕایگرت و چووە خوارێ و لۆلای چەکدارەکان چوو، ئەمن لەناو تڕومبێلی مامەوە، ویستم بچمە جێی شێرۆیی و پێ لێنێم و هەرێم، دوایێ گۆتم: کوو چشتی وا دەکەیی و شێرۆی بەجێدێلی، ئاوڕم داوە پشتەوە بزانم چ لە شێرۆی دەکەن، ئەوان قسەیان لەگەر دەکرد و شێرۆش بە ڕاست و بە چەپ دەستی ڕادەوەشاند، وەختی شێرۆ هاتەوە، هەناسەکم هاتەوە بەرێ و گۆتم: دیارە ئیزنییان دایە، شێرۆ هاتەوە، سواری تڕومبێلی بوو، گێڕی گۆڕی و دەرپەڕی، گۆتم: چبوو؟ گۆتی: با لە قەبرستانی دەرچین ئەوجە پێت دەرێم!
لە قەبرستانی دەرچووین و گۆتمە شێرۆی: دە پێمبرێ چبوو؟ گۆتی: وەڵلاهی لە قورپی گەڕاینەوە، جاشەکی سەگباب شکی لەمن کرد و دەیگۆ: ئەوەم زۆر دیتیە، شک دەکەم لۆ کن خارۆژنم هاتبی، گۆتم: خارۆژنی کێیە؟ گۆتی: هەورینە فەندی قلت، ئەدی ئەو گەوادانە بە سەرۆک جاشەکەی دەرێن خارە و بە هەورینی بابان کۆریش دەرێن خارۆژن! گۆتم: ئەدی کوو قورتار بووی؟ گۆتی: ڕاوەستە با شهادەکی بە هەق بینم، شێرۆ شهادەکی هینا و ئەوجە گۆتی: پێمگۆ کاکە ئەتوو ئەمنت لە قەسابخانەی دیتیە، ئەمن لەوێ ئیشی تەکسی دەکەم، باشبوو قەناعەتی کرد و گۆتی: وەڵلاهی ڕاست دەکەی، پێش ئەوەی ببمە جاش زۆر جار لەگەر بابم دەهاتمە وێ، هەبی و نەبی ئەتووم لەوێ دیتیە! گۆتم: ئەتوو خۆو و بەخت گۆتت قەسابخانە یان جاشەکەت ناسی؟ گۆتی: جاشەکەم ناسی، کوڕی عوزێر قەسابیە، بابی بەینێ دی لەسەر گەوادی کوژرا، گۆتم: ئەرێ شێرۆ ئەتوو دنیاو بنیای دەناسی، گۆتی: شێرۆ قامووسە لەو شارەی، بەس ئەمن مردی ئەتوو زندی ئەگەر ڕۆژەک نەهات بابی ئەو جاشەیان بە پێشمەرگەی سەنگەر نەنووسی، ئەمن شێرۆ قوون کەتی نیمە!
بامانداوە جادەی شەقراوەی، گۆتم: لادە بچین سەرەکی لە داک و بابی بازۆی بدەین، شێرۆ گۆتی: زەرورە؟ گۆتم: ئەرێوەڵلا، گۆتی: شفتیەکی لەگە خۆمان ببەین باشە، گۆتم: ڕاست دەکەی لە کێ شفتیت دیت ڕاگرە، بەینەکی ڕۆیشتین و شێرۆ گۆتی: ئەوە شفتی، ڕایگرت وهاتینە خوارێ، شفتیمان کڕی و سوار بووینەوەو بە ڕێکەتین، شێرۆ تەماشا نەینۆکی تڕومبیێلی کرد، گۆتی: پیکەبەکی پڕی جاش لە دوومانە! گۆتم: بەڕاستتە؟ گۆتی: ئاوڕ دەوە! ئاوڕم داوە ڕاست بوو، شێرۆ پێی لێناو ئەوانیش پێیان لێناو ئیشارەتیشیان دەدایێنێ، گۆتم: شێرۆ زیاتر پێ لێنێ، شێرۆ گێڕی گۆڕی و پێی لێنا، ئەوانیش کەتنە دوومان و دەستیان هەردەشەقاند، گۆتم: شێرۆ ڕێیان لۆ بەردە لەوانەیە بیانەوێ تێپەڕن! شێرۆ ڕێی چۆلکرد، پیکابەکە هاتە تەنیشتەمە و ئیشارەتی دا شێرۆی ڕاگری!
شێرۆ پێشی ڕابگری، گۆتیە من: شهادەی بینە سەرلووس، دەمزانی ئاخیری داکم بە گ...ن دەدەی! گۆتم: هیچ نابی ئیشاڵڵا! شێرۆ ڕایگرت و جاشەکەی پێشەوە گۆتی: ئەوە سعاتەکە ئیشارەتتان دەدەینێ لۆ ڕاناگرن؟ گۆتمان: ئاگامان لێنەبوو، فەرموو ئەمرکە! گۆتی: یان لە ترسان ڕاتان نەگرت؟ ئەمن و شێرۆ چدەنگمان نەکرد، کابرا پێکەنی و گۆتی: کەپی ویل کەپتان لێکەت کەپ، ها بگرن، شێرۆ کەپەکەی وەرگرت و گۆتی: زۆر مەمنون مارتان ئاوابی، باشبوو پیکابەکە تێپەڕی و ئەمن و شێرۆش بڕەک هاتینەوە سەرەخۆ، شێرۆ گۆتی: دە فەرموو دەی ئەو هەموو هەراو هۆریایە لۆ کەپی گەواد بووە، گۆتم: یاڵڵا باژۆ بابڕۆین لۆ ماری بازۆ! گۆتی: وەڵڵاهی هەقی وەیە ئەلێرەت فڕێ دەم و بە عەیاتی لەگە من سواری تڕومبێلی نەبی! گۆتم: کورە دەباژۆ هەی ڕەحمەت لە بابت، ڕۆژەک دادێ لەسەر ئەو هەموو خەباتەی دەتکەنە وەزیری تەندروستی! شێرۆ بەینەکی تەماشای کردم و گۆتی: کێ دەمکاتە وەزیری تەندروستی؟ گۆتم: کورد، وەکی کورد بووە چشتەک! شێرۆ هەتا جڕت بوو لێیدا و ئەوجە گۆتی: ئەمن مردی ئەتوو زندی، ئەگەر عوکمەتی کوردی فەسلی نەکردم شیری ئەو داکەی لەمن عەرامبی!
لە دەرکەی ماری بازۆمان دا، بابی هات کردیەوە، هەر چاوی بەمن کەت، باوەشی پێکردم و تێر تێر ماچی کردم و زۆر گریا، تێر تێر بۆنی کردم و گۆتی: ئەڵڵا بۆنی بازۆت لێدێ! چووینە ژۆرێ، گەلاوێژ خان لەسەر کورسیەکی دانیشتبوو، نەیتانی هەستیتەوە، باوەشی لۆ کردمەوە، باوەشم پێکرد، هەند گریا هەتا خوا دەرێ بەس، لە تەنیشتە وی لەسەر کورسیەکی دانیشتم، گۆتی: وای لۆت گریاییمە و فرمێسکم لۆ ڕێشتی، شەو نەبووە لە شەونوێژی دوعات لۆنەکەم، بریا کوڕم ئەتووش وەکی بازۆی بچووبایە دەرێ و ئەو هەموو دەردەسەریەت نەدیتبا، گۆتم: کێ بزانی ئەوهام بەسەر دێ، کەس نازانی سبەینێ چ ڕوودەدا، بەس بەمن برێ بازۆ کووە و لە کێیە؟ گۆتی: وەڵڵا کوڕم بازۆ لە سویدە، لەوێ ئیقامەی سیاسی وەرگرتیە و خەریکی خیندنێە، گۆتم: خەبەری ویتان پێدەگا؟ گۆتی: وەڵلا نەکو ئەمە تووشی کێشەکی بین تەلەفۆن ناکا، بەس جارەکی لەڕێی کابرایەکی خەبەرمان لۆهات کەوا لە سویدە، گۆتم: ئەمن و بازۆ بەرنامەمان وابوو، ئەمن هەورینی بینم و ئەویش هەنار، داکی پێکەنی و گۆتی: وەڵڵا کوڕم بازۆ سوعبەتی لەگەر کردی، دەنا بازۆ داڵغەی لە خۆخی مام حەمەدەمینی دایە و حەزی لێبوو ئەوی بینی، شەرتبی وەزع بگۆڕێ و بێتەوە یەکسەر لۆی دەچمە داخوازی خۆخەی! گۆتم: ئەی سەختەچی بازۆ، ئەدی کوو قەت لەکنەمن باسی نەکردیە، گۆتی: بازۆ لۆ ئەو شتانە سڕی زۆر قەیم بوو، ئەمان ئەمن بەس لۆ توو و هەورینۆکەی گریاییمە، وەی خەمم خوارد وەکی ئەوهاتان بەسەرهات، ئاخ هەورینۆکە ئاخ، کوو بەو جوانی و جاحێریەی مارت وێران بوو!
دەوری سعاتەکی دانیشتین، دوایێ لەگەر شێرۆی هەستاین و چووینەوە مارەکەی گەڕەکی بیرێژییان، بەڕأزیلیەکەمان داناو کەل وپەلەکەمان هاویشتەوە ناو لادەیی و گەڕاینەوە لۆلای مارێ، لەپێش دەرکەی دە دینارم دەریناو لۆ شێرۆم ڕاگرت، گۆتی: نامهەوێ و هەریگرە، دە دینارم لۆچیە، ئەدی نارێی دەتکەینە وەزیر، دە دینارەکەم لەسەر دەشبولی داناو گۆتم: وەکی بوویە وەزیر هەزار دینارم بدەوە، بەزۆری پارەکەم بە جێهێشت و هاتمە خوارێ، قازمەکەم هینا خوارێ و خواحافیزیم لە شێرۆی کرد، چوومەوە ژۆرێ دیتم داکم و بابم زۆر مشەوەشن، سەلامم کرد و بابم گۆتی: ئەوە لە کێبووی؟ گۆتم: لە ماری بازۆی، چووم سەرەکم لە داک و بابی دا، بابم گۆتی: پێشی هەنگی لە کێبووی؟ گۆتم: بابە لۆ دەپرسی، خوانەخواستە هیچ بووە؟ بابم دەستی لە گیرفانی ڕاکرد و کاغەزەکەی هەورینی دەرینا و لۆی ڕاگرتم و گۆتی: یان لەسەر قەبران بووی؟
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!