گورگ دەڵێ: ماڵت خرابێ (بزن)
ئەگەر لێم دەکا بە هاڕژن
سەو و شوانانم لێ دەکا بە دوژمن.
گورگ دەڵێ: ماڵت خرابێ (گا)
ئەگەر کلکم لێ بادەدا
فاقە بە فاقە گوم پێ فڕێدەدا.
گورگ دەڵێ: ماڵت خرابێ (کەر)
ئەگەر گوێیانم لێ دەکا بە چەپەر
کە دەیگرم ناوێرێ بکا زەڕەزەڕ.
گورگ دەڵێ: ماڵە بابم (مەڕ)
ئەگەر دمی نا لە لەوەڕ
دمم دەنێم لەدووگی تەڕ
ئێستا نابێ لە لەوەڕ.[1]
.هاڕژن: مەبەست لە باڕەباڕی بزنه، کە بۆدەربازکردن لە چنگی دڕندەیەک دەریدەبڕێ.
.چەپەر: وەک پەرژین وایه، گوندییەکان بە شووڵی دار دروستی دەکەن و دەیچنن، بۆ گەلێ مەبەست بەکاردێ.
ئەم پەندانه گفتوگۆیەکن لە نێوان گورگ و چوار ئاژەڵدا، (مەڕ، بزن، کەر و گا)، گورگ دەتوانێت (مەڕ یا کەر) بخوات و لەناویان بەرێت، بێئەوەی بوێرن دەنگ بکەن، یان دەورووبەر ئەگەداربکەنەوە.
بەڵام کاتێک گورگ بیەوێ پەلاماری بزن بدات، دەیکاته باڕەباڕ و سەگ و شوان لەهاتنی گورگ ئاگەداردەکاتەوە.
هەروەها گورگ توانای نییه پەلاماری گا بدات؟ چونکە بەرگری لەخۆی دەکات و شۆقی لێدەدات.
مەبەستی پەندەکە زۆردار و زاڵمە کە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەن، بەسەر کەسانی بێدەسەڵات و داماودا، خۆیان زاڵدەکەن و ماڵیان دەخۆن و لەناویان دەبەن. بەڵام توانایان نییه، لەگەڵ کەسانێکدا بەشەڕبێن کە دەمشڕ و بەهاوارن یان لەخۆیان بە دەسەڵاتترن.