ناونیشانی بابەت: دیوار و بنمیچ و تەشتێ قوڕ
بابەت: کورتە چیرۆک
نووسین: #ژیڤان بەکر خۆرانی#
بەیانییە؛ تیرێژی ڕووناکی لە چاوەکانم دەدەن. لەژێر بنمیچێکی ڕەش و چوار دیواری ڕەساسیدا، چاو هەڵدێنم. دیوارەکان نوقمی پرسیارم دەکەن، بنمیچیش چاودێریم دەکات.
- دیواری یەکەم، لێم دەپرسێ و وەڵامی دەدەمەوە.
- دیواری دووەم، دوو پرسی هەن، من یەک وەڵامی ناتەواو.
- دیواری سێیەم، چوار پرسی هەن و من دوو وەڵامی نەگوتراو!
- دیواری چوارەم، شەش پرسیار و سێ تێبینی، لەگەڵ دوو توانج و ئیدیۆمێک...
هێشتە من وەڵامی تەواوی دیواری دووەم و سێیەمم نەدۆزیوەتەوە، دیواری چوارەم کە خۆی پێ ڕۆشنبیریشە، دێڕەشیعرێکی سەراوقوونیش زیاد دەکات، ئیشێکی قۆڕیشی پێمە، گەرەکیە بۆی بکەم و هەقم نەبێت. دیواری دووەمیش بە وەڵامە یازدە وشەیییە ناتەواوەکەم قایل نییە، لە وەڵامدا سێ پرس و ڕەخنەیەکیشی هەن. بنمیچیش سەیرم دەکا و پێم پێدەکەنێت. نە هیچی بۆم هەیە و نە وەڵامی لێشاوی گلەیی، پرسین، ڕەخنە و نزاکانیشم دەداتەوە. پێنج هەزار پرتەپرتم هەن، سەتوچل یان سەتوچل هەزار بۆڵەبۆڵ، نازانم چەند مەراق و هومێدی عەنتیکە؛ بەردەوام ڕووی پرسەکانیش لە منن، نێزیکەی شازدە ملیار و یەک چاو سەیرم دەکەن، دووسەتوحەوت گوێم لێ قوڵاغن! کەسیش نامبینێ و گوێی لێم نییە. دەپرسم، بە پرسینی دیکە وەڵامم دەدەنەوە. چێشتانە، نیوەی ڕۆژەکەم لە دەستچووە، ئێوارێش هەمان کەسم، دڵەڕاوکێ و دوودڵیم تەواو نابن. ئیتر بووەتە پیشەم، ڕۆژگاری دوورودرێژ دیوارەکان دەپرسن و ناچارم وەڵامی نەبیستراو و نەبینراو بدەمەوە. دەستی لێدەدەن و بە وەڵامەکانیشم قایل نین. بنمیچیش سەیرم دەکا و هەر پێم پێدەکەنێت. نە هیچی بۆم هەیە و نە وەڵامی لێشاوی گلەیی، پرسین، ڕەخنە و نزاکانیشم دەداتەوە. هەزار و پێنجسەت و چواردە داواکاری، وەڵامی پرسی چل ملیۆن دیوار و نۆهەت ملیار پرسی تایبەتیشم لێی هەن. هەزار و نۆسەت و نۆهەتویەک دەستوپێ لەدوومن، کەسیش لەگەڵم نییە! لێی دەپرسم بۆچی؟ ئەو هەر پێدەکەنێ و چاودێریم دەکات...
بە هیوای خەونەکانی پێرێم و دڵخوازی دوێنێم، چاوەکانم لێک دەنێمەوە و بە هەناسەساردییەوە چاوەنۆڕی ئاویلکەدانی سبەینێم، یان ساڵێ تر، دووسبەی، هەزار مانگی دیکە... تا لە میترا و ئەبالیسەکەم بگەم، بزانم بۆچی ئەوانیش لە هیچ ناپرسن و بەرسڤی هیچیش نادەنەوە! دڵنیام ئەوانیش تەشتێ قوڕیان لە بەردەمە، هەر دەپرسن و دەپرسن... چاوەکانم لێک دەنێمەوە، دەبێ منیش خەریکی خۆخواردنەوە و سەرقاڵی ئەو جەنگە نەبڕاوەیەی نێو سەرم ببم!
[1]